١٠ ترس کە پێویستە دەستبەرداری بیت تاکو پڕۆژەکەت دەستپێ بکەی

لە ژیانی ڕۆژانەمان دا، ڕەنگە زۆرجار بیرۆکەیەکی نوێ دێتە خەیاڵمان بەڵام پشتگوێی دەخەین و دوای ڕۆتیناتی ئاسایی ڕۆژانەمان دەکەوین، ڕەنگە ئەو کارەی ئەنجامی دەدەین حەزی پێ نەکەین، بەڵام دەترسین دەست بۆ شتێکی نوێتر ببەین.

ترس ئاساییە، بەڵام ڕەنگە زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورەی بکەین، بەزاندنی ترسەکەمان ڕەنگە دەستپێکی ژیانێکی نوێ و ڕێچکەی سەرکەوتنمان بێت.

لە خوارەوە ١٠ ترس خراونەتەڕوو ئەگەر لێیان دەرباز بیت دەتوانی دەست بکەی بە پڕۆژەکەت و داهاتوویەکی نوێ بنیات بنیێی!

١- من تەواو شارەزا و ئەزموندار نیم.
٢- نازانم لە کوێیەوە پڕۆژەکەم دەستپێ بکەم.
٣- خەڵکی بە گەمژە یاخود شێتم دەبینن.
٤- کەس باوەڕی بەتواناکانم نیە.
٥- هیچ سەرمایە و پاڵپشتی داراییم نیە.
٦- ئەی ئەگەر هیچ کڕیارێک بەلای پڕۆژەکەم دا نەهات.
٧- خانەوادەکەم بێ هیوا دەکەم.
٨- ڕەنگە لە لوتکەدا شکست بهێنم.
٩- ئەگەر پڕۆکەم شکستی هێنا!
١٠- ئەگەر ئەوەندەم قازانج نەکرد کە سەرفم کردوە!

بەرلەوەی ئەم هەموو بیرۆکە خراپ و ترسە لە مێشکت دا جێگیربێت، لایەنە باشەکانی ببینە و بەسەرهەستەکانت دا زاڵبە.


Overcome fears


سۆران عبدالرحمن | ئەلفبێ تیک
٣٠/٦/٢٠٢٠


 بەسودبینین لە ژێدەرەکانی: afkarbz ، entrepreneur 

١٠ سەرچاوەی گرنگ و بەسودی هەڵی کار لە کوردستان

بۆ بەردەوام بوون لە ژیان و دابینکردنی بژێوی، هەمووان پێویستمان بە کارێکە، بۆ دۆزینەوەی کاریش دەبێ سەرچاوە یاخود ناوەندێک هەبێ کە دەرفەتی کارەکان بڵاوبکاتەوە.
لە خوارەوە پۆلێنی باشترین سەرچاوەکانی هەڵی کار لە کوردستان ڕیزکراوە، کە ڕۆژانە بەردەوام هەڵی کاری نوێ بۆ سەرجەم شارەکانی کوردستان بڵاو دەکەنەوە

ماڵپەڕی یەکەم ✔
ناوی ماڵپەڕ : لێژنەی هەماهەنگی ڕێکخراوە ناحکومییەکان
پۆل: هەڵی کار
پوختە: ماڵپەڕی ئێن سی سی، سەرچاوەیەیکی هەڵی کاری سەرجەم رێکخراوە ئێن جی ئۆ - ناحکومیەکانی عێراق

ماڵپەڕی دووەم ✔
ناوی ماڵپەڕ : فایند جۆبس کوردستان
پۆل: هەڵی کار
پوختە: ماڵپەڕ و پەیجی فایند جۆب کوردستان، یەکێک لە گەنجیەنەکانی دۆزینەوەی کار، کە ڕۆژانە دەیەها هەڵی کاری نوێ لە  کوردستان بڵاودەکاتەوە، چەندین گروپ و کۆمپانیا ڕاستەوخۆ هەڵی کارەکانیان دادەنێن
گروپی فەیسبووک: https://facebook.com/groups/fjkurdistan/

 ماڵپەڕی سێیەم ✔
ناوی ماڵپەڕ : فوڕەس تەعمەل
پۆل: هەڵی کار
پوختە: ماڵپەڕی فرص تعمل، سەرچاوەیەیکی هەڵی کارە

ماڵپەڕی چوارەم ✔
ناوی ماڵپەڕ : ئێم سێلێکت
پۆل: هەڵی کار
پوختە: ماڵپەڕی ئئێم سێلێکت، بۆ دۆزینەوەی کار و  ڕاوێژکاریی سەرچاوە مرۆییەکان

ماڵپەڕی پێنجەم ✔
ناوی ماڵپەڕ : ماڵپەڕی یو ئێن عێراق
پۆل: هەڵی کار
پوختە: ماڵپەڕی یو ئێن عێراق دەرفەتەکانی کار

ماڵپەڕی شەشەم ✔
ناوی ماڵپەڕ : ماڵپەڕی بەیت
پۆل: هەڵی کار
پوختە: ماڵپەڕی بەیت بۆ بڵاوکردنەوەی دەرفەتەکانی کار

ماڵپەڕی حەوتەم ✔
ناوی ماڵپەڕ : کۆدۆجۆبس
پۆل: هەڵی کار
پوختە: ماڵپەڕی کۆدۆجۆبس، سەرچاوەی هەڵی کار لە کوردستان

ماڵپەڕی هەشتەم ✔
ناوی ماڵپەڕ : پۆرتاڵی هەڵی کار لە کوردستان
پۆل: هەڵی کار
پوختە: ماڵپەڕی پۆرتاڵی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە کاری نوێ

ماڵپەڕی نۆیەم ✔
ناوی ماڵپەڕ : پۆرتاڵی هەوا جۆبس
پۆل: هەڵی کار
پوختە: بەردەوام هەڵی کاری نوێ لە کوردستان و عێراق

ماڵپەڕی دەیەم ✔
ناوی ماڵپەڕ : ماڵپەڕی ئاوێزە
پۆل: هەڵی کار
پوختە: ڕۆژانە نوێترین هەڵی کار و تەندەرەکانی کوردستان، هەڵی کاری نوێ لە کوردستان
Kurdistan job vacancies

جگە لەم کۆمەڵە سەرچاوەی کارە، چەندەها سەرچاوەی تر هەن

هەڵبەتە دەیەها پەیجی بڵاوکردنەوەی هەڵی کار هەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وە بەشێکیش لە ماڵپەرەکانی کە ئاماژەیان بۆ درا، لە فەیسبووک و تویتەر و ئینستاگرام پەیجی خۆیان هەیە.

وە لە هەرە پێشی ماڵپەڕەکان بۆ دۆزینەوەی کار، دەکرێ لینکد-ئین بێت کە ڕاستەوخۆ خاوەن کار و بەشی سەرچاوە مرۆییەکانی کۆمپانیا و دامەزراوەکان هەڵی کارەکانیان دادەنێن.


سۆران عبدالرحمن | ئەلفبێ تیک

١٠ تایبەتمەندی بنەڕەتی دەستپێشخەرکاری سەرکەوتوو


هەبوونی کارێکی تایبەتی ڕەنگە بۆ هەموو کەسێک نەگونجێ، دڵەڕاوکێ و ناجێگیری دۆخ و کاروبارەکان وا دەکات خەڵکانێک ئەو خەیاڵە لەبیرخۆیان ببەنەوە.

بۆئەوەی دەستپێشەرکارێکی سەرکەتوو بیت، پێویستت بە کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کە یارمەتیدەربێت لەو ڕێچکەیەی دەیگریتەبەر.

بەپێی لێکۆڵینەوە و ئامارێکی ناوەندی ئاماری کاری  Bureau of Labor Statistics لە وڵایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دەردەکەوێت کو بەڕێژەی ٥٠٪ بازرگانیی و پڕۆژە بچوکەکان لە ماوەی چوار ساڵی یەکەمیان دا شکس دەهێنن و تەمەن کورت دەبن.
بەڵام، دەستپێشخەرکاری ڕاستەقینە، ئەوەندەی کار بۆ دەستهاتی کۆتایی دەکاتەوە ئەوەندە گوێ بە مەترسی و پێشهاتەکان نادات، بەوەی کە دڵنیایە کە خەونەکەی دەکاتە ڕاستی و زۆرترین هەوڵی خۆی دەدات.

ئەگەر دەتەوێ ببیتە دەستپێشخەرکار، پێویستە کۆمەڵێک تایبەتمەندی و وزەت تێدابێ کە هاندەری سەرکەوتن بن، ١٠ تایبەتمەندێتی کە دەستپێشخەرکاری سەرکەوتووی پێ دەناسرێتەوە.


١- داهێنەرانە
دەستپێشخەری کار بە بیرۆکەیەک دەستپێدەکات، کە بیرۆکەیەکی نوێیە و بۆ باشترکردنە.

لە چاوپێکەوتنێک دا کە لە کتێبی Reflections on Success ی نوسەر مارتن لویس دا بڵاوکراوەتەوە، دامەزرێنەری هێڵی ئاسمانی ڤێرجنVirgin Airlines ، ڕیچارد برانسۆن Richard Branson دەڵێ:" نەچوومە دونیای کارەوە لەپێناوی پارە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو باوەڕەی کە دەتوانم شتەکان بەشێوەیەکی باشتر ئەنجام بدەم لەوانی ئەو سەردەمە".

پوختەی ئەم خاڵە ئەوەیە کە، دەستپێشخەری کار لەو دۆخەی هەیە ڕازی نیە، لەدەرەوەی سندوقەکە بیردەکاتەوە، لە هەڵ و دەرفەتی نوێ دەگەڕێ و چارسەری داهێنەرانە دەدۆزێتەوە.


٢- پەرۆش
ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی دەستپێشخەرکاری سەرکەوتوو، یاخود هەر کارمەندێک لە چوارچێوەی کارەکەی دا، ئەگەر پەرۆشی و هاندەرێک نەبێ بۆ ئەنجامدانی کارێک ئەوە سەرکەوتوو نابیت لەو کارە.
دەستپێشخەرکار ئەو کارەی خۆشدەوێ کە ئەنجامی دەدا و هەوڵی بۆ دەدا و ڕەنج دەدا بۆ بەئەنجام گەیاندنی.
بۆئەوەی سەرکەوتوو بیت لە دونیای کار، دەبێ باوەڕت بەخۆت و ئەوکارەی ئەنجامی دەدەی هەبێ.


٣- هاندان
لە چاوپێکەوتنێک دا دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەپڵ، ستیڤ جۆبس Steve Jobs ، دەڵێ:"من باوەڕم وایە کە نیوەی ئەوەی دەستپێشخەرکاری سەرکەوتوو لە ناسەرکەوتوو جیادەکاتەوە، کۆڵنەدان و بەردەوامییە".

"I'm convinced that about half of what separates the successful entrepreneurs from the non-successful ones is pure perseverance."
steve jobs__

بەهۆی پەرۆشی بۆ بیرۆکەکانیان، دەبینین کە دەستپێشخەرکاری سەرکەوتوو ئامادە چەنندین کاتژێر کار بکا و هەوڵ بدا و بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆبگرێ بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی وێڵییەتی.


٤- گەشبین
تۆ نیوەی پڕی گڵاسەکە دەبینی یاخود نیوەی بەتاڵی؟
دەستپێشخەرکاری سەرکەوتوو، گڵاسی نیوە پڕ دەبینێ، هەمیشە ڕووە گەشەکە دەبینن و خەون بە ئامانجەکەوە دەبینن، ورد دەبن لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی کارەکان، لە ڕابردوو دا ناژین و ورد نابنەوە لە بۆچون و کارە نەرێنیەکان.


٥- وردبوون لەسەر داهاتوو
دەستپێشخەرکاری سەرکەتوو هەمیشە بەدوای پێشکەوتنەوەیە و چاوی لە داهاتووە.
دەزانێ کە چی دەوێ و ئاسۆی ڕوونە، ئامانجی دیاریکراو و سنوردار دادەنێ، وە ئەوە دەکات کە پێویستە بۆ ئەنجامدان و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی.


٦- قایلکەر
بۆئەوەی دەستپێشخەرکارێکی سەرکەوتوو بیت، پێویستە لە جیهانی کار باش تێبگەیت.
ئەگەر کەسێکی کۆمەڵایەتیت و دواتان هەیە وا بکەی کەسانی تر گوێت بۆ بگرن، ئەوا دەرفەتێکی گەورەت لەبەردەم دایە تاوەکو ببینە دەستپێشخەرکارێکی سەرکەتوو.


٧- نەرمی و گونجاویی
لە دەستپێکی ڕێگەکەت دا وەکو دەستپێشخەری کار، ناچار دەبیت هەندێ کات تەنیا بیت، بە تەنها کار بکەیت، وە خۆشی و کاتی پشووت کەم دەبێ، خۆت زۆربەی کارەکان دەکەیت، دەکرێ بەڕێوبەر، جێگر و ژمێریار بیت لە هەمان کات دا.
ئەم وزە و توانایەیە کە دەستپێشخەرکاری سەرکەوتوو پێویستیەتی کە توانای هەبێ لەگەڵ دۆخەکان خۆی بگونجێنێ و کۆڵنەدا.


٨- بەتوانا
لە دونیای کار دا، کێشەکان پەیوەستن بە کاتەوە، بەڵام دەستپێشخەری کار لە ڕکابەری و بەربەستەکان هەڵ نایەت بەڵکو بەرەنگار دەبێتەوە و هەوڵی چارەسەر دەدەن.
وە جۆنیەتی قۆزتنەوەی هەڵ و دەرفەتەکان.


٩- سەرکەشی
دامەزرێنەری فەیسبووک، مارک زوگەربێرگ Mark Zuckerberg لە چاوپێکەوتنێکی دا لەگەڵ سام ئاڵتمانن بەڕێوبەری وای کۆمبینەیتەر Y Combinator دەڵێ:" لە جیهان دا کە بەخێرایی  دەگۆڕێ، گەورەترین مەترسی کە بیگرتەبەر ئەوەیە هیچ مەترسییەک ئەنجام نەدەی". 
"In a world that's changing so quickly, the biggest risk you can take is not taking any risk."

دەستپێشخەرکاری سەرکەوتوو، بۆ ئەوەی بە ئامانجەکەی بگات بێگومان دەبێ هەندێ مەترسی بگرێتەبەر و پەل بهاوێ بۆ سەرکەوتن، لەگەڵ ئەوەش دامەترسییەکان لەبەرچاو دەگرێت و پلانی تۆکمە دادەنێ بۆ چارەسەری و دەربازبوون.


١٠- یەکلاکەرەوە
دواخستن و پێشخستن نیە لەدونیای کار دا، دەستپێشخەرکاری سەرکەوتوو پێویستە بزانێ کەی کاتە گونجاوەکەیە، دوو دڵ نەبێ لە بڕیاردان، ئەو هەڵە دەقۆزێتەوە کە لەناو دەستیەتی.


ريادة الاعمال - دەستپێشخەری کار - Entrepreneurs


سۆران عبدالرحمن | ئەلفبێ تیک
بەسود بینین لە ژێدەری: inc.com 
سوژان پاتێل، نوسەری کتێبی_ ١٠٠ ڕۆژ لە گەشەکردن

بیرۆکەی کار کە پێویستی بە سەرمایەیەکی کەم هەیە

دەکرێ بە هەنگاوێکی زۆر بچوک دەستپێ بکەی، مەرج نیە بۆ دەستکردن بەکارێک سەرەتا کارگەیەک دابمەزرێنی، ماڵپەڕی ئەمازۆن سەرەتای بیرۆکەکەی لە فرۆشتنی کتێبی سەرهێڵەوە بوو، پاشتر گۆڕا بەو ئەمازۆنەی ئێستا کە هەموو جۆرە کەلوپەل و پێداویستییەک دەفرۆشێ!
لە خوارەوە کۆمەڵێک کار و بازرگانیی بچوک پۆلێن کراوە، کە پێویستی بە سەرمایەیەکی کەمە یاخود بەبێ سەرمایە دەتوانی دەست پێ بکەی، دەکرێ هەندێ لە بیرۆکەکان بەپێێ ناوچەکەی تۆ و شێوازی ژیان و کلتورەکەی نەگونجێ وە دەشکرێ باشترین دەرفەت بێت و شتێکی نوێ بێت.


١- فرۆشتنی بەرهەم و کاڵای کەسانی تر
بۆ نمونە کۆمەڵێک بەرهەمی کارگەیەک دەکریتەوە بە نرخی کۆ و پاشان بە نرخی تاک دەیفرۆشیتەوە بە خەڵکی لەگەڵ تێچووی گەیاندن دەبێتە داهاتێکی باش، وەکو سەرەتا هیچ بڕە پارەیەکت پێویست نیە و تێچووی نیە.


٢- بەکارهێنانی سەیارەکەت
ئەگەر ئۆتۆمبێلت هەیە و بەردەوام بەکاریناهێنی، دەتوانی بیدەی بەکرێ، یاخود خەڵکی فێری شوفێری بکەیت بە پێی کاتژمێر و بە نرخی کەمتر لە نوسینگەکان، یان بۆ گواستنەوەی گروپی خوێندکار و کارمەندان.


٣- کارکردن لە ڕێگەی پەیجی فەیسبووک

ئێستا باشترین هۆکارە کە هیچ تێچووی ناوێ وەکو سەرەتا، ئەگەر پەیجێکت هەبێ تەنانەت لە هەژماری خۆت دەتوانی ڕێکڵام بۆ کاڵا و بەرهەمی خەڵکی یان کۆمپانیا و نوسینگەکان بکەیت، یاخود فرۆشتنەوەی بەرهەم کە خۆت بە نرخی کۆ دەیکڕیتەوە.


٤- وانەوتنەوەی تایبەتیی
ئەگەر توانات هەبێ لە هەر بوارێک دا دەتوانی وانەی تایبەتی بڵێیتەوە و بەشێوازی سەرهێڵ یاخود چوونە ماڵ یان دابینکردنی شوێنێک.


٥- سوود بینین لە یوتیوب
لەڕێگای کەناڵی یوتیوبەوە دەتوانی ڤیدیۆکانت لە هەر بوارێک دابێ بڵاوبکەیتەوە و وەکو ڕێکلامێک یاخود تەنها بۆ هۆکاری بینین و زیادکردنی بینەری کەناڵەکەت کە دواتر لە ڕێگەی ڕێکلامەوە سوودی لێ دەبینیت


٦- چاندن و گەشەپێدانی گوڵ و درەخت
لە پارچە زەوییەکی چەند مەتری ماڵەکەت دا دەتوانی دەست بکەی بە پێگەیاندنی گوڵ و نەمام، بۆ ماوەیەک پێیدەگەیەنیت و دواتر دەیفرۆشیتەوە.


٧- دابینکردنی شوێن و ڕێکخستنی وەکو فێرگە
ئەگەر جێگەیەکت هەیە دەتوانی سوودی لێ ببینی وەکو ناوەندێکی فێرکردن، لەگەڵ چەند وانەبێژ، مامۆستا یاخود شارەزایەکی بوارێک ڕێکدەکەوی و خول دەکەیتەوە.


٨- فرۆشتنەوەی کاری دەستی
کە لە بواری چنین و کاری دەستی بەهرەدار بیت دەتوانی نمونەی کارەکانت لە فەیسبووک دابنێی و بیفرۆشیتەوە، یاخود لەگەڵ دووکانێک یاخود چەند دووکانێک ڕێکبکەوی و بۆت بفرۆشنەوە بەرانبەر ڕێژەیەک.


٩- گواستنەوە و دیلیڤەری کاڵای خەڵکی
دەتوانی سوود لە سەیارە یاخود ماتۆڕەکەت ببینی و کاری دلیڤەری بکەی بۆ ئەو پەیجانەی کە بەرهەمێکیان هەیە و شتێک دەفرۆشن.


١٠- دروستکردنی خواردن بۆ خەڵکی و ئاهەنگ
کەسێک کە شارەزایی باشی هەبێ و دەستڕەنگین بێ لە ئامادەکردنی خواردن، دەتوانێ خواردن بەپێی داواکاری ئامادە بکات بۆ خەڵکی، یاخود ئامادەکردنی خواردن بە بڕی زۆر بۆ گروپێک یاخود ئاهەنگ و بۆنە تایبەتییەکان.


١١- دروستکردنی نان
ئێستا خەڵکێکی زۆر نانی خۆماڵیی دەکرد بەو پێیەی خەڵکی سەرقاڵن و هەمووان ناتوانن خۆیان ئامادەی بکەن، دەکرێ لەگەڵ گروپێک کاربکەن یاخود بە تەنیا و لە ماڵەوە.


١٢- کاری پاککردنەوەی شوێنەکان
کە زانیت شوێنێک پێویستی بە پاککردنەوەیە کۆمپانیایەک، کارگەیەک، لەگەڵیان ڕێکدەکەوێ کە بە نرخی گونجاو بۆیان ئەنجام دەدەی، پاشان کۆمەڵێک کرێکار بە کرێی ڕۆژانە دەگریت و کارەکە ئەنجام دەدەی.


١٣- هێنانی کەلوپەل لە وڵاتی چین
هێنانی ئەو بەرهەمانەی کە زۆر پێویستن و خەڵکی ئارەزووی دەکەن، لە ئێستا چەندین کۆمپانیا کاری هێنانەوی کەلوپەل دەکەن لە وڵاتانی ترەوە.


١٤- خزمەتگوزاریی وەرگێڕان
بەهۆی سەرقاڵی و کەمی کات یاخود نەزانینی زمانێکی تر، دەرفەتێکی باشە ئەگەر توانای وەرگێڕانی هەر زمانێکت هەبێ،وەرگێڕانی نوسین یاخود ژێرنووسی ڤیدیۆ و پۆست و کتێب و بابەت، دەتوانی لە ڕێگەی سەرهێڵەوە و بەپێی کاتژمێر پارەی وەرگێڕان وەربگری یاخود بەپێی ژمارەی پەڕە یاخود خولەکی ڤیدیۆ.


١٥- ڕێکخستنی بۆنە و ئاهەنگەکان
کاری ڕێکخەری ئاهەنگەکان، کارێکی خۆشە و بەندە بە سەلیقە و توانای کەسەکە، بۆ نمونە ڕازاندنەوە و ڕێکخستنی مێزی لەدایکبوون و ڕێکخستنی ئاهەنگی بوک گواستنەوە و دابینکردنی شیرینی و میوە و خواردنی ئاهەنگ.


١٦- سۆشیاڵ میدیا و نوسینی ناوەڕۆک
لە بەربڵاوترین کارە پێویستیی و هەنووکەییەکان کاری بەڕێوەبردنی پەڕەی کۆمپانیا و ناوەندە بازرگانییەکانە لە فەیسبووک و تویتەر...هتد.
کە بە تێچوویەکی زۆر کەمتر لە کارمەندی تایبەت، دەتوانی لە ماڵی خۆتەوە کاری سۆشیاڵ میدیا و دیزاین بۆ چەند کۆمپانیا
و پەیجێک بکەیت


١٧- نوسینی هەواڵ و ڕاپۆرت

نوسینی هەواڵی ڕۆژانە یاخود بابەتی هەفتانە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەیجە گەورەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە داهاتی مانگانەیان هەیە و پێویستیان بە زۆرترین هەواڵساز و نوسەرە.


١٨- نوسینی لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی ڕاپۆرت
خەڵکانێک پێویستیان بە ڕاپۆرتە لەسەر بوارێکی دیاریکراوی خوێندن یان هەر بابەتێکی گشتی، لەبەرانبەر بەدەستهێنانی ڕاپۆرتەکە یان لێکۆڵینەوەکە ئامادەن بڕێک پارە ببەخشن، کە ئەمەش دەرفەت بەوانە دەدا کە توانای ئامادەکرنی ڕاپۆرتیان هەیە.


١٩- فرۆشتنەوەی پێڵاو و جلوبەرگی بەکارهاتوو
کەمێک هەوڵدان بەسە بۆی گەورەترین سوود ببینی لە کڕینەوەی کەلوپەلی بەکارهاتوو - لەنگە و پاککردنە وە و چاککردنەوەی و فرۆشتنەوەی بە بڕێک پارەی زیار، زۆرجار خەڵکانێک لە بڕاند و جۆرێکی جیاوازی جلوبەرگ یان پێڵاو دەگەڕێن کە ئۆرجیناڵ بێ و نرخی هەرزان بێ، کەسانێکیش کات و سەلیقەی کۆکردنەوە و کڕینەوەیان هەیە ئەمە باشترین دەرفەتە!


٢٠- کاری ژمێریاری سەربەخۆ
کە توانای باشت هەیە لە بواری ژمێریاری و هەڵسەنگاندن و بواری دارایی دەتوانی بە شێوەی سەربەخۆ بۆ نوسینگە یاخود کۆمپانیا و دووکانە گەورەکان کار بکەی بەپێی کاتژمێری کار یان ڕۆژی کار.


٢١- کاری دیزاین و چاپکردن
دونیای ئەمڕۆ دونیای بینین و نمایشە هەموو ناوەند و بازاڕێکی بازرگانی پێویستی بە دیزاینکردن و نمایشکردنی کارەکانییەتی ئەگەر بۆ سۆشیاڵ میدیا بێت یاخود ڕێکلامی تەلەفزێونی یانیش چاپکراو، دەتوانی دیزاین بکەیت و لەگڵ چاپخانەیەک ڕێکبکەوی کە کڕیاری بۆ ببەیت.


٢٢- بەخێوکردنی هەنگ و بەرهەمهێنانی هەنگوین
پڕۆژەیەکی چاکە و سەرەتا بە ژمارەیەکی کەمی هەنگ و تێچوویەکی کەمی دەوێ، وە هەوڵ و تێکۆشانی کەسیی بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوینێکی باش کە دواتر بتوانی بازاڕکردنی بۆ بکەیت و جێگەی متمانە بێت.


٢٣- پڕۆژەی بەخێوکردن و پەروەردەکردن
ڕەنگە هەندێ کەس بەخێوکردنی باڵندەی لا سەیر بێ، ئەی چی بۆ بەخێوکردنی جوجکە و گەورەکردنی و فرۆشتنەوەی، یاخود باڵندەی گەورەی قەل و قاز، یاخود بەخێوکردن و زیادکردنی باڵندەی جوانیی، لە کۆتایی دا ئەگەر ئەمانە حەز و ئارەزوو بن دەکرێ ببنە مایەی سوود و داهات.


٢٤- دروستکردنی ئیکسسوارات و بابەتی جوانکاری
خانمان کرنگی زۆر دەدەن بە ئیکسسوارات و بابەتی ڕازاندنەوە، کەسانێک کە دەستڕەنگینن دەتوانن ڕەم هەڵە بقۆزنەوە و کارەکانیان نمایش بکەن بۆ فرۆشتنەوە و دروستکردن بەپێی خواست.


٢٥- دروستکردنی ڤیدیۆ و کۆرسی فێرکاری
کەسانێک بەدوای خۆپەروەردەکردن و بەهێزکردنی تواناکانیانن لە بوارێک یاخود زمانێک، بۆ نمونە زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی، ئەمە دەرفەتێکە کە بە بێ هیچ تێچوویەک بێ ئەوەی کرێ بدەی و پێداویستی بکڕی بەشێوەی سەرهێڵ دەتوانی خول و وانە بڵێیتەوە.


٢٦- چاککردنەوەی کەلوپەلی ئەلیکترۆنی
لە خستنەڕووی تواناکانت لە چاککردنەوەی تەباغ یاخود جلشۆری ماڵان، دەتوانی داهاتێک کۆبکەیتەوە.


٢٧- فرۆشتنی کتێب و گەیاندنی بە کڕیار
دونیای ئەمڕۆ ئاڵۆزە و کات کەمترە کەسانێک کاتییان نابێ بچنە کتێبفرۆش و لە کتێبێک بگەڕێن، دەتوانی سوود لەمە ببینی بە کڕینەوەی کۆمەڵێک کتێب یاخود کڕینی لە کاتی داواکردن، بە سوود بینین لە سۆشیاڵ میدیا بە دانانی وێنەر٦ی بەرگی کتێب و نوسینی پوختەیەکی باسەکە کە سەرنجڕاکێش بێت، وا دەکا خەڵکانێک داوای کتێبەکە بکەن و بیکڕن.



 ڕێنمایی و تێبینی بەرلە دەستپێکردن📌

بۆ دەستپێکردن هەریەکە لەم کارانەی سەرەوە ئەم خاڵانەت لەبیربێت:
١ - بۆ ئەوەی ئاسان بەردەست بیت، دەتوانی کارتی بازرگانیی - بزنس کارتی تایبەت بە خۆت دروستبکەی.
٢ - بۆ ئۆنڵاین بەلای کەم پێویستت بە پەیجی فەیسبووک، ئینستاگرام، یوتیوب،...هتد یەکێک لەوانە دەبێت.
٣ - هەموو کارێک سەرەتاکەی سەختە، ناکرێ لە هەفتەی یەکەم دەست هەڵگری و بڵێی سوودی نیە.
٤ - هە کارێک لە دڵەوە و بەجوانی کردت کڕیاری تایبەتی دەبێت.
٥ - گرنگی بە کات بدە و هەموو شتێک لە کاتی خۆی دا ئەنجام بدە.
٦- چاوەڕێ مەکە هەفتەی یەکەم تا مانگی یەکەمیش، باشترین ڕۆژانی دەستخستن بن، پێویستە ئارام بگری!


ئەم کۆمەڵە بیرۆکەی کارە، دەکرێ ببێتە ئیلهام بەخش بۆ دۆزینەوەی دەیەها بیرۆکە و شێوازی تری کار

بیرۆکەی کار - پڕۆژەی بچوکی بازرگانیی


سۆران عبدالرحمن | ئەلفبێ تیک
١٧/٦/٢٠٢٠

١٠ ڕێنمایی بنەڕەتیی بۆ ڕۆژی یەکەمی چوونە سەر کار

دە ڕێنمایی بنەڕەتیی بۆ ڕۆژی یەکەمی کار ✅
ڕۆژانی یەکەمی کارکردن گرنگە، وێنەیەکی باش نیشان بدە لە ڕۆژی یەکەمی کارکردن، بەلای کەم هەوڵ بدە نەنگ دەرنەکەوی، خۆت دوور بگرە لە دڵەڕاوکێ و ڕاڕایی و ئەرێنی بیر بکەرەوە.
ئەم چەند ڕێنماییەی خوارەوە یارمەتیت دەدا لە ڕۆژی یەکەمی چوونەسەر کار.


یەکەم: باش بخەوە 
شەوی پێشتر کە بۆ بەیانییەکەی یەکەمین ڕۆژی کارتە، هەوڵبدە زووتر بخەوی و تەواو بخەویت و پشووی باشت کردبێ، تاکو لە یەکەمین ڕۆژی کاردا پڕ لە وزە و چالاک دەربکەوی و هەست بەلاوازی و ماندوبوون نەکەی، بێگومان ئەو ژینگەی دەچی بۆی نوێیەوە بۆ تۆ.

دووەم: گرنگی بەو جلوبەرگە بدە کە دەیپۆشی
هەوڵبدە جلوبەرگێکی گونجاو لەگەڵ ژینگەی کارەکە بپۆشی، جلوبەرگێکی سادە و ڕێک و پێک گرنگ پاکوخاوێن و گورج وگۆڵ دەربکەوی، کە زیاتر باوەڕ بەخۆبوونت پێ دەبەخشێت.

سێیەم: هەوڵبدە زووتر لە کاتی دیاریکراو بگەیت
ئەمە لە خاڵە بنەڕەتییەکانە، کە یەکەمین ڕۆژی کارتە باشترە لە کاتی دیاریکراودا بگەیت وە ئەگەر زووتریش بێ باشتر، تاکو لەگەڵ أینگەکە ڕادێی و ئاشنای دەبیت، کە دواتر  هاندەردەبێ بۆ ئاسانتر ناسینی هاوەڵانی کار و شێوازی کارکردن.
لەیەکەم ڕۆژەوە درەنگتر لەکاتی خۆی بگەی وێنایەکی نەگونجاو دەبەخشیتە بەرپرسان و بەڕێوبەری کارەکەت کە ناچاری پۆزش و بەهانە هێنانەوە دەبیتەوە.

چوارەم: باوەڕت بەخۆت هەبێ
ڕەنگە لەیەکەم ڕۆژی کاردا هەست بە دڵتەنگی یان ناڕەحەتی بکەی، کە هێشتا کەس ناناسی و لەگەڵ ژینگەکە ڕانەهاتووی، هەوڵ بدە ئەرێنی بیربکەیتەوە، و ئەوەت لەیاد بێ هەمووان بەمەدا تێدەپەڕن لەیەکەمین ڕۆژەکانی کاردا.

پێنجەم: سڵاو لە هاوکارانت بکە
ڕەنگە بەڕێوبەر یان بەرپرسەکەت بتناسینێ بە هاوکارانت، بەپێی جۆری کارەکە دەکرێ کارمەندانی تر خۆینا بێنەلات، بەشێوەیەکی دۆستانە سڵاو لە هەمووان بکە و تەنانەت کەسێکت بینی دەکرێ دەستپێشخەری بکەیت و تۆ سڵاوی لێ بکەیت و ڕووگەش بیت لەگەڵی دا کە ئەمە نهێنی دەستپێکیکی باشە و لە رۆژانی داهاتوو دا هاندەر دەبێ کە زیاتر لەگەڵ ژینگەکە ڕابێیت.

شەشەم: پرسیار بکە
هەر جۆرە کار و ژینگەیەکی کار تایبەتمەندی و شێوازی کارکردنی تایبەتی هەیە، دەکرێ لەنێوان کارە هاوشێوەکان هەمان ڕێچکەی کاکردن پەیڕەوبکرێ لەگەڵ ئەوەشدا هەر شوێنێک هەندێک تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە لەیەکەم ڕۆژەوە پرسیارکردن لە ژینگەی کار و چۆنیەتی شێوازی کارکردن  دەستپێکێکی باش دەبێت.

حەوتەم: خۆت بە
گرنگە کە بەشێوەیەکی ئاسایی ڕەفتار بکەیت و دوور لە نواندن، هەوڵبدە لەکاتی قسەکردن بوار بە بەرانبەر بدە قسە بکات و گوێگرێکی باش بە، زیاد لە پێویست قسەکردن و نیشاندانی ئەوەی کە لە هەموو شتێک دەزانی سودت پێ ناگەیەنێ و بگرە هەندێک کەس پێی بێزار دەبن، ڕەفتاری گونجاو  و ئاسایی هەموو کات پێشوازی لێکراوە، دواتر کردارەکانت زیاتر دەتناسێنن.

هەشتەم: تێبینیەکانت لەیاد بێ
ڕۆژی یەکەم، تەنانەت هەفتەی یەکەم، گرنگە بۆ تێکەڵ بوون بە کارەکە، ڕەنگە بەرپرسی کارەکەت یاخود بەڕێوبەرەکەت، یەکەم ڕۆژ زۆرترین زانیاری و شێوازی کارت پێ بدا، کە چی لە تۆداواکراوە و چی هیڵی سورە، هەوڵبدە گوێگری باش بیت و تێبینیەکانت لەبیربێت.

نۆیەم: چێژ لە کارەکە ببینە
ڕۆژی یەکەم، بە دڵێکی خۆش و ئاسودەوە هەوڵبدە لە ژینگەی کار و کارەکەت تێبگەی تەنانەت ئەگەر کاتیی بوو بۆ چەند مانگێکیش، بەتایبەت کە یەکەمین جارتە دوای تەواوکردنی خوێندن دەبیتە کارمەند و کارێکت دەبێ تەنانەت ئەگەر کارەکە بەدڵی تۆش نەبوو وە ماوەکەی کەم بوو، وا دابنێ ئەمە یەکەمین پایەیە تۆ پێی دا سەردەکەوی، بە دەستکەوتی بزانە و  تۆ یەکەمین هەنگاوت بڕی، باشترین هەوڵ بدە کە بچوکترین کارەکان بەجوانی بکەی و ببێتە دەستپێکی ئەزموون.

دەیەم: پەلە بڕیار مەدە
ڕۆژی یەکەم شتکەنا بۆ تۆ کەمێک نامۆن و هیچ ئەزمونێکت نیە تێیدا، بۆیە پەلە مەکە لە بڕیاردان لەسەر کەسەکان و شتەکانی دەوروبەرت، زوو پەسیمان مەبەوە لەوەی کە هەڵەت کرد کارەکەت پەسەند کرد، لە ڕۆژانی دواتر باشتر ئاشنا دەبیت و لە دۆخەکە تێدەگەیت.


ئەگەر لەم ڕەفتارانە خۆت بەدوور بگریت باشترە ❌

ئەو ڕەفتارانەی لێی دووربە لە یەکەم ڕۆژ:
یەکەم: زۆر سەرقاڵ مەبە بە تەلەفۆن کردن و بەکارهێنانی مۆبایل.
دووەم: دەست بۆ هەموو شتێک مەبە کە پەیوەندی بە تۆوە نیە و لە دەرەوەی کارەکەتە.
سێیەم: زۆر قسەمەکە، تاکو هاوکاران نەڵێن زۆربڵییە و بێزارکەرە.
چوارەم:  باسی کێشە و بارودۆخی تایبەتی خۆت مەکە بۆ کەس.


ئەم کردارانە ئەنجام بدە، کە یەکەم ڕۆژی کارکردنت بوو ☑

ئەم خاڵانەی لە یەکەم ڕۆژ دەکرێ ئەنجام بدرێ
یەکەم: زوو گەیشتن بە دە - پازدە خولەک بەر لەکاتی کار، وە لەیەکەم ڕۆژەوە زوو شوێنی کار جێمەهێڵە تا وا دەرنەکەوی کە لە ئێستاوە ماندوبوویت.
دووەم: نوسینی تێبینی لە نامیلکەیەک، کە دواتر سودی لێ دەبینیەوە.
سێیەم: زوو بڕیار مەدە لە سەر شوێنی کار، هەموو شوینێک کێشەی هەیە و بەپێی کات لێی تێدەگەیت، وە لایەنگری کەس مەکە لە یەکەم ڕۆژەوە.



First day at work


سۆران عبدالرحمن
١٧/٦/٢٠٢٠

لە کرێکارییەوە بۆ پلەی وەزیر

یەکێک لە چیرۆکە سروشت بەخشەکان، چیڕۆکی "عەلی نعێمی" وەزیرە، کە کرێکارێکی کارگە بوو لە یەکێک لە کارگەکانی وڵاتی سعودیا، لە ڕۆژێکی گەرمی تاقەت پڕوکێنی کارکردن دا چوو ئاو بخواتەوە، گڵاسێک ئاوی پڕ کرد بیخواتەوە، پێش ئەوەی بیخواتەوە یەکێک لە ئەندازیارە ئەمریکییەکان کە لەوێ کاری دەکرد بینی، پێی وت: "تۆ کرێکارێکی ئاساییت مافی ئەوەت نیە لەم ئاوە بخۆی کە خزمەتگوزاریی تایبەت بە ئەندازیارانە".
عەلی نعێمی گڵاسەکەی دانا و دواتر بە دڵتەنگی لە قسەکەی ئەندازیارەکە گەڕایەوە ماڵ.
لەخۆی دەپرسی:"من لەو ئەندازیارە کەمترم، دەکرێ منیش ببمە ئەندازیار"
ئەم بیرکردنەوەیە بەردەوام لە مێشکی دابوو و لێی جیانەبوەوە.
هەرچۆنێک بێ دەستی کردەوە بە خوێندن، سەرەتا لە خوێندنی ئێواران و پاشان بەیانیان، بەوجۆرە بڕوانامەی خوێندنی ناوەندی بەدەست هێنا،
پاشان بە پاڵپشتی کۆمپانیا توانی خوێندنی بەکالۆریۆس لە ئەمریکا بەدەست بهێنێت، پاشان گەڕایەوە سعودیا.

لەدەرەنجامی هەوڵی زۆر بۆ خوێندن و کارکردن، و سوڕ بوونی لەسەر سەرکەوتن چەندین پلەی بڕی لە سەرۆک هۆبە بۆ سەرۆک بەش پاشان سەرۆکی ئیدارە و دواتر بەرزترین پلە کە جێگری سەرۆکی کۆمپانیا، هەر ئەو کۆمپانیایەی کە کرێکارێکی ئاسایی بوو پێشتر.

ڕۆژێکیان هەمان ئەو ئەندازیارەی پێشتر، هات و داوای ڕۆژی پشووی لێکرد، پێی وت:"دەمەوێ ئەمەم بۆ واژوو بکەی کە پشوو وەردەگرم، تکادەکەم ئەمە مەبەستەوە بە بەسەرهاتی گڵاسە ئاوەکەوە".
ئەندازیار عەلی نعێمی بەڕێزەوە وەڵامی دایەوە و وتی:"لەسەرەتادا دەمەوێ سوپاست بکەم کە ڕێگەت نەدا ئاوەکە بخۆمەوە، ڕاستە ئەوکاتە دڵتەنگ بوو، بەڵام تۆ بوویتە هۆکاری ئەوەی کە ئێستا پێی گەیشتووم لە پلەوپایە و هاندانەی کە هەمە."
پاشتر عەلی نعێمی بووە سەرۆکی کۆمپانیا، کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی پتڕۆڵ لە شانشینی سعودیە، دوای ئەمە هەڵبژێردا بۆ بەڕێوەبردنی بەرپرسیارییەتی گەورەی وڵات، کە کرا بە وەزیری نەوت و پتڕۆڵی وڵات.

Ali Al-Naimi

سۆران عبدالرحمن
١٢/٦/٢٠٢٠

٧ کۆمپانیای تەکنەلۆژیی گەورە کە ڕەتیان کردەوە بکڕدرێنەوە

لەم چەندین ساڵەی دوایی دا زۆرترین دەستپێشخەری و هەوڵدان هەبووە بۆ کڕینەوە و دەستبەسەرداگرتنی خزمەتگوزاری و ئەو کۆمپانیایانەی کە لەگەشەی فراوانبوون دان و بەرچاوڕوونی هەیە لە ئایندەیان لە لایان کۆمپانیا زلهێزەکانی ترەوە، کە دواترینیان ئەپی سناپ چات SnapChat بوو، کە دامەزرێنەرەکەی دەستپێشخەرییەکی کۆمپانیای فەیسبووک و گووگڵی ڕەت کردەوە، کە فەیسبووک ئامادەبوو ٣ ملیار دۆلار بدات لەپێناوی کڕینەوەی سناپ چات، لەکاتێک دا گووگڵ نرخەکەی بەرزکردەوە بۆ ٤ ملیار دۆلار، بەڵام دامەزرێنەری ئەپەکە ڕەتی کردەوە و چاوەڕوانی دەرفەتی باشتر بوو.

ئەم دەستپێشخەرییەی فەیسبووک، دوای دەستپێشخەری پێشووی دێ بۆ کڕینەوەی ئینستاگرامInstagram . کە بە ١ ملیار دۆلار کڕیەوە و فەیسبووک بووە خاوەنی.


لەخوارەوە لیستی ٧ لەو کۆمپانیایانە ڕێزبەندن کە دەستپێشخەری و ئۆفەری گەورەی دەستبەسەرداگرتنیان ڕەتکردەوە.

یەکەم: یاهوو ٤٤.٦ ملیار دۆلاری مایکڕۆسۆفتی ڕەتی کردەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٨ گووگڵ تەواو دەستی بەسەر بازاڕ داگرت، مایکڕۆسۆفت لەبەرانبەر دا هەوڵی دا بۆ خۆفراوانکردن یاهووYahoo  بکڕێتەوە، بەڵام "جێری یانگ" هاودامەزرێنەری یاهوو دەستپێشخەرییەکەی ڕەت کردەوە.


دووەم: گروپ-ئۆن ٦ ملیار دۆلاری گووگڵی ڕەت کردەوە.
گووگڵ دەیەوێ بەردەوام لە فراوانبوون دابێت و زۆرترین خزمەتگوزاری هەبێ، لە ساڵی ٢٠١٠ ویستی گروپ-ئۆن Groupon بکڕێتەوە کە ئەو کات لە ئەمریکای لاتین و باکور و ئەوروپاش زۆر بەناوبانگ بوو، بۆیە گووگڵ پێشنیاری ٦ ملیار دۆلاری خستە ژێردەستیان، بەڵام "ئەندرۆ ماسۆن" دامەزرێنەری ماڵپەرەکە ئەو دەرفەتەی ڕەتکردەوە، 
لە هەمان ساڵ دا ماسۆن لە دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا دەرکرا.


سێیەم:  ڕۆڤیو ١ ملیار دۆلاری کۆمپانیای زینگای ڕەتکردەوە
زینگا Zinga  کۆمپانیایەکی گەشەپێدەری یارییە ئەلیکترۆنییەکانە، باشترین نمونە "مەزرەعە سەعیدە"ی فەیبسووک، زینگا ویستی کۆمپانیای ڕیڤیۆ Rovio ی گەشەپێدەری ئەنگری بێردز بکڕێتەوە و زیاتر خۆی پێشبخا،
بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ کۆمپانیای ڕۆڤیۆ ڕەتی کردەوە بۆ فرۆشتن بێت.

چوارەم: فەیسبووک ١ ملیار دۆلاری کۆمپانیای یاهووی ڕەتکردەوە.
فەیسبووک بەرلەوەی بەناوبانگ بێت و ببێتە ئەم زلهێزەی ئێستا هەر لە ڕۆژانی سەرەتاوە چەندین هەوڵی کڕینەوەی درا.
لە ساڵی ٢٠٠٥ کریس دیلۆفی دامەزرێنەری مای-سپەیس ویستی بیکڕێتەوە بە بڕی ٧٥٠ ملیۆن دۆلار.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٦ ڤیاکۆم هەوڵی دا فەیسبووک بکڕیتەوە بە بڕی ٧٥٠ ملیۆن دۆلار، بەڵام زۆگەربێرگ نرخەکەی بەرزکردەوە بۆ ٢ ملیار دۆلار،
لە هەما ساڵ دا کۆمپانیای یاهوو هەوڵی دا بیکڕێتەوە ١ ملیار دۆلاری پێشنیارکرد، بەڵام لە کۆتایی دا زۆگەربێرگ بەهیچ لە دەستپێشخەرییەکان ڕازی نەبوو.

پێنجەم: تویتەر ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری فەیسبووکی ڕەتکردەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٨ دا فەیسبووک، بەهای ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد بۆ کڕینەوە و بەدەستهێنان تویتەر Twitter، بەڵام تویتەر ڕەتی کردەوە.

شەشەم: فۆڕسکوێر ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری یاهووی ڕەتکردەوە
فۆڕسکوێر Foursquare لە ساڵی ٢٠١٠ بەکاربەری زۆری هەبوو لە سەرتاپای جیهانەوە، وە دەستپێشخەرییەکەی یاهوو تاکە هەوڵ نەبوو تەنانەت فەیسبووکیش هەوڵی دا بیکڕێتەوە، بەڵام دینس کڕاوڵی چاوەڕوانی دەرفەتی باشتر بوو.

حەوتەم: فڕیندستێر ٣٠ ملیۆن دۆلاری گووگڵی ڕەتکردەوە
فڕیندستێر Friendster لە ٢٠٠٢ دامەزراوە وەکو یەکەمین تۆڕی کۆمەڵایەتی سەر ئینتەرنێت دەبینرێ، یاهوو ٣٠ ملیۆنی بۆ کڕینەوەی پێشنیارکرد، بەڵام ڕەتیان کردەوە و چاوەڕێی دەرفەتی گەورەتر بوون.
دواتر ماڵپەڕی تری وەکو مای-سپەی و فەیسبووک هاتنەپێش، فڕێندستێر تەواو کەوتە دواوە و شکستی هێنا.

Mikael Hed - Rovio CEO


سۆران عبدالرحمن
١/٦/٢٠٢٠

پرتەوبۆڵەی من

زیاتر »

چیڕۆکی سەرکەوتن

زیاتر »

تەکنەلۆژیا

زیاتر »

دەستپێشخەری کار

زیاتر »

کار و کارامەیی

زیاتر »

گەشەپێدانی خود

زیاتر »