١٠ ڕێنمایی بنەڕەتیی بۆ ڕۆژی یەکەمی چوونە سەر کار

دە ڕێنمایی بنەڕەتیی بۆ ڕۆژی یەکەمی کار ✅
ڕۆژانی یەکەمی کارکردن گرنگە، وێنەیەکی باش نیشان بدە لە ڕۆژی یەکەمی کارکردن، بەلای کەم هەوڵ بدە نەنگ دەرنەکەوی، خۆت دوور بگرە لە دڵەڕاوکێ و ڕاڕایی و ئەرێنی بیر بکەرەوە.
ئەم چەند ڕێنماییەی خوارەوە یارمەتیت دەدا لە ڕۆژی یەکەمی چوونەسەر کار.


یەکەم: باش بخەوە 
شەوی پێشتر کە بۆ بەیانییەکەی یەکەمین ڕۆژی کارتە، هەوڵبدە زووتر بخەوی و تەواو بخەویت و پشووی باشت کردبێ، تاکو لە یەکەمین ڕۆژی کاردا پڕ لە وزە و چالاک دەربکەوی و هەست بەلاوازی و ماندوبوون نەکەی، بێگومان ئەو ژینگەی دەچی بۆی نوێیەوە بۆ تۆ.

دووەم: گرنگی بەو جلوبەرگە بدە کە دەیپۆشی
هەوڵبدە جلوبەرگێکی گونجاو لەگەڵ ژینگەی کارەکە بپۆشی، جلوبەرگێکی سادە و ڕێک و پێک گرنگ پاکوخاوێن و گورج وگۆڵ دەربکەوی، کە زیاتر باوەڕ بەخۆبوونت پێ دەبەخشێت.

سێیەم: هەوڵبدە زووتر لە کاتی دیاریکراو بگەیت
ئەمە لە خاڵە بنەڕەتییەکانە، کە یەکەمین ڕۆژی کارتە باشترە لە کاتی دیاریکراودا بگەیت وە ئەگەر زووتریش بێ باشتر، تاکو لەگەڵ أینگەکە ڕادێی و ئاشنای دەبیت، کە دواتر  هاندەردەبێ بۆ ئاسانتر ناسینی هاوەڵانی کار و شێوازی کارکردن.
لەیەکەم ڕۆژەوە درەنگتر لەکاتی خۆی بگەی وێنایەکی نەگونجاو دەبەخشیتە بەرپرسان و بەڕێوبەری کارەکەت کە ناچاری پۆزش و بەهانە هێنانەوە دەبیتەوە.

چوارەم: باوەڕت بەخۆت هەبێ
ڕەنگە لەیەکەم ڕۆژی کاردا هەست بە دڵتەنگی یان ناڕەحەتی بکەی، کە هێشتا کەس ناناسی و لەگەڵ ژینگەکە ڕانەهاتووی، هەوڵ بدە ئەرێنی بیربکەیتەوە، و ئەوەت لەیاد بێ هەمووان بەمەدا تێدەپەڕن لەیەکەمین ڕۆژەکانی کاردا.

پێنجەم: سڵاو لە هاوکارانت بکە
ڕەنگە بەڕێوبەر یان بەرپرسەکەت بتناسینێ بە هاوکارانت، بەپێی جۆری کارەکە دەکرێ کارمەندانی تر خۆینا بێنەلات، بەشێوەیەکی دۆستانە سڵاو لە هەمووان بکە و تەنانەت کەسێکت بینی دەکرێ دەستپێشخەری بکەیت و تۆ سڵاوی لێ بکەیت و ڕووگەش بیت لەگەڵی دا کە ئەمە نهێنی دەستپێکیکی باشە و لە رۆژانی داهاتوو دا هاندەر دەبێ کە زیاتر لەگەڵ ژینگەکە ڕابێیت.

شەشەم: پرسیار بکە
هەر جۆرە کار و ژینگەیەکی کار تایبەتمەندی و شێوازی کارکردنی تایبەتی هەیە، دەکرێ لەنێوان کارە هاوشێوەکان هەمان ڕێچکەی کاکردن پەیڕەوبکرێ لەگەڵ ئەوەشدا هەر شوێنێک هەندێک تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە لەیەکەم ڕۆژەوە پرسیارکردن لە ژینگەی کار و چۆنیەتی شێوازی کارکردن  دەستپێکێکی باش دەبێت.

حەوتەم: خۆت بە
گرنگە کە بەشێوەیەکی ئاسایی ڕەفتار بکەیت و دوور لە نواندن، هەوڵبدە لەکاتی قسەکردن بوار بە بەرانبەر بدە قسە بکات و گوێگرێکی باش بە، زیاد لە پێویست قسەکردن و نیشاندانی ئەوەی کە لە هەموو شتێک دەزانی سودت پێ ناگەیەنێ و بگرە هەندێک کەس پێی بێزار دەبن، ڕەفتاری گونجاو  و ئاسایی هەموو کات پێشوازی لێکراوە، دواتر کردارەکانت زیاتر دەتناسێنن.

هەشتەم: تێبینیەکانت لەیاد بێ
ڕۆژی یەکەم، تەنانەت هەفتەی یەکەم، گرنگە بۆ تێکەڵ بوون بە کارەکە، ڕەنگە بەرپرسی کارەکەت یاخود بەڕێوبەرەکەت، یەکەم ڕۆژ زۆرترین زانیاری و شێوازی کارت پێ بدا، کە چی لە تۆداواکراوە و چی هیڵی سورە، هەوڵبدە گوێگری باش بیت و تێبینیەکانت لەبیربێت.

نۆیەم: چێژ لە کارەکە ببینە
ڕۆژی یەکەم، بە دڵێکی خۆش و ئاسودەوە هەوڵبدە لە ژینگەی کار و کارەکەت تێبگەی تەنانەت ئەگەر کاتیی بوو بۆ چەند مانگێکیش، بەتایبەت کە یەکەمین جارتە دوای تەواوکردنی خوێندن دەبیتە کارمەند و کارێکت دەبێ تەنانەت ئەگەر کارەکە بەدڵی تۆش نەبوو وە ماوەکەی کەم بوو، وا دابنێ ئەمە یەکەمین پایەیە تۆ پێی دا سەردەکەوی، بە دەستکەوتی بزانە و  تۆ یەکەمین هەنگاوت بڕی، باشترین هەوڵ بدە کە بچوکترین کارەکان بەجوانی بکەی و ببێتە دەستپێکی ئەزموون.

دەیەم: پەلە بڕیار مەدە
ڕۆژی یەکەم شتکەنا بۆ تۆ کەمێک نامۆن و هیچ ئەزمونێکت نیە تێیدا، بۆیە پەلە مەکە لە بڕیاردان لەسەر کەسەکان و شتەکانی دەوروبەرت، زوو پەسیمان مەبەوە لەوەی کە هەڵەت کرد کارەکەت پەسەند کرد، لە ڕۆژانی دواتر باشتر ئاشنا دەبیت و لە دۆخەکە تێدەگەیت.


ئەگەر لەم ڕەفتارانە خۆت بەدوور بگریت باشترە ❌

ئەو ڕەفتارانەی لێی دووربە لە یەکەم ڕۆژ:
یەکەم: زۆر سەرقاڵ مەبە بە تەلەفۆن کردن و بەکارهێنانی مۆبایل.
دووەم: دەست بۆ هەموو شتێک مەبە کە پەیوەندی بە تۆوە نیە و لە دەرەوەی کارەکەتە.
سێیەم: زۆر قسەمەکە، تاکو هاوکاران نەڵێن زۆربڵییە و بێزارکەرە.
چوارەم:  باسی کێشە و بارودۆخی تایبەتی خۆت مەکە بۆ کەس.


ئەم کردارانە ئەنجام بدە، کە یەکەم ڕۆژی کارکردنت بوو ☑

ئەم خاڵانەی لە یەکەم ڕۆژ دەکرێ ئەنجام بدرێ
یەکەم: زوو گەیشتن بە دە - پازدە خولەک بەر لەکاتی کار، وە لەیەکەم ڕۆژەوە زوو شوێنی کار جێمەهێڵە تا وا دەرنەکەوی کە لە ئێستاوە ماندوبوویت.
دووەم: نوسینی تێبینی لە نامیلکەیەک، کە دواتر سودی لێ دەبینیەوە.
سێیەم: زوو بڕیار مەدە لە سەر شوێنی کار، هەموو شوینێک کێشەی هەیە و بەپێی کات لێی تێدەگەیت، وە لایەنگری کەس مەکە لە یەکەم ڕۆژەوە.



First day at work


سۆران عبدالرحمن
١٧/٦/٢٠٢٠



نوسەر: سۆران --- کاتی بڵاوکردنەوە : 6/17/2020 --- هاوپۆل : کار و کارامەیی --- فەرهەنگۆکی وشەکان

بەژداری بە بابەتەکە بکە

فەیسبووکتویتەرگۆگڵ پڵاس
≡ کۆمێنت بنوسە
0 لێدوانی بلۆگ

دەتوانی لێرەوە بیربۆچونت بخەیتە ڕوو یا هەر پرسیارێکی کە لەلات دروست بووە