زمانی کوردی لە وەرگێڕی گووگڵ و سەرنجێک!

 لە ٢٦ی مانگی٢ی ٢٠٢٠ دا کۆمپانیای گووگڵ، پێنج زمانی نوێی زیاد کرد بۆ وەرگێڕەکەی، ئەمەش وەکو یەکەم گورزەی زیادکردنی زمانی نوێ بۆ وەرگێڕەکەی دوای ٤ ساڵ.
زمانەکانیش بریتی بوون لەمانەی خوارەوە:
Tatar, Turkmen, Uyghur, Kniyarwanda, Odia
زمانی تەتەری، تورکمان، ئویگور، کینیایی،و ئۆدیا.
زمانی کینیاڕواندا خەڵکی ڕواندا قسەی پێ دەکەن، تورکمان زمانی فەرمی تورکمانستانە، تەتەر زمانی ناوچەی ڕووسیای ئەورووپیی - تەتەرستان و سیبیریایە، ئویگور زمانی هەرێمی زینژانگ ئویگوری وڵاتی چینە، وە زمانی ئۆدیا خەڵکی هەرێمی ئودیشای وڵاتی هیندستان قسەی پێ دەکەن.
دیسانەوە زمانی کوردی/زاری سۆرانی یاخود کوردیی ناوەندی زیاد نەکرا، بە هۆکارێکی تایبەت یان ناتەواوی لە وشە زیادکراوەکان و نەگەیشتنە ئاستی بڵاوکردنەوە بەپێی مەرج و ڕێساکانی خزمەتگوزاری وەرگێڕی گووگڵ کە هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە، جێگەی ئاماژەیە لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە ڕاپۆرت بە گووگڵ درا.

لەگەڵ ئەوەش دا موژەدەیەکی باش بوو بۆ کوردزبان و کوردیزان، ئەمەش دوای ئەوەی گەنجێکی ئازیز کاک سەرچیا کە ماوەیەکە لە بواری وەرگێڕان و پرەودان بە زمانی کوردی لە پێگەی ئەلیکترۆنی ویکیپیدیا و وەرگێڕی گووگڵ خۆبەخشانە کاردەکا لەپاڵ دەیان و سەدان گەنجی تر، تێبینی ئەوەی کرد کە لە کاتی تاقیکردنەوەی وشەی کوردی لە ناو زمانی ئویگور یاخود ویگور بۆ زمانی ئینگلیزی ئەوا وەرگێڕی گووگڵ وەرگێڕانەکە ئەنجام دەدا و وشە و ڕستەی کوردی دەکاتە ئینگلیزی، ئەم سەرنجە بڵاوبووە و دەنگدانەوەی گەورەی بەدوادا هات، ئەوەی بوە مایەی سەرنج و نادروست بوو، شێوازی بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە بوو کە خەڵکی سەرلێشواند.

چۆن هەواڵەکە بڵاوکرایەوە؟
پەیج و ناوەندە ڕاگەیاندنەکان زۆر بێ باکانە و نا پڕۆفیشناڵانە مامەڵەیان کرد، کار گەیشتە ئەوەی نووسرا گووگڵ زمانی کوردی زیاد کرد، گووگڵ لە جیاتی زمانی کوردی نوسیویەتی ئویگور، کۆمپانیای گووگڵ هەڵەی کردووە، یان سوپاسکردنی کەسێکی دیاریکراو، ...هتد.

کەواتە گووگڵ هەڵەی کردوە یان چی؟
گووگڵ وەکوو ڕوونە کۆمپانیایەکی پێشەنگە و لە ترۆپکی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیایە لە جیهان دا و سەدان خزمەتگوزاری جیاوازی هەیە، وە چەندان میکانیزمی کارکردن و سیستەمی پێشکەوتووی هەیە، لەوە پێشەنگترە هەڵەیەک بکا ناوی زمانێک بە زمانێکی تر دابنێ، بەوەی چەندان تیمی جیاوازی پێداچوونەوەی پێش بڵاوکردنەوەی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی هەیە - مانای ئەوە نیە کە هەڵە ناکەن!.

گووگڵ بە هەڵە لە جیاتی زمانی کوردی نوسیویەتی زمانی ئویگور
سەردێری هەندێ سەرچاوەی ناڕاست_

ئەگەر گووگڵ هەڵەی نەکردوە بۆچی زمانی کوردی ئیش دەکا لە ژێر بژاردەی زمانی ئویگور؟
بەر لە هەموو شتێک تەنیا لەژێر بژاردەی ئەو زمانە نیە بەڵکو تەواوی ئەو پێنج زمانی کە سەرەتا باسمان کرد کە زیادکراوە، ئەمە بەهۆی سەرنجێکەوە کە تێیدا ئاماژە بە زمانی ئویگور کرا وا بڵاوبووەوە، ئەگەر نا بە زمانی کوردی هەر ڕستە و وشەیەک لەژێر بژاردەی ئەو زمانانە بنوسە وەریدەگێڕێت، 
سەبارەت بەوەی چۆن کار دەکا، پێشتر باسکرا، کە ماوەیەکی زۆرە زیاتر لە پێنج ساڵە لە ساڵانی ٢٠١٥ کۆمەڵێک گەنج خۆبەخشانە کارییان کردوە بۆ زیادکردنی وشە و ڕستە و هەڵسەنگاندن و پاککردنەوەی وشەکان و زیادکردنی وشەی دروست، بۆیە تا ئەم ساتە زمانی کوردی وشە و ڕستە باشی بۆ زیادکراوە و بەردەوام کاری تێدا دەکرێت، و بنکەدراوەی زمانی کوردی زانیاری و دراوەی پێویستی تێدایە لە وشە و ڕستە.
لەگەڵ ئەوەی بنکەدراو ئامادەیە، بەڵام هێشتا گووگڵ بە فەڕمی بژاردەی زمانی کوردی زیاد نەکردوە.
بۆیە ئێستا کە بە کوردی دەنوسێ گووگڵ توانای دەستنیشانکردن و دیارکردنی پیتەکان و ئەو زمانەی هەیە کە پێی دەنوسرێ، تەنانەت ئەگەر بە زمانی فارسی لە ژێر بژاردەی زمانی ئویگور یاخود ئۆدیا بنووسی وەریدەگێڕێت بۆ ئینگلیزی هاوشێوەی کوردی، وە بە ڕستەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە زمانی فارسییەوە وەریگێڕاوە، ئەمەش هەروەک ئاشکرایە، ڕوونی دەکاتەوە کە خزمەتگوزارییەکەی گووگڵ پشت بە ژیری دەستکرد و ناسەرەوەی بەهێز دەبەستێ لە توانای دایە تەنانەت ئەگەر زمانەکەش دیاری نەکرێ توانای دەستنیشانکردنی هەبێ.

چەند ڕاستییەک!
- پڕۆسەی وەرگێڕان، پڕۆسەیەکی درێژخایەنە، وە ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامە.
- هێشتا بە فەڕمی زمانی کوردی سۆرانیی لە وەرگێڕی گووگڵ بەردەست نیە و ناتوانی لە لیستی زمانەکان بیبینیەوە.
- کاری وەرگێڕانەکە، کارێکی هاوبەشە و لەچوارچێوەی پلاتفۆرمی گووگڵ کراودسۆڕس دا چەندین کەس و گروپی جیاجیا لێرەولەوێ خۆبەخشانە کاری تێدادەکەن و پێشتر کردویانە.
- بژاردەکردن و خاوێنکردنەوەی وشەکان و هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەی گونجاو لە گروپی تایبەت تا لە ساڵانی پێشوو کاری بۆ کرا.
- ئەم پرۆسەی زیادکردنە پێویستی بە کەسانی شارەزا لە زمان و ڕێزمان و خاڵبەندی هەیە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هەوڵی خۆبەخشانە، کەسێک یان دووان ناتوانن زمانەکە زیاد بکەن، بەڵکو چەندین کەسی پێویستە بۆ هەڵسەنگاندن و ڕاستکردنەوەی وشە و ڕستە ناتەواوە وەڕگێڕدراوەکان.
- تەمەنی پڕۆسەی وەرگێڕان بۆ زیاتر لە پێنج ساڵ دەچێت و هەنگاوی باشی بڕیوە، ئومێدی زۆر هەیە لە ماوەیەکی کورت دا زمانی کوردی بەردەست دەبێ.



پاڵنەری ئەم نوسراوە ئەم چەند خاڵەی خوارەوەیە:
- ناتەواوی لە گەیاندنی زانیارییەکە و ناڕۆشنی ئەم باسە لەلایەن خەڵکییەوە، بەهۆی کەمی زانیاری و بێ گەڕانەوە بۆ بەدواداچوون کردن لە هەواڵەکە.
- خەڵکێک لێکدانەوەی هەڵەی بۆ باسەکە کرد تەنیا بە بیستنی ناوی زمانێکی تر، و کۆمەڵێک کەس لێی بوو بە خاوەن!
- دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاگاداری لایەنی تەکنیکی و پڕۆسەکە نین و دوور لە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی و بێ بەدواداچوون بۆ شتەکە هەواڵ دەچننەوە.
- تاکو ئێستا ئەکادیمیای زانستی و تەکنەلۆژیا بۆ یەک وتاری و توێژینەوەمان نیە و سەرتۆپکی ئەزمونکارمان کەمە و لایەنی حکومی هاوکاری پێویست نەبووە.
- ئەم نوسین و ڕوونکردنەوەیە وەکو ئەرکێکی ئیتیکی لە مێژووی نوسراو دا دەمینێتەوە.

بیزانە! : کۆمپانیایەکی گەورەی وەکو گووگڵ کە لە لوتکەی باشترین و بەهێزترین کۆمپانیای بواری تەکنۆلۆژیایە، کار لەگەڵ تاک دا ناکات، بەڵکو کۆمیونیتی - گروپی کار و چالاکی هەیە بۆ خزمەتگوزارییەکانی، لە نێویان دا وەرگێڕی گووگڵ و زیادکردنی زمان، کە پێویستە چەندین کەس بەژداربن و هاوکاری یەکتر بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی چالاکی یەکتر.

لە کۆتایی دا شادمانین کە هەوڵی ئەو هەموو ساڵەمان دەبینین وە ئومێدی لەسەرهەڵدەچنین. دەستی هەموو ئەو گەنجانە خۆش بێت کە بە نادیاری و بێ باکانە بە چەند وشەیەکیش بێت بەژداربوون لەم ئەرکە گەورەیە، کە لە داهاتوو دا گرنگییەکەی زیاتر دەردەکەوێ، کە جیا لە سود بینین لە وەڕگێڕانەکە، لە ناسینەوەی وشە و فرمانی دەنگی و ژێرنووسی خۆکاری سەر ڤیدیۆ و فیلم و وەرگێڕانی خێرای تەواوی ماڵپەڕەکان و توێژینەوە و سەرجەم زانیارییەکانی ئینتەرنێت دا هاوکار دەبێت و کات و توانای مرۆیی زۆر دەگێڕێتەوە.

٢٩/٢/٢٠٢٠
سۆران عبدالرحمن
ئەندازیاری ئایتی



#Kurdish_language #GoogleCrowdSource #GoogleTranslate #Contributions #Kurdi #AI #TechFuture #DerwazeTech

پرتەوبۆڵەی من

زیاتر »

چیڕۆکی سەرکەوتن

زیاتر »

تەکنەلۆژیا

زیاتر »

دەستپێشخەری کار

زیاتر »

کار و کارامەیی

زیاتر »

گەشەپێدانی خود

زیاتر »