داتا و زانیارییەکان بایەخێکی زۆرییان هەیە لە ژیانمان دا، ڕۆژ بەڕۆژ قەبارەی داتا و پەرگەکانمان زیاد دەکەن بەو جۆرەی کە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی کۆمپیوتەرەکەمان و لاوازبوونی پێرفۆرمانسی کارکردنی.
لەوە خراپتر و ناخۆشتر ئەوەیە زانیاری و داتاکانمان لەدەست بدەین یاخود بزر بکەین یا دەکرێ بدزرێ، ئەم هۆکارانەوە و کۆمەڵێکی تر وایکرد کە بیرگەی هەوری دروست بێت و بتوانی زانیارییەکانتی لەسەر باربکەیت و هەر کاتێک و لە شوێنێک بتەوێ پێی دەگەیت.
کەواتە بیرگەی هەوری چییە؟
بیرگەی هەوری، ئەو ناوەندەیە کە دەتوانی داتا و زانیارییەکانی تێدا باربکەیت لە ئینتەرنێت دا. زانیارییەکان بەردەوام باک-ئەپ دەکرێن و لەبەرییان دەگیرێتەوە و هەڵدەگیرێن، لەبەرامبەردا بەکاربەرەکان تێچووی بەژداری مانگانە دەدەن لەبەرامبەر ئەو خزمەتگوزاریە.
بیرگەی هەوری چۆن کاردەکا؟
بیرگە هەورییەکان بەشێوەیەکی ڕێکخراو کاردەکەن، کە زانیارییەکان لە سەنتەرەکانی زانیاری - داتا سەنتەر کە دەکرێ لە هەرکوێیەکی ئەم جیهانە دابێ، لە ڕێگەی ڕووکاری وێبەوە دەتوانین بە ئاسانی پێی بگەین.
بیرگەی هەروری، زنجیرەیەک لە سێرڤەر - ڕاژەکار بەکار دەبات، کە هەموویان بەیەکەوە گرێدراون، لە جیاتی ئەوەی پێویستمان بە ڕەقەواڵە یان هەر جۆرە میمۆری و هارد-دیسکێک بێت بۆ هەڵگرتنی زانیارییەکانمان، بیرگەی هەوری هەموو ئەمەی بۆ ئاسانکردووین، بە بەکارهێنانی چەندەها سێرڤەر و بیرگە و ئاسایش و باک-ئەپی بەردەوام، وە هەرکات بمانەوێ و لە هەر کوێیەکی جیهانەوە بێت بە ئاسانی پێی دەگەین.
بیرگە هەورییەکان پاڵپشتی زۆر جۆری پەرگە دەکەن و بە هەموو جۆرە قەبارەیەک، کە بە ئاسانی دەتواندرێ باربکرێن- ئەپڵۆد بکرێن و داونڵۆد بکرێن، هەر جۆرە پەرگەیەکی وەکو وێنە، ڤیدیۆ،موزیک و فیلم و هەر جۆرە زانیارییەکی ناو مۆبایلەکەت بۆ نمونە، کە هەر کات ویستت دەتوانی زانیارییەکانت ببینی، خاوەنی پەرگە و زانیارییەکانی تر بەکاربەری تر ناتوانن پێی بگەن،
لەگەڵ ئەوەش دا بەکاربەر دەتوانێ پەرگەکانی لەگەڵ بەکاربەری تر بەژداری پێ بکات و ڕێگەی پێ بدا وێنەکانی ببینێ یان دابگرێ.
عەمباری هەوری، کڵاود ستۆرەج, بیرگەی هەوری Cloud Storage
سێرڤەر، ڕاژەکار Server
سیکیوریتی، ئاسایش Security
لەبەرگرتنەوە، باک-ئەپ Backup
داتا سەنتەر Data center
بارکردن، بەرزکردنەوە Upload
داگرتن، داونلۆد Download
پەرگە File
٢٢/٣/٢٠٢٠
سۆران عبدالرحمن