لەفەیەکم بۆ بنێرە مامە غەفە ... مامە غەفە لەفەیەک
ئەمەی سەرەوە هاوار هاواری پچر پچڕ و چەند جارەی پیاوێکی بەتەمەن بوو ، کە هەر پێنج مەترێک لە منەوە دوور بوو.
پیاوێکی بە تەمەنی باڵا مامناوەند کە ڕۆژگار بە پێی پێویست لاوازی کردوە لەگەڵ ئەوەش دا هەناسە دەدا
بە دوو دارە کە یارمەتی بدەن لە ڕۆیشتن ،هات و یەک دوو جارێک بە مامە غەفەی ووت لەفەیەکم پێبدە زۆرم برسیە.
بەهەرحاڵ کە گوێێ بۆ نەگیرا چوو لەو بەری جادەکەوە لە پاڵ دیوارێک دانیشتن و بوخچەکەی شانی داگرت.
قوتوە بیبسیەکەی دەستی هەڵپچڕی وبڕێک لە بیبسی خستە گلاسێکی پلاستیکەوە
لەگەڵ ئەم کارەش دا دەم نادەمێک هاواری ئەو بەری شەقامەکەی دەکرد کە چایەک و لەفەیەکی پێبدەن.
بەڵام وەکو ئەوەی دووری نێوان کۆڵانەکە چەندین کیلۆمەتر بێت کەس ئاوڕی لێ نەدایەوە
کۆشکە بچوکەکەی چایە و لەفەفرۆشەکە تەنیا دە مەترێک لێوەی دووربوون.
جارێک دووان سیان لە کۆتاییەکەی هاوارەکانی کابرای بەتەمەن کابرای چایچی جولاند
و چایەکی لە گلاسێکی کاغز بۆهێنا و بە دەم ڕێگەشەوە ووتی ئەوە من چایەکەم بۆ هێنای ئەویش کەیفی خۆیەتی، مەبەستی کابرای لەفەکە بوو. بەڵام کابرای لەفە تەواو خۆی بی ئاگا نیشان دەدا.
سەرەتا هەموو ئەوەی سەرەوەم بینی لاموابوو ئەوان زیاتر دەیناسن و لە ڕای خوا ڕۆژانە چایەک و لەفەیەکی پێ دەدەن.
وتم ڕەنگە کابرای لەفە سەرقاڵ بێ و دواتر لەفەیەکی پێبدا ،کەچی هەر کە سەرەتا بینی ووتی سەمون نەماوە
کەچی لەو لاشەوە لەفەی دەدا بە کڕیارانی.
کابرای بە تەمەن کە نازانم ناوی چی بوو بەس بە ناوێک بانگیان دەکرد دیاربوو خەڵکی ئەو شوێنە زۆر ئاشنای بوون.
دەستی کردەوە بە هاوارکردن..نانم نەخواردوە لەفەیەکم بۆ بێنە مامە غەفە...لەفەیەکم بۆ بێنە...
بارهەڵگرێک وەستا بوو هەر لە دووری چەند مەترێک پیاوێکی تەمەن سەروو مامناوەند خاوەنی بوو
کەلوپەلی باردەکرد ، ئیتر کابرای بە تەمەن داوای لێ کرد لەفەیەکی بۆ بهێنێت ، وتم ڕەنگە ئەم پیاوە بچی لەفەیەکی بۆ بهێنێ
کەچی تەنیا چوو بە لەفە فرۆشەکەی ووت ئەو برادەرە نازانم چی دەوێ ، بە کورتیەکەی خۆی لە باسەکە لادا...
دوای ئەوە چەند جارێکی تر کابرای بە تەمەن بەدەم بانگکردنەوە دەنوزایەوە لە تاو برسیەتی
لێی نزیک بوومەوە و پێم ووت بوەستە ئێستا لەفەیەکت بۆ دەهێنم..
چومە لای لەفە فرۆشەکەی بەرامبەر و داوای لەفەیەکم کرد و نایلۆنێکم لێ ئاڵاند و بردم بۆ پیاوە بەتەمەنەکە.
ئیتر چەند دوعایەکی کرد بیرم نایا چی بوون.
وێ دەچوو ئەم پیاوە بە تەمەنە ئاوارە و نامۆی ئەم شارەبێ لە زمانی ڕا دیار بوو خەڵکی دەرەوەی شارە بگرە دەرەوەی ئەم سنورە هەر لە ڕۆژهەڵاتی دەچوو ...لە کۆتاییدا کەی گرنگە نەژاد و ڕەنگ و بۆچونی چیە ،هەر مرۆیە!
سەیرم لەوە هات لام وابوو دەبێ ئەو لەفەیە زۆر نرخدار بێت وا کابرای لەفە نەیتوانی چاو لە کابرای داماو هەڵببڕێ و لەفەیەکی پێبدا ، کەچی نرخەکەی تەنیا ٥٠٠ دینار بوو ،کە ئەوەندە ناهێنێ پیاو چاوی لە ئاست شۆڕ بکا و خۆی لێ بێئاگا بکا لە نوزەی کابرایەکی برسی کە دەشێ لە تەمەنی باوکی دابێت ، ڕۆژانە ئەگەر سەد لەفە بفرۆشی یەک دانەی لێبدەی بە کەسێک کە پێویستیەتی هیچ ئازایەتیەکی تیایە؟ چ جای ئەوەی سەری بۆ شۆڕ بکەی؟!
هەموو ئەمانەی سەرەوە زۆر خێرا ڕوویاندا هەر لە چەند خولەکێک دا ، ئیتر کابرای بەتەمەن سەرقاڵی لەفە خواردن بوو لەگەڵ چایەکەی و بیبسیەکەی کە سەرەتا هەڵیپچڕی و لێی خواردەوە.
لەبەرامبەردا منیش برسیم بوو ، بەڵام کە هەموو ئەمەم بینی نەچووم لەفەیەک بخۆم لە لای کابرای لەفەفرۆش لە کینەی ئەو هەڵوێستە سەیرەی کە بۆ کڕیارەکانی دەیفەرموو بەچاوان هەر ئێستا ، و بۆ کەسێکیش کەلێی دەپاڕایەوە برسیەتی پارچە سەمونێکی پێ زۆر بوو .
زۆر سەیرە ئێمەی ئینسان ئەوەندە بێ ویژدان و بێ ئاگاین لەپێناوی خۆمان لامان ئاساییە تەواوی جیهان وێران ببێ
زۆرمان لا ئاساییە گرنگ خۆمان تێر بین ئیتر ئەوانی تر با نەمێنن بۆچی هەن ئەوان زیادەن لە زەوی!
١١/٢/٢٠١٧
سۆران عبدالرحمن