دەکرێ بە هەنگاوێکی زۆر بچوک دەستپێ بکەی، مەرج نیە بۆ دەستکردن بەکارێک سەرەتا کارگەیەک دابمەزرێنی، ماڵپەڕی ئەمازۆن سەرەتای بیرۆکەکەی لە فرۆشتنی کتێبی سەرهێڵەوە بوو، پاشتر گۆڕا بەو ئەمازۆنەی ئێستا کە هەموو جۆرە کەلوپەل و پێداویستییەک دەفرۆشێ!
لە خوارەوە کۆمەڵێک کار و بازرگانیی بچوک پۆلێن کراوە، کە پێویستی بە سەرمایەیەکی کەمە یاخود بەبێ سەرمایە دەتوانی دەست پێ بکەی، دەکرێ هەندێ لە بیرۆکەکان بەپێێ ناوچەکەی تۆ و شێوازی ژیان و کلتورەکەی نەگونجێ وە دەشکرێ باشترین دەرفەت بێت و شتێکی نوێ بێت.
١- فرۆشتنی بەرهەم و کاڵای کەسانی تر
بۆ نمونە کۆمەڵێک بەرهەمی کارگەیەک دەکریتەوە بە نرخی کۆ و پاشان بە نرخی تاک دەیفرۆشیتەوە بە خەڵکی لەگەڵ تێچووی گەیاندن دەبێتە داهاتێکی باش، وەکو سەرەتا هیچ بڕە پارەیەکت پێویست نیە و تێچووی نیە.
٢- بەکارهێنانی سەیارەکەت
ئەگەر ئۆتۆمبێلت هەیە و بەردەوام بەکاریناهێنی، دەتوانی بیدەی بەکرێ، یاخود خەڵکی فێری شوفێری بکەیت بە پێی کاتژمێر و بە نرخی کەمتر لە نوسینگەکان، یان بۆ گواستنەوەی گروپی خوێندکار و کارمەندان.
٣- کارکردن لە ڕێگەی پەیجی فەیسبووک
ئێستا باشترین هۆکارە کە هیچ تێچووی ناوێ وەکو سەرەتا، ئەگەر پەیجێکت هەبێ تەنانەت لە هەژماری خۆت دەتوانی ڕێکڵام بۆ کاڵا و بەرهەمی خەڵکی یان کۆمپانیا و نوسینگەکان بکەیت، یاخود فرۆشتنەوەی بەرهەم کە خۆت بە نرخی کۆ دەیکڕیتەوە.
٤- وانەوتنەوەی تایبەتیی
ئەگەر توانات هەبێ لە هەر بوارێک دا دەتوانی وانەی تایبەتی بڵێیتەوە و بەشێوازی سەرهێڵ یاخود چوونە ماڵ یان دابینکردنی شوێنێک.
٥- سوود بینین لە یوتیوب
لەڕێگای کەناڵی یوتیوبەوە دەتوانی ڤیدیۆکانت لە هەر بوارێک دابێ بڵاوبکەیتەوە و وەکو ڕێکلامێک یاخود تەنها بۆ هۆکاری بینین و زیادکردنی بینەری کەناڵەکەت کە دواتر لە ڕێگەی ڕێکلامەوە سوودی لێ دەبینیت
٦- چاندن و گەشەپێدانی گوڵ و درەخت
لە پارچە زەوییەکی چەند مەتری ماڵەکەت دا دەتوانی دەست بکەی بە پێگەیاندنی گوڵ و نەمام، بۆ ماوەیەک پێیدەگەیەنیت و دواتر دەیفرۆشیتەوە.
٧- دابینکردنی شوێن و ڕێکخستنی وەکو فێرگە
ئەگەر جێگەیەکت هەیە دەتوانی سوودی لێ ببینی وەکو ناوەندێکی فێرکردن، لەگەڵ چەند وانەبێژ، مامۆستا یاخود شارەزایەکی بوارێک ڕێکدەکەوی و خول دەکەیتەوە.
٨- فرۆشتنەوەی کاری دەستی
کە لە بواری چنین و کاری دەستی بەهرەدار بیت دەتوانی نمونەی کارەکانت لە فەیسبووک دابنێی و بیفرۆشیتەوە، یاخود لەگەڵ دووکانێک یاخود چەند دووکانێک ڕێکبکەوی و بۆت بفرۆشنەوە بەرانبەر ڕێژەیەک.
٩- گواستنەوە و دیلیڤەری کاڵای خەڵکی
دەتوانی سوود لە سەیارە یاخود ماتۆڕەکەت ببینی و کاری دلیڤەری بکەی بۆ ئەو پەیجانەی کە بەرهەمێکیان هەیە و شتێک دەفرۆشن.
١٠- دروستکردنی خواردن بۆ خەڵکی و ئاهەنگ
کەسێک کە شارەزایی باشی هەبێ و دەستڕەنگین بێ لە ئامادەکردنی خواردن، دەتوانێ خواردن بەپێی داواکاری ئامادە بکات بۆ خەڵکی، یاخود ئامادەکردنی خواردن بە بڕی زۆر بۆ گروپێک یاخود ئاهەنگ و بۆنە تایبەتییەکان.
١١- دروستکردنی نان
ئێستا خەڵکێکی زۆر نانی خۆماڵیی دەکرد بەو پێیەی خەڵکی سەرقاڵن و هەمووان ناتوانن خۆیان ئامادەی بکەن، دەکرێ لەگەڵ گروپێک کاربکەن یاخود بە تەنیا و لە ماڵەوە.
١٢- کاری پاککردنەوەی شوێنەکان
کە زانیت شوێنێک پێویستی بە پاککردنەوەیە کۆمپانیایەک، کارگەیەک، لەگەڵیان ڕێکدەکەوێ کە بە نرخی گونجاو بۆیان ئەنجام دەدەی، پاشان کۆمەڵێک کرێکار بە کرێی ڕۆژانە دەگریت و کارەکە ئەنجام دەدەی.
١٣- هێنانی کەلوپەل لە وڵاتی چین
هێنانی ئەو بەرهەمانەی کە زۆر پێویستن و خەڵکی ئارەزووی دەکەن، لە ئێستا چەندین کۆمپانیا کاری هێنانەوی کەلوپەل دەکەن لە وڵاتانی ترەوە.
١٤- خزمەتگوزاریی وەرگێڕان
بەهۆی سەرقاڵی و کەمی کات یاخود نەزانینی زمانێکی تر، دەرفەتێکی باشە ئەگەر توانای وەرگێڕانی هەر زمانێکت هەبێ،وەرگێڕانی نوسین یاخود ژێرنووسی ڤیدیۆ و پۆست و کتێب و بابەت، دەتوانی لە ڕێگەی سەرهێڵەوە و بەپێی کاتژمێر پارەی وەرگێڕان وەربگری یاخود بەپێی ژمارەی پەڕە یاخود خولەکی ڤیدیۆ.
١٥- ڕێکخستنی بۆنە و ئاهەنگەکان
کاری ڕێکخەری ئاهەنگەکان، کارێکی خۆشە و بەندە بە سەلیقە و توانای کەسەکە، بۆ نمونە ڕازاندنەوە و ڕێکخستنی مێزی لەدایکبوون و ڕێکخستنی ئاهەنگی بوک گواستنەوە و دابینکردنی شیرینی و میوە و خواردنی ئاهەنگ.
١٦- سۆشیاڵ میدیا و نوسینی ناوەڕۆک
لە بەربڵاوترین کارە پێویستیی و هەنووکەییەکان کاری بەڕێوەبردنی پەڕەی کۆمپانیا و ناوەندە بازرگانییەکانە لە فەیسبووک و تویتەر...هتد.
کە بە تێچوویەکی زۆر کەمتر لە کارمەندی تایبەت، دەتوانی لە ماڵی خۆتەوە کاری سۆشیاڵ میدیا و دیزاین بۆ چەند کۆمپانیا
و پەیجێک بکەیت
١٧- نوسینی هەواڵ و ڕاپۆرت
نوسینی هەواڵی ڕۆژانە یاخود بابەتی هەفتانە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەیجە گەورەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە داهاتی مانگانەیان هەیە و پێویستیان بە زۆرترین هەواڵساز و نوسەرە.
١٨- نوسینی لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی ڕاپۆرت
خەڵکانێک پێویستیان بە ڕاپۆرتە لەسەر بوارێکی دیاریکراوی خوێندن یان هەر بابەتێکی گشتی، لەبەرانبەر بەدەستهێنانی ڕاپۆرتەکە یان لێکۆڵینەوەکە ئامادەن بڕێک پارە ببەخشن، کە ئەمەش دەرفەت بەوانە دەدا کە توانای ئامادەکرنی ڕاپۆرتیان هەیە.
١٩- فرۆشتنەوەی پێڵاو و جلوبەرگی بەکارهاتوو
کەمێک هەوڵدان بەسە بۆی گەورەترین سوود ببینی لە کڕینەوەی کەلوپەلی بەکارهاتوو - لەنگە و پاککردنە وە و چاککردنەوەی و فرۆشتنەوەی بە بڕێک پارەی زیار، زۆرجار خەڵکانێک لە بڕاند و جۆرێکی جیاوازی جلوبەرگ یان پێڵاو دەگەڕێن کە ئۆرجیناڵ بێ و نرخی هەرزان بێ، کەسانێکیش کات و سەلیقەی کۆکردنەوە و کڕینەوەیان هەیە ئەمە باشترین دەرفەتە!
٢٠- کاری ژمێریاری سەربەخۆ
کە توانای باشت هەیە لە بواری ژمێریاری و هەڵسەنگاندن و بواری دارایی دەتوانی بە شێوەی سەربەخۆ بۆ نوسینگە یاخود کۆمپانیا و دووکانە گەورەکان کار بکەی بەپێی کاتژمێری کار یان ڕۆژی کار.
٢١- کاری دیزاین و چاپکردن
دونیای ئەمڕۆ دونیای بینین و نمایشە هەموو ناوەند و بازاڕێکی بازرگانی پێویستی بە دیزاینکردن و نمایشکردنی کارەکانییەتی ئەگەر بۆ سۆشیاڵ میدیا بێت یاخود ڕێکلامی تەلەفزێونی یانیش چاپکراو، دەتوانی دیزاین بکەیت و لەگڵ چاپخانەیەک ڕێکبکەوی کە کڕیاری بۆ ببەیت.
٢٢- بەخێوکردنی هەنگ و بەرهەمهێنانی هەنگوین
پڕۆژەیەکی چاکە و سەرەتا بە ژمارەیەکی کەمی هەنگ و تێچوویەکی کەمی دەوێ، وە هەوڵ و تێکۆشانی کەسیی بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوینێکی باش کە دواتر بتوانی بازاڕکردنی بۆ بکەیت و جێگەی متمانە بێت.
٢٣- پڕۆژەی بەخێوکردن و پەروەردەکردن
ڕەنگە هەندێ کەس بەخێوکردنی باڵندەی لا سەیر بێ، ئەی چی بۆ بەخێوکردنی جوجکە و گەورەکردنی و فرۆشتنەوەی، یاخود باڵندەی گەورەی قەل و قاز، یاخود بەخێوکردن و زیادکردنی باڵندەی جوانیی، لە کۆتایی دا ئەگەر ئەمانە حەز و ئارەزوو بن دەکرێ ببنە مایەی سوود و داهات.
٢٤- دروستکردنی ئیکسسوارات و بابەتی جوانکاری
خانمان کرنگی زۆر دەدەن بە ئیکسسوارات و بابەتی ڕازاندنەوە، کەسانێک کە دەستڕەنگینن دەتوانن ڕەم هەڵە بقۆزنەوە و کارەکانیان نمایش بکەن بۆ فرۆشتنەوە و دروستکردن بەپێی خواست.
٢٥- دروستکردنی ڤیدیۆ و کۆرسی فێرکاری
کەسانێک بەدوای خۆپەروەردەکردن و بەهێزکردنی تواناکانیانن لە بوارێک یاخود زمانێک، بۆ نمونە زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی، ئەمە دەرفەتێکە کە بە بێ هیچ تێچوویەک بێ ئەوەی کرێ بدەی و پێداویستی بکڕی بەشێوەی سەرهێڵ دەتوانی خول و وانە بڵێیتەوە.
٢٦- چاککردنەوەی کەلوپەلی ئەلیکترۆنی
لە خستنەڕووی تواناکانت لە چاککردنەوەی تەباغ یاخود جلشۆری ماڵان، دەتوانی داهاتێک کۆبکەیتەوە.
٢٧- فرۆشتنی کتێب و گەیاندنی بە کڕیار
دونیای ئەمڕۆ ئاڵۆزە و کات کەمترە کەسانێک کاتییان نابێ بچنە کتێبفرۆش و لە کتێبێک بگەڕێن، دەتوانی سوود لەمە ببینی بە کڕینەوەی کۆمەڵێک کتێب یاخود کڕینی لە کاتی داواکردن، بە سوود بینین لە سۆشیاڵ میدیا بە دانانی وێنەر٦ی بەرگی کتێب و نوسینی پوختەیەکی باسەکە کە سەرنجڕاکێش بێت، وا دەکا خەڵکانێک داوای کتێبەکە بکەن و بیکڕن.
ڕێنمایی و تێبینی بەرلە دەستپێکردن📌
بۆ دەستپێکردن هەریەکە لەم کارانەی سەرەوە ئەم خاڵانەت لەبیربێت:
ئەم کۆمەڵە بیرۆکەی کارە، دەکرێ ببێتە ئیلهام بەخش بۆ دۆزینەوەی دەیەها بیرۆکە و شێوازی تری کار
سۆران عبدالرحمن | ئەلفبێ تیک