کتێبەکانم لە ٢٠١٨ دا

  دیسانەوە هاتینەوە کۆتایی ساڵ، وەکو چەرخ و فەلەک هەندە خێرایە هەر لە چاوتروکان دەچێت، ئەم ساڵیش وەکو ساڵانی پێشوو لیستی کتێبەکان کە لە ماوەی ئەم ساڵەدا خوێندمەوە، هەر چەندە ئەم ساڵ 
هەگبەکەم نیمچە بەتاڵ یاخود بگرە بەتاڵ بوو لە کتێب، لەگەڵ ئەوەش دا لام وایە ژمارەی پەڕە و لاپەڕە وکتێب نابێتە پێوەرێک بۆ ئەوەی من شتێکم خوێندوەتەوە یان نا یاخود ئەوەی حەزم بە خوێندنەوەیە یان چی....! (*)

کۆمەڵێک هۆکار و سەرقاڵ بوون بوونە بەربەست لەوەی باشتر بخوێنمەوە
بەوەی ماوەیەک خۆم سەرقاڵ کرد بە کێشانی وێنەوە، کەمێک فێربوونی وشەی زمان، کار و پیشەی ڕۆژانە...هتد

لەو کتێبانەی کە ئەم ساڵ خوێنمەوە
یادداشتەکانی سەگێکی عێراقی - عبدالهادی سعدون
هۆتێل ئەوروپا - فەرهاد پیرباڵ

کتێبی یەکەم لە چەند ڕۆژی کۆتایی ساڵ فریای خوێندنەوەی کەوتم و چێژم لە خوێندنەوەی بینی
وە سەبارەت بە هۆتێل ئەوروپای فەرهاد پیرباڵ لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ دا خوێنمدەوە لە چەند مانگی یەکەم دا
کە ئەویش تا ڕادەیەک کتێبێکی خۆش بوو لە خوێندنەوە دا وە یەکەمجار بوو کتێبی ئەو نوسەرە بخوێنمەوە.
لەگەڵ یەک دوو کتیبی تر کە یادم نیە ناوەکانیان.





سۆران عبدالرحمن
٩:١٦ ی شەوی ٣١/١٢/٢٠١٨

نهێنی دڵخۆشی - پاوڵۆ کۆیڵۆ

کابرایەکی بازرگان کوڕەکەی ناردە لای کەسێکی زۆر دانا تاوەکو فێری نهێنی دڵخۆشی ببێت.
کوڕی بازرگان بۆ ماوەی چل ڕۆژ بە بیابان دا ڕۆیشت تاوەکو گەیشتە بەردەم دەروازەی کۆشکێکی سەرنجراکێش لە لوتکەی چیایەک. پیاوی دانا لەم شوێنە دەژیا.

لە جێگەی ئەوەی پیاوێکی پیرۆز ببینێت, کوڕەکە چووە هۆڵێکی گەورەی پڕ لە جۆش و خرۆشیەوە، بازرگانان دەچوونە ژوورەوە و هەبوو دەردەچوو، کۆمەڵە خەڵکێک لە سوچەکانی هۆڵەکە گفتوگۆیان دەکرد، گروپێکی موزیکی موزیکیان دەژەنی.
مێزێکی لێبوو پڕ بوو لە باشترین خواردنەوەکانی ناوچەکە. باوی دانا لەگەڵ خەڵکی قسەی دەکرد،
گەنجەکە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر چاوەڕوان بوو تاوەکو
سرەی هات قسە بکات.


پیاوی دانا زۆر بە وریاییەوە گوێی بۆ گەنجەکە گرتبوو کە هۆکاری سەردانەکەی بۆ باس دەکرد، بەڵام پێی ووت کاتی ئەوەی نیە نهێنی دڵخۆشی بۆ ڕوون بکاتەوە،
پێشنیاری بۆ گەنجەکە کرد کە بە ناو کۆشکەکەدا بسوڕێتەوە و پاش دوو کاتژمێر بگەڕێتەوە بۆ بینینی.
وە دەمەوێ داوایەکت لێ بکەم، پاشان کابرا بەدەم قسە کردنەوە کەوچکێکی بچوکی دایە دەست کوڕەکە و دوو دڵۆپی ڕۆنی تێدابوو.
داوای لێ کرد لە ماوەی سوڕانەوەکەی دا بە ناو کۆشک ئەم کەوچکەش لەگەڵ خۆی ببات، بەڵام ڕێگە نەدا دڵۆپە زەیتەکان بکەون."


گەنجەکە دەستی کرد بە گەڕان و سەرکەوتن و دابەزین بە هەموو پەیژەکانی کۆشک دا و چاویشی هەر لەسەر کەوچکەکە بوو، دوای دوو کاتژمێر گەڕایەوە بۆ لای جەنابی دانا.

کابرای دانا پرسی: کەواتە ڕایەخە فارسییەکانت بینی لە ژوورە تایبەتیەکەم؟ ئەو باخچەیەت بینی کە سەرکاری باخەوانەکان بۆ ماوەی دە ساڵ کاری تێداکرد؟ نوسراوە جوانەکانی کتێبخانەکەمت بینی؟

گەنجەکە پەرێشان بوو، دانی بەوەدا نا کە هیچی نەبینیوە، لەبەرئەوەی تەنیا چاوی بەو دڵۆپە ڕۆنانەوە بوو کە جەنابی دانا پێی دابوو.
"کەوابێ بگەڕێوە و جیهانە نەوازەکەم ببینە، ناتوانی باوەڕ بە ئینسان بکەی، ئەگەر دەربارەی ئەو شوێنەی تێیدا دەژی نەزانین" کابرای دانا ئەمەی وت.


گەنجەکە کەوچەکەکی هەڵگرت و ئێستا زیاتر دڵنیاتر بوو،  گەڕایەوە و دەستی کرد بە سوڕانەوە بە کۆشکەکەدا، بە ووردی لە کارە هونەرییەکانی سەر دیوار و بنمیچەکانی دەڕوانی، دیمەنی چیا و گوڵ لە کارە هونەرییەکان دا بینی کە لە شوێنی گونجاو نەخشێرنرابوون،  کە گەڕایەوە بۆ لای کابرای دانا 
بە وردی باسی ئەو شتانەی بۆ کرد کە بینیبووی.


بەڵام ئەی دوو دڵۆپە ڕوونەکە لە کوێن؟ کابرای دانا پرسی
کوڕی گەنج سەیرێکی کەوچکەکەی کرد زانی کە دڵۆپی ڕۆنی لێ کەوتووە،
لەم کاتەدا کابرای دانا ووتی: 
ئەمە تاکە ئامۆژگارییە کە دەبوو پێتی بدەم: 
نهێنی دڵخۆشی ئەوەیە کە لە هەموو جوانییەکانی دونیا بڕوانی بەبێ ئەوەی لەبیریبکەی کە دوو  دڵۆپی ڕۆن لە کەوچکەکەدان


نهێنی دڵخۆشی - پاۆڵۆ کۆیڵۆ
The Secret to Happiness - Paulo Coelho 






9/12/2018
سۆران عبدالرحمن

گرنگترین زاراوەکانی سیۆ


ئەوەی خاوەنی پەڕەیەک، ماڵپەڕێک، بلۆگێک یاخود هەر پەڕەیەکی ئەنتەرنێت بێت پێویستە زانیاری هەبێ دەربارەی ئامێرەکانی گەڕان (1) وە چۆنیەتی سود بینین لێیان، زاراوەی "سیۆ" کە کورتکراوەی "پوختەکردنی ئامێرەکانی گەڕان" ـە
یان بە واتایەکی تر چۆن وا بکەی ماڵپەڕەکەت گونجاو بێت و بە دروستی ڕێکبخرێ کە ئامێرەکانی گەڕان بتوانن بە ئاسانی زانیارییەکان ببەن و لە کاتی گەڕانی بەکاربەران دا نیشانی بدەن.

بۆ ئەوەی شتێک دەربارەی ئەم باسە بزانی کۆمەڵێک وشەگەل هەن پێویستە بیانناسین

SEM
بە واتای بە بازاڕکردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان

کە ئەمەش دەکرێتە دوو بەشەوە

SEO - پوختەکردنی ئامێرەکانی گەڕان
باشترکردنی ماڵپەڕەکەت کە گونجاو بێ لەگەڵ ئامێرەکانی گەڕانی وەکو گۆگڵ، لە دەرئەنجامی گەڕانەکان دا بەشێوەی سروشتی خۆی لە سەرەوە دەرکەوێت


PPC  - پێدان بە کرتە
ئەمەیان شێوازی دەرکەوتنی پارە بۆ دراوە، واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان تۆ ڕێکلام دەکەیت، لە کاتی گەڕانەکان دا نیشان دەدرێت
بۆ نمونە: تۆ هۆتێلت هەیە، کاتێک خەڵک لە گۆگڵ لە هۆتێل دەگەڕێ، ئەگەر هاتوو ئەم جۆرە ڕێکلامەت کردبوو لە گۆگڵ
ئەوا لە کاتی گەڕان دا لە یەکەمین دانە دا لینکی ماڵپەڕی تۆ دەردەکەوێ وە  گۆگڵ ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەم پەڕە سپۆنسەرکراوە.



Backlinks
بەستەری دەرەکی، واتە کۆمەڵێک ماڵپەڕ و پێگەی تر لینکی ماڵپەرەکەی تۆ دادەنێن و ئاماژەی پێ دەدەن ،
کە ئەمە زۆر گرنگە بۆ ماڵپەر و لە دەرئەنجامەکانی گەڕان باشتر دەبینرێ،
کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە بەسەر پلەبەندی و دەرکەوتنی ماڵپەڕەکەوە لە کاتی گەڕان

چەندین ماڵپەڕی تایبەت هەیە بە خۆڕایی بەستەری دەرەکی دروست دەکەن، بە دانانی لینکی ماڵپەڕەکەت لە سەدان ماڵپەڕی تر
بەمەش دەبێتە هۆکارێکی باش بۆ ماڵپەڕ کە بەستەری دەرەکی هەبێت.



PageRank
پلەبەندی و ئاستی پەڕە، بە یارمەتی و پشتبەستن بە کۆمەڵێک هاوکێشە و رێسای تایبەتەوە ئامێرەکانی گەڕان پلەبەندی بۆ ماڵپەڕەکان دەکەن، لە وانە پوختی و تەواوی ناوەڕۆکی ماڵپەر، ڕێژەی سەردانی بۆ ماڵپەڕەکە، ڕێژەی بەستەری دەرەکی


Keywords Research
کلیلە ووشەکان، کۆمەڵێک کلیلە ووشە هەن کە وا دەکەن ماڵپەڕەکەت لە پلەبەندی دا سەربخات، وە زۆرترین جار بەکار ببرێتەوە لە ناو ماڵپەڕەکە کە وا دەکات بە بەرفراوانی بڵاو بیێتەوە و ئامێرەکانی گەڕان بە ئاسانی پێی بگەن و ببێتە هۆی سەرخستنی پلەبەندی ماڵپەڕەکە



Title Tag
ناونیشانی پەرە، ڕۆلێکی گەورەی هەیە لە باشترکردن و پێشختنی سیۆی ماڵپەڕ، بە بەکارهێنانی ووشەی دەگمەن و سەرنجراکێش کە وا بکات سەردانیکاری زیاتر ڕابکێشێت
بۆ نمونە: هەر کارتێک کە پەڕەیەکی نوێ دروست دەکرێ پێویستە ناونیشانێکی هەبێ لەگەڵ ناوڕۆکەکەی بگونجێ و ناونیشانێکی دەگمەن بێت


Meta Tag
تاگە ناسێنەرەکان، وەکو تاگی ناونیشان، ئەمەش یارمەتیدەرە کە وا دەکات ئامێرەکانی گەڕان باشتر بە ماڵپەڕەکە بگەن و زانیارییەکان ببەن و لە دەرئەنجامەکانی گەڕان نیشانی بدەن
بۆ نمونە: ماڵپەڕەکەت تایبەتە بە هەواڵ، پێویستە تاگی ناسێنەری تایبەت بە هەواڵی دابنرێ
وەکو: هەواڵ ، هەواڵەکان، نوێترین زانیاری، دەربارەی وڵات، اخبار، هەوال، خبر....


Search Algorithmئەلگۆریثمەکانی گەڕان
ئەم ئەلگۆریثمانە لە ئامێرەکان بەکاردەبرێ بۆ دۆزینەوەی دەرئەنجامی گونجاو و دروست بۆ بەکاربەر، بریتین لە کۆمەڵێک هۆکار کە وا دەکەن بە پێی گونجاویان بۆ ماڵپەڕ و پەڕەکان ، پلەبەندی بدەن بە ماڵپەڕ و چۆنیەتی دەرکەوتنی لە کاتی گەڕان


SERP - Search Engine Results Page
پەڕەی دەرئەنجامەکانی گەڕان، ئەو پەڕەیەیە کە دەردەکەوێ لە کاتێک دا تۆ بەدوای شتێک دا دەگەڕێی لە ئامێرەکانی گەڕانی وەکو گۆگڵ بە نمونە


 Spiders
جالجالۆکەکانی وێب، کۆمەڵێک بەرنامە یاخود ڕێسان کە بە پەڕەکان دا دەگەڕێن لە پێناوی دۆزینەوەی پێشنیارکراو و دەرئەنجامی دروست بۆ ئامێرەکانی گەڕان، تاوەکو کە بەکاربەر لە هەر وشەیەک بگەڕێ بە ئاسانی باشترین دەرئەنجامی پێ بدات.


 ئەمە هەندێک بوو لە دەیەها ووشە و زاراوەی تر دەربارەی ناسین و چۆنیەتی باشترکردنی سیۆی ماڵپەڕەکەت
یاخود چۆنیەتی دەرکەوتنی لە گەڕانی وەکو گۆگڵ و پلەبەندی و ئاستی بڵاوبونەوەی لە ناو ئامێرەکانی گەڕان دا






مه‌کینه‌ی پشکنه‌ر، ماتۆڕی پشکنه‌ر، نه‌رمه‌واڵه‌ی پشکنه‌ر    search engine (1)

٦/١٢/٢٠١٨
سۆران عبدالرحمن

تاقیکردنەوەی ئای کیو تێست

تاقیکردنەوەی ئای کیو IQ یاخود تاقیکردنەوەی ڕێژەی زیرەکی، کە بریتیە لە کۆمەڵێک پرسیار بە وەڵامدانەوەیان دەکرێ ڕێژەی زیرەکی کەسەکان بەشێوەیەکی نزیکەیی دیاری بکرێت، یەکێکە لە تاقیکارییەکان بۆ پێوانەکردنی توانای مرۆڤ لە شیکارکردن و بیرکردنەوەی لۆژیکی، ئای کیو پشت دەبەستێ بە توانای کەسەکە لە چۆنیەتی بیرکردنەوەی شیکارییانە و بچوککردنەوەی کێشەکان و پاشان چارەسەرکردنیان.
زۆرجار بەکاردێت وەکو یەکێک لە ڕێگەکانی تاقیکردنەوەی ئەو کەسانەی خواستی کارکردنیان هەیە، بۆ پێوانەکردن و دیاریکردنی ئامادەیی کارمەند بۆ کارەکەی بەشێوەیەکی بەهرەمەندانە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بەربەستانەی دێنە ڕێگەی.

ئای کیو تێست لە ڕاستی دا پێوانەکردنی لایەنی شیکاری و لۆژیکی یە لە ژیری دا، لە کاتێک دا کە ژیری بەپێی پێناسەی زانایان کۆمەڵێک بەشی تر لە خۆ دەگرێ، ژیری کۆمەڵایەتی، ژیری ڕۆشنبیری و جۆرەکانی تر، کە ئەم تاقیکارییە ناتوانێ پێوانەیان بکا، بۆیە ئاساییە کە کەسانێک لەم تاقیکارییە نەتوانن نمرەی بەرز دەستبهێنن، ڕەنگە لە بوارەکانی تر دا خاوەنی ژیری و توانای زیاتر بن. خەڵکێکی زۆر هەن لە ژیانی پیشەیی و زانستی و کۆمەڵایەتی سەرکەوتوون لە کاتێک دا خاوەنیی ژیرییەکی زۆر نین.

باشترە ئەم تاقیکردنەوەیە لە کاتێکی گونجاو دا بکرێت، کە کەسەکە لە دۆخێکی چالاک دایە.

پێوەری جیهانیی بۆ نمرەی زیرەکی: نمرەی کەمتر لە ئاستی زیرەکیی ئاسایی : 58 - 68
نمرەی زیرەکیی ئاسایی : 68 - 80
نمرەی زیرەکیی باش : 80 - 115
نمرەی زیرەکیی زۆر باش : 115 - 125
نمرەی زیرەکی نایاب، نزیک لە بلیمەتی : 125 - 135
نمرەی زیرەکیی نایاب، بەهرەمەند بە پێوانەی بلیمەت : 135 - 145
نمرەی زیرەکیی بە پلەی بلیمەتی : 145 - 165
بلیمەت بە پلەی بەرز : 165 - 185
بلیمەتی باڵا و دەگمەن : 185 - 200








سۆران عبدالرحمن
٣٠/١٠/٢٠١٨

هێشتا دەتوانین ڕێگەیە باشتر بدۆزینەوە

دەمێکە نەم نوسیوە، ڕەنگە بلۆگەکەم بیری کردبم، هەرچەندە بەردەوام سەردانی دەکەم و بە نوسینەکانی پێشووم دا دەچمەوە هەڵبەتە بەشی خۆیان هەندێ یادگارییان تێدایە.
ڕۆژ دوای ڕۆژ جەنجاڵی ژیان وە خێرابوونی کات و سەرقاڵی مێشک لە زیادبوون دایە،
بەوەی کە سەردادەگرین و تاوێک چاو لە مۆبایل دەخشیێنین چەندین سەعات دەخایەنێ، بگرە چەندین ڕۆژ و تەنانەت ساڵیش.
خۆم بە نمونە وەربگرم، تا ئەم دەمەی ئێستا ئەوە ١٢ ساڵێکە سەرم خزاندۆتە ناو دونیای کۆمپیوتەر
 هێشتا سەرقاڵم و بەردەوامم و دەبێ بەردەوامیش بم، ڕەنگە نەزانم بۆچی، ڕەنگە ناچاربم بۆ ئەوەی بەردەوامی بدەم بە ژیان...
کە ڕۆژگارێک بە سودفەش بێ سەر هەڵدەبڕینەوە دەبینین جێماوین یان باشترە بڵێم تەنیا کەوتووین لە ناو بازنەیەکی بچوک دا، کە سەر بەرز دەکەینەوە دەوروبەرەکە گۆڕاوە نا دەوروبەر ناگۆڕێ ڕەنگە ئازیزانمان دەگۆڕێن، هێشتا چاوت نەتروکاندوە و باش لێت نەڕوانیون باش گوێت بۆ نەگرتوون، چەند قسەیەکتان بەیەکەوە نەکردوە ...بەشێکیان دەڕۆن، بەشێکیان ڕۆیشتوون، سیماکان گۆڕاون، ڕەنگە شێواون، بگرە نەماون...
لە پێناوی چی!؟ بۆ دەبێت بەردەوام بین
ڕۆژگارێک زوو زوو بگرە ڕۆژانە لەم بلۆگەوە شتم دەنوسی، دەسڕیەوە، تێکدەدا... ئێستا کەمترە بێگومان
هەندێ جار خۆزگە دەخوازم هیچ کات نەمنوسیبا، تێکەڵ سەردەمی تەکنەلۆژیا نەبووما، لەو مەجالە ئیشم نەکردبا...
ڕەنگە درەنگ بێ بۆ خۆزگە، ئیتر کە نیوەی ڕێگەکەت گرتە بەر دووبارە گەڕانەوە و لادان لێی بونی نەبێ!
هەرچەندە بیرمە چەندان جار بە خەیاڵ لە دڵی خۆم دا لە هەندێ دۆخ دا ووتومە، ئەگەر هیچ رێگەیەک نەبوو، کەس ڕێگەیەکی نیشان نەدای، ئەوا خۆت ڕێگەیەک بۆ خۆت دروست بکە،
ئێمە زۆرجار ڕێگەی جیاجیا دەگرینە بەر، لە کۆتاییەکەی کە ئیرادەی بەهێزمان نیە و نامانەوە ئەوا زوو ماندووی ڕێگەکە دەبین.




* ئەوەندە بە شێوەی نوسینەوە گیرۆدەبوومە ناتوانم بە ئازادانە و بێ بەکارهێنانی وشەی تەواو کوردی بنوسم
ئەم جارە ویستم ئازادانە تر بم، ڕەنگە سەرکەوتوو نەبووبم هەر وەک لە تێبینیەکەم ڕا دیارە، دەی بەڵکو لە جارانی دواتر دا.

هەر لەبەر ئەمەی کە نوسیم، لە نیوەی باسەکەدا ، لاپتۆپەکەم پاترییەکەی تەواو بوو و کوژایەوە، وە چاویشم زۆر دێشی و و کاتەکەشی درەنگە، نمونەی خراپی ئەوەی کە پێشتر ووتمان  =)



سەعات ١:٣٠ ی دوا نیوە شەو
لە بەرواری ٢٢/٩/٢٠١٨
سۆران عبدالرحمن

پرسیارە گشتی و باوەکانی کاتی چاوپێکەوتنی کار

کۆمەڵێک پرسیاری سەرەکی کە لە کاتی چاوپێکەوتن کارمەندی بەشی سەرچاوە مرۆییەکان دەیپرسن

١- باسی خۆت بکە
لێرەدا هەوڵ بدە بە کورتی لە کەمتر دوو خولەک دا باسی گرنگترین شتەکان بکە، شارەزایی و ئەزموونت، ئەو کارانەی پێشتر ئەنجامت داوە، هەر کارێک کە هەست دەکەی کە نزیکت دەکاتەوە لەم هەڵی کارەی هەوڵی بۆ دەدەی.

٢- دوای 5 ساڵی تر بەکوێ دەگەی؟
لە ڕێگەی ئەم پرسیارەوە دەیانەوێ بزانن خواست و بیرکردنەوەت بۆ داهاتووت چۆنە، ئایا کەسێکی خەونی گەورەت هەیە، هەوڵ دەدەی بۆ داهاتووت، لە کارەکەت چەندە پێش دەکەوی.
بۆیە هەوڵ بدە وەڵامێکی گونجاو بدەی بە بینینت بۆ داهاتوو.

٣- ترست لە چی هەیە؟
لێرەدا هەوڵ دەدەرێ خاڵە لاوازەکانی کەسی خوازیاری کارەکە دیاری بکرێ، کە پرسیارێکی هەستیارە. بۆیە پێویستە ترسەکانت کەمبێت و زیاتر هەوڵیت بۆ گەشەپێدانی خۆت و ئەزمونی کارەکەت بێت.

٤- خاڵە بەهێزەکانت چین؟
پرسیارێکی گرنگە بۆ هەردوو لا، لێرە دەتوانی توانا و ئەزمون و هەموو خاڵە بەهێزەکانت دیاری بکەی کە پەیوەستە بە کارەکەوە،
توانای چارەسەرکردنی کێشە، گرنگیدان بە کات، ڕەفتاری باش، گرنگی دان بەو کارەی پێت دەسپێردرێ.

٥- بۆچی کاری پێشووت جێهێشت؟
ئەگەر پێشتر کارت کردبێ، ئەم پرسیارەت ئاراستە دەکرێ، بۆچی جێتهێشت!؟ هەمیشە لەیادت بێ، هەرگیز گلەیی و گازاندە لە بەڕێوبەری پێشوو، خاوەنکاری پێشوو مەکە.
ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە لە داهاتوو دا ئەگەر ئەم کارەش جێبهیڵی تۆ گلەیی دەکەی.

٦- بۆچی دەبێ تۆ وەربگیرێیت؟ بۆچی وەرتبگرین؟
بۆ وەڵامی ئەمە، تۆ کۆمەڵێک توانا و چالاکی و شارەزاییت هەیە کە دەتوانی ئەم کارە بکەیت و بەڕێوەی ببەی، وە تۆ توانای زیاترت هەیە لەوەی کە پێویستە بۆ ئەم کارە.

٧ - پێشیبینی چەند دەکەی وەکو موچە؟
پێویستە ئامادەکاری بکەی بۆ ئەم پرسیارە، باشترە بە ژمارە هیچ دیاری نەکەی، باشترین وەڵام ئەوەیە کە بڕێکی ناوەندی بڵیی موچەیەکی ناوەندی کۆمپانیاکە، کە ئەو کەسانەی هاوشێوەی تۆن و لە هەمان پلە و هەمان ئاستی تۆ وەریدەگرن.
ئەگەر کرا وەڵامەکە دوابخەی بۆ چاوپێکەوتنەکانی داهاتوو باشتر دەبێ، کاتێ کە ڕەزامەندی لەسەر کارکردنت درا لە کۆمپانیاکە.

٨- هیچ پرسیارێکت هەیە؟
زۆربەی وەڵامەکان "نەخێر" ـە، کە ئەمەش وەڵامێکی هەڵەیە، باشترە وا نیشان بدەی زانیارییت دەربارەی کۆمپانیاکە هەیە و پێشتر بەدواداچوونت کردوە بۆ کارەکە و کۆمپانیاکە، دەتوانی چەند پرسیارێک بکەی بەپێی ئەو زانیارییانەی پێشتر زانیوتە دەربارەی کۆمپانیاکە.

٩- چ شارەزاییەکت هەیە لەم بوارەدا؟
ئەگەر یەکەمجارتە بۆ ئەم جۆرە کارە هەوڵدەدەی و دەتەوێ کاری تێدا بکەی، هەوڵ بدە ئەو شارەزایی و ئەزموون و توانایانە بخەڕوو کە هەتە و پەیوەندی بەم کارەوە هەیە.
ئەگەر پێشتر لە هەمان بوار کارتکردوە، ئەوا هەموو ئەو شارەزایی و چالاکیانە بخەرەڕوو کە پێشتر لە کارەکەت ئەنجامتداوە.

١٠- بۆچی دەتەوێ - حەزدەکەی لەگەل ئێمە کار بکەی؟
پێویستە وەلامێکی گونجاوت پێبێت بۆ ئەم پرسیارە، بەرامبەرەکەت دەیەوێ بزانێ زانیارییت چەندە دەربارەی شوێنی کارەکە و چەندە خۆت ئامادەکردوە، 
بێگومان هەموو کۆمپانیایەک - شوێنێک، خاڵی بەهێزی هەیە، بۆ نمونە کۆمپانیایەکی گەورەیە و ناودارە و باوەڕپێکراوە، کارکردن بەشێوەی گروپە بەرەو پێشت دەبات و گەیشتن بە ئامانجەکان و مەبەستەکان ئاسانتر دەبێ و کۆمپانیا پێشدەخا.

١١- لە ژێر فشاردا کارکردن و کاردانەوەت چۆن دەبێ؟
بۆ ئەمە پێویستە وەلامێکی ئەرێنیت هەبێ، کە تۆ دەتوانی لە ژێر هەر فشار و کەمی ماوە و زۆری ئەرکەکان دا بەسەر کارەکەدا زال دەبیت و بە باشی کارەکە ئەنجام دەدەی،
هەوڵ مەدە بیر لەوە بکەیتەوە کە تۆ توانای کارکردنت نیە لە ژێر فشار دا،بەمە کارەکە لەدەست دەدەی.

١٢ - ئەو جۆرە کەسانە کامانەن کارکردنت لەگەڵیان دا قورسە؟
لێرە وەڵامەکەت بۆ بەرامبەر گرنگ نیە کە چ جۆرێک، بەڵکو ڕەفتارت چۆن دەبێ بەرامبەر هاوڕێکانی کار، لە هەموو دۆخەکان، ئەو کەسانەی حەز دەکەی کاریان لەگەڵ بکەیت و ئەوانەشی بە کارکردن لەگەڵیان ناڕەحەتی.

دەکرێ وەڵامێکی زانستی کار و فەلسەفییت هەبێ، بەوەی؛ حەز بە کارکردن لەگەڵ ئەو کەسانە ناکەی کە کردنی بە کار نادەن و نرخی کارکردن نازانن، و لەبەرامبەردا پێویستە هەموو بەیەکەوە کاربکەین و بە هاوبەشی کارکردن کارەکان ئاسانتر دەبێ و ئەوەی داواکراوە زووتر دەستی دەخەین.


Interview questions - AlfbeTech

....................................................................
* سەرچاوە مرۆییەکان - الموارد البشرية - Human Resources


سۆران عبدالرحمن
١٧/٦/٢٠١٨

بێچوە پشیلەی هاوسەفەر

لەم شەوانە جار جار پیاسەیەکی پێ ڕۆیشتنی شەوە هاوینە دەکەین، دوێنی شەو بۆ بە ڕێگەیەکدا تێدەپەڕین، چەند کۆڵانێک لەولاتری کۆڵانی خۆمان، لە پڕێک دا بێچوە پشیلەیەک بەدیار کەت لە چۆڵایی لای ماڵێکەوە، وردە وردە کەوتە ڕێ لەگەڵ ئێمە، یاری دەکرد و خۆی دەدا عەرزا و دەچووە ناو گژوگیا و دەوەنی دەوروبەر و ڕایدەکرد، ئیتر هەر لەگەڵمان بووە هاوسەفەر،چەند جارێک بە ناوی "جوجو" بانگم دەکرد وەکو ئەوەی ناوی خۆی بێت و تێبگا بە بیستنی ناوەکە دەهات، هەر جارێک دوور دەکەوتەوە و خۆی دەهێنا بە دیوار و گژوگیا بانگ دەکرایەوە وەکو ئەوەی چەندین ساڵە ناوی ئەو بێت ڕایدەکرد و نزیک دەبووە و لە پێشمانەوە دەڕۆیشت، 
زۆر سەرنجراکێش بوو بە دۆستی هاوڕێگامان، لەو ماوەیە تاوەکو گەڕاینەوە کۆڵانەکەی خۆمان و لای ماڵی خۆمان نزیکەی یەک کیلۆمەتر  هات، تاوەکو گەیشتینە بەر دەرگا، ئیتر لەو بەرەوە سەرقاڵ بوو و بە پاشماوەی خۆراکی خانووی بەرامبەر، چەند جارێک بانگم کردوە ئیتر کەوتە دونیایەکی ترەوە لێرەوە پیاسەکەی ئێمە تەواو بوو وە هاوسەفەرییەکەی ئەویش!


١٠/٤/٢٠١٨
سۆران عبدالرحمن

سەربوردەی ئەسپەکە و پارچە گوریسێک

پیاوێک بە شارۆچکەیەکی دوورەدەستی بچوک دا تێپەڕی، تاکە ئەسپێک سەرنجی ڕاکێشا. واقی ووڕما کە ئەم ئاژەڵە بەهێزە بەهۆی گوریسێکی بچوکەوە بەستراوەتەوە بە کورسییەکی بچوکەوە. بە بێ هیچ زنجیر و پێوەندێک ، بە بێ هیچ شتێک. ڕوون بوو کە ئەسپەکە دەتوانێ لە هەر کاتێک دا بیەوەێ دوور بکەوێتەوە و هەڵێ، بەڵام لەبەر هۆیەک واناکات!

کەسێکی بینی لەو نزیکەدا کە لە خاوەنەکەی دەچوو، پرسیاری لێ کرد بۆچی ئەو ئاژەڵە لەوێ وەستا و هیچ هەولێک نادا تاوەکو دوور بکەوێتەوە.
خاوەنەکەی ووتی "کاتێک کە بچوکن، زۆر بچوکن هەمان گوریسی بچوک بەکاردەهێنین بۆ بەستینەوەیان لەو کاتەدا، بەسە بۆ هێشتنەوەیان و ڕێگریکردن لە ڕۆیشتنیان، بێگومان هەوڵ دەدا دوور بکەوێتەوە، بەڵام هەر زوو فێردەبێ کە توانای نیە وا بکات، کاتێکیش کە گەورە دەبن، هەمان باوەڕیان هەیە کە ناتوانن دەرچن. باوەڕیان وایە هێشتا گوریسەکە ڕێگر دەبێت، هەوڵ نادەن دەرباز بن و دوورکەونەوە جارێکی تر."

پیاوەکە بەم وەڵامە سەرسام بوو، کە ئەم ئاژەڵە هەر کاتێک بیەوێ دەتوانێ دوورکەوێتەوە، بەڵام لە بەر ئەوەی باوەڕی وایە کە ناتوانێ، بۆ یە لەوێ دەمینێتەوە...


و: سۆران عبدالرحمن
٥/٢/٢٠١٨

‘Grazing Under a Big Sky’ by Luna North
‘Grazing Under a Big Sky’ by Luna North




The Horse and The Rope
As a man was passing through a small outback town, a sole horse, caught his eye. He stopped momentarily and was puzzled by the fact that this powerful creature was being held by only a small rope loosely tied to a small chair. No fences, no chains, no barn gates. It was obvious that the horse could, at anytime, break away from its bond but for some reason, it did not.

He saw what looked to be the owner nearby and asked why this animal just stood there and made no attempt to get away. “Well,” the owner said, “When they are very young and much smaller we use the same small size rope to tie them and, at that age, it’s enough to hold them. Sure, they will try to break free, but soon learn they are unable to. As they grow up, they are conditioned to believe they cannot break away. They believe the rope can still hold them, so they never try to break free again.”

The man was amazed. This animal could at any time break free from its bond, but because the horse believed it could not, it was stuck right there… conditioned to do the same thing each day believing there was no other alternative.

The man continued on his way and reflected on how many of us are just like that helpless horse. Many of us go through life hanging onto a belief that we cannot do something, simply because we failed at it once before or we are led to believe what once held us back, will always hold us back.

باوک و کوڕ - پاوڵۆکۆیلۆ

باوکەکە دەیویست ڕۆژنامە بخوێنێتەوە، بەڵام کوڕە بچوکەکەی بەردەوام بێزاری دەکرد. تا گەیشتە ئەوە ڕادەیەی باوکەکە ئیتر ماندوو بوو، پەڕەیەکی لە ڕۆژنامەکە لێکردەوە - ئەو پەڕەیەی کە نەخشەی جیهانی بەسەرەوە بوو - کردی بە چەند پارچەیەکەوە و دایە دەستی کوڕەکەی.
بە کوڕەکەی ووت ئێستا پێویستە شتێکم بۆ بکەی، دەمەوێ پارچەکانی ئەم وێنەی نەخشەیە بەدروستی بگەیەنیت بەیەکتر.
دووبارە دەستی کردەوە بە خوێندنەوە، دەیزانی کە ئەم کارە بەدرێژایی ڕۆژ منداڵەکە سەرقاڵ دەکات. هەرچەندە، دوای چارەکە کاتژمێرێک کوڕەکەی هاتەوە و نەخشەکەی هێنایەوە.
باوکەکە بە واق وڕماویەوە لە کوڕەکەی پرسی، دایکت فێری جوگرافیایی کردووی؟
کوڕەکەی وەڵامی دایەوە "نەمزانی ئەوە چیە، بەڵام وێنەی پیاوێک لە ڕووەکەی تری پەڕەکە هەبوو، کاتێک پیاوەکەم گێڕایەوە شێوەی خۆی، بەمەش زانیم کە جیهانیشم گێڕاندوەتەوە شێوەی خۆی."

_پاوڵۆ کۆیلۆ



و: سۆران عبدالرحمن
٥/٢/٢٠١٨



A father was trying to read the newspaper, but his little son kept pestering him. Finally, the father grew tired of this and, tearing a page from the newspaper – one that bore a map of the world – he cut it into several pieces and handed them to his son.

‘Right, now you’ve got something to do. I’ve given you a map of the world and I want to see if you can put it back together correctly.’

He resumed his reading, knowing that the task would keep the child occupied for the rest of the day. However, a quarter of an hour later, the boy returned with the map.

‘Has your mother been teaching you geography?’ asked his father in astonishment.

‘I don’t even know what that is,’ replied the boy. ‘But there was a photo of a man on the other side of the page, so I put the man back together and found I’d put the world back together too.’

–  Paulo Cohelo



* Portrait of the artist's father

چەند خاڵێکی گرنگ لە کاتی ناردنی سیڤی بۆ خاوەن کار

کۆمەڵێک خاڵ پێویستە ڕەچاو بکرێ لە کاتی ناردنی سیڤی بۆ خاوەنکار

یەکەم:

 کاتێک کە سیڤی دەنێری پێویستە لە سەردێر ناونیشانی کارەکە بنوسی
بۆ نمونە بۆ کاری مامۆستایی دەتەوێ سیڤی بنێری، لە سەبجێکت- سەردێری ئیمێڵەکە بنوسە کاری مامۆستایی
یاخود هەندێ جار لایەنی خاوەن کار، کۆدی کارەکە دادەنێ کە پێویستە ئەوە بنوسە
* subject

دووەم:

 پاش ئەوەی سیڤیەکەت لە هاوپێچ - ئەتاچ دانا،
بیرت بێ لە ناوەڕۆکی ئیمێڵ، پوختەیەک بنوسە.
وریابە: ڕەنگە ئیمێڵێ بێ سەردێر و ناوەڕۆک فەرامۆش بکرێ!


بە نمونە، 
............................................................
سڵاو بەرێزان،
 تکایە ڕەزامەندی بفەرموون سەیری سیڤییەکەم بکەن کە هاوپێچ کراوە،
بۆ کاری مامۆستایی لە خوێندنگەکەتان، کە لەگەڵ توانا و ئەزمونی من دا دەگونجێ.

خۆشحآڵ دەبم وەڵامێك لە ئێوەوە ببیستم، دەربارەی ئەم دەرفەتی کارە.

لەگەڵ رێزدا
ناوی خۆت

Dears,

I am very interested in applying for "   " position. My qualifications and experience match your specifications almost exactly.

Please take a moment to review my attached CV

It would be a sincere pleasure to hear back from you soon.

Sincerely,
Name

............................................................

نمونەیەکی خراپی نوسینی ناوەڕۆکی ئیمێڵ

بەڕێزان
سەیری سیڤیی و ڕوونامەکەم بکەن، دەربارەی خۆمت پێ دەڵێم، من ئەو کارەم پێویستە
Dears,
Look at my resume and cover letter. It’ll tell you all about me. I really want this job.
...........................................................


سێیەم:

هەمیشە سیڤیەکەت نوێ بکەرەوە، هەوڵ بدە سەرجەم ئەو زانیارییانە بنوسی کە دوایین جار ئەنجامت داوە
بۆ نمونە دواهەمین کار کە کردوتە زیادی بکە بۆ سیڤیەکەت، 
ئەگەر بڕوانامەت وەرگرتووە یاخود بەژداریت کردوە لە هەر خولێک


چوارەم

کاتێک کە سیڤی دەنێری، بزانە کە تەنیا تۆ ناینێریت ڕەنگە دەها کەس یاخود سەدان کەس سیڤی بنێرن
بۆ هەمان ئیمێڵ و هەمان هەڵی کار،
بۆیە پێویستی بە کاتە، چەندین ڕۆژی دەوێ تاوەکو سیڤیەکان کۆدەکرێنەوە لە لایەن خاوەن کارە  وە و پاشان
جیا دەکرێنەوە و کۆمەڵێکی لێ  جیا دەکرێتەوە - کە لە زمانی کاردا پێی دەوترێ شۆرت لیست، بانگهێشتی چاوپێکەوتن دەکرێن،
وە کۆمەڵێکیش بۆ حاڵەتی پێویست جیا دەکرێنەوە لە ئەگەری سەرنەکەوتنی کۆمەڵەی یەکەم

چ کاتێک وەڵامی ئیمێڵەکەت وەرناگریتەوە؟
- ڕەنگە تۆ ماوەیەکی کەمە ناردووتە و هێشتا لە لایەن خاوەن کارەوە سیڤییەکان جیانەکراونەتەوە
- ڕەنگە بە هەڵە ئیمێڵت ناردوە، سەردێر یان ناوەڕۆکت نەنوسیوە و فەرامۆش کراوە
- دەکرێ ژمارەی سیڤیەکان زۆر بوونە و تەنیا کۆمەڵەیەکیان جیاکراونەتەوە و خاوەن کار چاویان پێدا دەخشێنێتەوە
- ڕەنگە سیڤیەکەت لەگەڵ ئەم کارەدا گونجاو نیە و شۆرت لیست نەکراوی
- ڕەنگە ئیمێڵ و سیڤیەکەت درەنگ ناردوە و کاتی هەڵی کارەکە بەسەرچووە



پێنجەم:

بەشێک لە هەڵی کارەکان کە لەلایەن خاوەنکارەوە بڵاودەکرێتەوە، دوا وادەی ناردنی سیڤی دادەنێن،
واتا تا کاتیکی دیاریکراو بۆت هەیە سیڤیی بنێری، دوای ئەو بەروارە سیڤیەکەت فەرامۆش دەکرێ و ئیمێڵەکەت وەڵامی نابێت
بۆیە، پێویستە وریای دواوادەی هەڵی کارەکان بیت، و پێش کاتی خۆی ئیمێڵەکەت بنێری

هەندێ هەڵی کار کە بڵاودەکرێتەوە دواوادەی - دێد لاین -بۆ دا نانرێ،
ڕەنگە خاوەن کار پەلەی نەبێ لە وەرگرتنی کەسێک بۆ ئەو شوینی کارەی هەیەتی،
ڕەنگە بێ ئاگایانە دوا وادەیان دانەناوە، باشترە تۆ زووتر سیڤیەکەت بنێری
ئەگەری هەیە چەند سیڤیەک سەیر بکەن و چەند کەسێک دەستبەجێ بانگهێشتی چاوپێکەوتن بکەن


پوختە
- پێویستە سەردێر بنوسرێ لە کاتی ناردنی ئیمێڵ
- هەوڵ بدە ناوەڕۆکێکی گونجاو بنوسی
- ڕەچاوی ئیملا و هەڵی ڕێنوسی بکە
- نوێترین سیڤیت بنێرە کە هەموو زانیارییەکانتی تێدایە
- وریای دواوادەی کارەکە بە و زوو ئیمێڵ بنێرە
- بە لای کەم چەند ڕۆژێکی دەوێ لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئیمێڵەکەت

* DeadLine


.........................................................

نوسینی: سۆران عبدالرحمن
کات: ٢:٢٠ی شەو ، ٢/٢/٢٠١٨

ئەو چالاکییە خۆبەخشیانەی بەژداریم تێداکردوون

بەژدارییەکانم لە هەندێ چالاکی خۆبەخشانە؛
حەزم بە هەموو جۆرە کارێکی خۆبەخشی و لێبوردەییانە هەیە، بەوەی کارەکە بۆ ناو و خۆدەرخشتن نەبێ وەکو ئەوەی زۆرجار دەبینرێ لە ژێر ناوی خۆبەخشییەوە کۆمەڵێک کەس دەیکەن، و خۆیانی پێ دەژێنن..

هەندێ بیرۆکەی خۆبەخشانە بەردەوام لە خەیاڵم دابووە، حەزم کردوە ئەنجامی بدەم، بەڵام نەگونجاوە تا ئێستا یاخود هەوڵی ئەنجامدانیانم نەداوە!
وەکو؛
هەڵمەتی بۆیەکردنی شۆستەی یەکێک لە شەقامەکانی شار.
بۆیەکردنی ژوورێکی خوێندنگەیەکی سەرەتایی.
ووتنەوەی وانەیەک هەفتانە لە ڕۆژی پشووی کۆتایی هەفتە دا.

خۆبەخشی ئەوەیە تۆ سودێکت هەبێ یارمەتی کەسێک بدەی، هاندان و پاڵپشتی بێت...
لە خوارەوە لیستی بەژدارییەکانمە بە پێی کات و گونجاوی بۆم؛

 بڵاوکردنەوە  دەرفەتی کار و دۆزینەوەی کار
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٠ ـەوە کاتێک ئەدمینی گروپی کۆلێژەکەمان بووم - گروپی فێرخوازانی کۆلێژ، هەوڵمدا زۆرترین ئەو دەرفەتی کارانەی بەرچاوم دەکەوتن بڵاوبکەمەوە بۆ ئەوەی ئەندامانی گروپەکە کە نزیکەی هەزار کەس بوون و لە کۆلێژەکەمان بوون سودی لێ ببینن.

پاشانیش لە چەند پەیجێکی تری فەیسبووک وەکو: کوردستان گاید، پەیژە، ڕێدۆزی کوردستان و دواتریش لە گروپی دۆزینەوەی  کار لە کوردستان، ڕۆژانە و بەپێی توانا کارم بڵاودەکردەوە.

لە ئێستاش دا و بەردەوام، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی تر لە گروپەکانی ئێف_جەی_کەی لە فەیسبووک و تۆڕەکانی تر بەپێی توانا دەرفەتی کار بڵاو دەکەمەوە، وە لە ڕێگەی نامەوە ئەوەندەی کە بەردەوام نامەم بۆدێ یارمەتی دەدەم بە هەر جۆرێک بێ
و ناردنی هەڵیکاری دیاری کراو بۆ ئەو کەسانەی داوای دەکەن.

هەوڵەدەم، ئەو هەڵە باوانەی هەیە نەمێنن لە چۆنیەتی دۆزینەوەی کار، چۆنیەتی ناردنی داخوازینامەی کار
چۆنیەتی ڕێکخستنی سیڤی و ...هتد. بۆیە دەکرێ بڵێم کاتێکی زۆرم بۆ داناوە و بەردەوام ڕۆژانە بەشێکی کاتەکانی بردووم.


چەند چالاکییەکی خۆبەخشانەی ئێن وای ئێن
وەکو ئەندام لە تۆڕی خۆبەخشانی گەنجانی نیشتیمان لە هەولێر، لە کۆمەڵێک چالاکی ئەم تۆڕە خۆبەخشی و گەنجانەیە بەژداربووم لە دوو سێ چالاکیی بچوکیان، ئەو چالاکیانەی گشتگیر بووە و دەکرێ بڵێم زیاتر ڕەمزی بوونە - ئەفسوس!

ئاسمان موڵکی ئەستێرەکانە -
  گردبونەوەی ناڕەزایی دژی داخستنی فرۆکەخانەکانی کوردستان٢٠١٧ 
ئاهەنگی ڕەنگەکان -
کۆبونەوەی بەرفراوان بۆ پاڵپشتی و هیواخوازی بۆ سەربەخۆیی و هەڵدانی ڕەنگەکان
لە پێناوی ئازادی و شادی ٢٠١٧ 
نەخشاندنی ئاڵای کوردستان -
کۆبونەوەی نەخشاندنی ئاڵای کوردستان لە ناو یاریگای فەڕەنسۆ هەریری
لە ڕۆژی پشتگیری سەربەخۆیی٢٠١٧

ژینگەیەکی خاوێن، کوردستانێکی خاوێن
ڕۆژێکی خۆش بوو وەکو تاکە کارمەندی بەشی ئایتی کۆمپانیاکەمان، بەژداریم کرد لەم چالاکییە، کە بریتی بوو لە هەڵمەتی .پاککردنەوەی شار و نیشاندانی هۆشیاریی پاک و خاوێنی

لە دەرەوەی چوارچێوەی گروپ و چالاکی گشتی، لە کاتی سەیرانکردن و دەرچوونەکان، بەپێی توانا هەوڵ دەدەین، ئەوەندەی بکرێ ئەو ژینگەیەی دەورەبەر پاک بکەینەوە.

وەرگێڕانی فەیسبووک
لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی چالاک بەژدار بووم لە دەستەی وەرگێڕانی زمانی کوردی سۆرانی بۆ فەیسبووک
ماوەی ساڵ و نیوێک بەژدار بووم لە وەرگێڕان و لە تۆپ لیستی بەژداربوان دابووم لە کارەکە، لە گروپی دەستەی وەرگێڕان ڕاوبۆچوون و دەمەتەقیێ باشترکردنی کارەکەمان کردوە، کە چ وشەیەکی گونجاو دابنرێ، و هەڵسەنگاندنی وەرگێڕاوەکان.


وەرگێڕانی گۆگڵ
سەرباری ئەوەی بەژداربووی فەیسبووک بووم، بەژداریم کرد لە وەرگێڕانی وەرگێڕی گووگڵ، بۆ زیادبوونی زمانی کوردی،
وە بەژدارییەکی باشم کردوە و بەردەوامم، بە ئومێدی بینینی دەرئەنجامەکەی لە کاتی خۆی دا.


ویکیپیدیا
بەژداری لە دانانی بابەتی نوێ لە ویکیپێدیا و هەوڵی فراوانکاری بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ویکیپێدیا 
لەمەدا بەژدارییەکی زۆر کەمم کردوە کە بۆ باسکردن ڕەنگە نەشێ، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پوختی و تێر و تەسەلی لە وتارەکانی ویکپیدیا، ڕەنگە نوسینی کۆڵکە وتارێک شتێکی باش بێ بەوەی هەر نەبێ زۆرترین سەرچاوەی کوردی هەبێت ئەگەر یەک دێر نوسینینیش بێت، بەلام چ ئەگەر وتارێکی زۆر باش بێت!


بەخشینی خوێن
ڕەنگە چاوەڕێ نەبوو بم لە ژیانم دا خوێن ببەخشم یان هیچ کات بیرم لێ نەکردبێتەوە، بەڵام سودفەی کرد و دەرفەتێک هاتە پێش، کە خوێن دەبەخشرا بە پێشمەرگەی کوردستان کە لە جەنگی دژ بە ڕێکخراوی داعش دابوون، ئیتر منیش خوێنم بەخشی،
هەستێکی خۆشە وچالاکییەکی جیاوازە!




٢:٣٠ ی دوا نیوەڕۆ
٢٢/١/٢٠١٨
سۆران عبدالرحمن

گێنی پیگم نەکڕی

بۆ ماوەیەک خواستم هەبوو بیکڕم، دوای ئەوەی لەسەرم خوێندەوە و ئەزموونی خەڵکی ترم بینی لەگەڵ بەخێوکردنی ئەم گیاندارە ماڵییە گەیشتمە ئەو بۆچوونەی نەیکڕم و جارێکی تر بیری لێنەکەمەوە :)


بەرازی غینیایی (گینی پیگی ماڵی) هەروەها "کەیڤی" پێ دەوترێ، جۆرێکە لە گیاندارە قرتێنەرەکان "خورۆکەکان" (ڕۆدێنت بە ئینگلیزی) و لە بنەماڵەی گیاندارە شیردەرەکانە، هەرچەندە ناسراوە بە بەرازی غینیایی لە ڕاستی دا سەر بە بنەماڵەی بەرازەکان نیە، و  ڕەچەلەکەکەشی وڵاتی غینیا نیە، 
لە بنەڕەت دا ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ چیاکانی ئەندێز، کەیڤی - گێنی پیگ ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە شارستانیەتی میللی لە ئەمریکای باشور وەکو سەرچاوەی خۆراک و هەروەها لە چارەسەری نەریتی و بۆنە و ئاهەنگە ئاینییەکانیان دا

ئەم گیاندارە هەوادارێکی زۆری هەیە بەوەی یەکێکە لە گیاندارە ماڵییەکان و ئەو سروشتەی کە هەیەتی ، ئاگاداربوونی و مامەڵەکردن لەگەڵی ئاسانە، 

ئەم گیاندارە، جۆرێکی گەورەی قرتێنەرەکانە، کێشی لە نێوان ٧٠٠ تاکو ١٢٠٠ گرام دایە، و درێژییەکەی نزیکەی ٢٠- ٢٥ سم دەبێ، بە زۆری نزیکەی ٤ تاوەکو ٥ ساڵ دەژین، هەندێ جار تاوەکو ٨ ساڵ دەژین.
بەپێی تۆماری کتیبی گینس بۆ شکاندنی تۆمارە پێوانەییەکان، درێژترین تەمەنی کەیڤی ١٤ ساڵ و ١٠ مانگ بووە.


کەیڤییەکان، هیچ کات چاڵ و کون دروست ناکەن و هێلانەی خۆیان بنیاتنانێن، لە زۆربەی بارەکان دا ، دەگەڕێن بەدوای هێلانە و کونی گیاندارانی تر دا، یاخود ئەو کەلێنانەی بەهۆی گیا و ڕووەکەکانەوە دروست دەبن، لە دەمەو بەیان دا زۆر چالاکن، بەوەی گیاندارە دڕندەکان ڕاویان نەکەن ئەو کاتە هەڵدەبژێرن بۆ دەرچوون و گەڕان و دۆزینەوەی خۆراک.


خۆراکی سەرەکیان ڕووەکەکانە، و هیچ جۆرە خۆراکێک کۆناکەنە و پاشەکەوت ناکەن، وەکو ئەوەی هەندێ لە گیاندارانی تر دەیکەن، جۆری خۆراکیان سروشتییە.

ئەم گیاندارە توانای زۆربوونی هەیە بە درێژایی ساڵ، کاتی منداڵ بوونی بە زۆری لە وەرزی بەهار دایە، ساڵانە تاوەکو ٥ (پێنج) بێچووی دەبێ،  ماوەی سکپڕییەکەی ٥٩-٧٢ ڕۆژە، بەشیوەیەکی گشتی نزیکەی ٦٥ ڕۆژە.





کاتژمێر ١١:٢٦ی شەو
١٧/١/٢٠١٨
سۆران عبدالرحمن

پرتەوبۆڵەی من

زیاتر »

چیڕۆکی سەرکەوتن

زیاتر »

تەکنەلۆژیا

زیاتر »

دەستپێشخەری کار

زیاتر »

کار و کارامەیی

زیاتر »

گەشەپێدانی خود

زیاتر »