بانگەشە

زیاتر »

2017/12/31

کتێبەکانم لە ٢٠١٧ دا

دیسان نزیک دەبینەوە لە کۆتا کۆتاییەکانی ساڵ و نزیکەی سێ کاتژمێک ماوە بۆ دەستپێکی ساڵێکی نوێ، سەرەتایەک بۆ هەناوەکانی داهاتوو ، چەندین هەڵ و هەوڵی نوێ..
وەکو ساڵەکانی تر لیستی ئەو کتێبانە دەنوسم کە لە ماوەی دوازدە مانگی ڕابردوو خوێندمنەوە،
ئەمساڵ کەمتر دەرفەت بوو بخوێنمەوە، وە کۆمەڵێک کتێبیش بە نیوەچڵی مانەوە و نەتوانی تەواویان بکەم، کە لە بەرنامەمە لە ساڵی نوێ دا بیانخوێنمەوە سەر لە نوێوە و بە هێزێکی زیاترەوە..

کتێبەکانی خوێندمنەوە ئەمانە بوون
  • وانەکانی ژیانم - دکتۆر عەلی وەردی
  • کەسێتی تاکی عێراقی - دکتۆر عەلی وەردی
  • بەیادی سۆزانیە غەمبارەکانم - گابرێل گارسیا مارکیز
  • مرۆڤی بێ ناسنامە - عەزیز نەسین
  • کارگەی منداڵ دروستکردن - عەزیز نەسین
  • چیاکانیش دەنگیان دایەوە - خالید حوسەینی
  • قەحـ*ـەی ١٣٥ کیلۆیی - چارلس بۆکۆفسکی
  • عێراقیەک لە پاریس - سامۆئێل شەمعون
  • سواڵکەرەکە - نەجیب مەحفووز
  • ئەو پێنج کەسەی لە بەهەشت دەیانبینیت - میچ ئەڵبوم
  • خەونی مشکەکان و پیاوەکان - جۆن شتاینبێک
  • ڕشتەی مرواری، بەرگی یەک - عەلائەدین سەجادی

ئەو کتێبانەش کە بە نیوەچڵی مانەوە
  • دێزیرە، چیرۆکی یەکەم عیشقی ناپلیۆن - ئان ماری سیلینکۆ
  • مادام بوڤاری - گۆستاڤ فلۆبێر
  • واعیزەکانی سوڵتان - دکتۆرعەلی وەردی
  • گاتسبیی مەزن - ف.سکۆت 
  • تاکسی - خالد ئەلخەمیسی


خوازراوترین و نایابترینی خوێندراوەم
چیاکانیش دەنگیان دایەوە

خوازراوترین نوسەر
خالد حوسەینی، عەلی وەردی


بابەتی هاوشێوە

کۆتا نوسینی ساڵی ٢٠١٧، کە لیستی کتێبەکانمە
کاتژمێر ٩:٥٢ی شەو
٣١/١٢/٢٠١٧
سۆران عبدالرحمن

2017/12/15

کوردستانێکى خاوێن، ژینگەیەکى خاوێن

ڕۆژی چواردەی مانگ بەژداربووم لە هەڵمەتی - کەمپەینی پاککردنەوەی شەقامەکانی شار
وەکو خۆبەخش، سەرلەبەیانی کاتژمێر دە، لە شوێنی دیاریکراو هەمووان کۆبونەوە
پاشان بەپێی بەرنامەی دانراو خۆبەخشان دابەشکران بەسەر سێ گروپ دا، و بۆ سێ شوێنی جیاواز

ئەم کەمپەینەش لە ژێر دروشمى "کوردستانێکى خاوێن، ژینگەیەکى خاوێن" بەڕێوەچوو ، بە بەژداری زیاتر لە ٣٠٠ کەس 
و بە هاوکاری و سپۆنسەری کۆمەڵێک کۆمپانیای بازرگانی.

کاتێ وەکو خۆبەخشێک بەژداردەبی لە کاری لەمچەشنەدا هەستێکی خۆشە لە ڕووی دەروونیەوە ڕەنگە هەمووان هەست بەمە نەکەن. تەنیا ئەوانەی لە دڵەوە حەز بە کارەکە دەکەن، کە ئامادەیی تێدایە و لێبوردەیی هەیە چەند کاتژمێرێک لە کاتی ببەخشێ
و گلەیی نەکا و نەڵێ ماندووبووم و بۆ کوێ بیکەم یان ئەگەر نەیکەمیش هەر دەبێ!

لە کۆتایی دا دەکرێ سودێکی بچوکی هەر هەبێ، هەرچەند بچوکیش بێ دەبێتە هاندەر و پاڵنەرێک بۆ کۆمەڵێک خەڵک




سۆران عبدالرحمن
١٥/١٢/٢٠١٧

2017/11/23

هەینی ڕەش، ڕۆژە گەورەکەی کڕین و فرۆشتن

بلاک فڕایدەی - هەینی ڕەش، ئەم ڕۆژە یەک ڕۆژ بە دوای جەژنی سوپاسگوزاری دا دێت لە وڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەکەوێتە کۆتایی مانگی یازدەی هەموو ساڵێک، بە سەرەتای دەستپێکی کڕینی دیاری جەژنی سەری ساڵەوە دێت، لەو ڕۆژەدا داشکانی زۆر گەورە دەکرێت بۆ کەلوپەلەکان و نرخەکان تەواو دادەبەزن بۆ نزمترین ئاست.

ڕەچەڵەکی ئەم ڕۆژە و ناونانی بە هەینی ڕەش
مێژووی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ نەهامەتی دارایی ساڵی ١٨٦٩ لە وڵاتەیە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە زیانێکی گەورەی بە ئابوری ئەمریکا گەیاند، کاری کردە سەر کڕین و فرۆشتنی کەلوپەل و بازاڕ ڕاوەستا، بۆ ڕزگاربوون لەمەش کۆمەڵێک ڕێچکە گیرایەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانەکەی، بە ئەنجامدانی داشکانی گەورە لە کەلوپەلەکانی بازاڕەکان،بەجۆرێک کە داشکانەکان دەگەیشتە نزیکەی ٩٠%ی نرخی ئاسایی.

هەڵبژاردنی ڕەنگی ڕەش بە مانای نەهامەتی و ڕق و شوم نایات، ئەم ناونانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٠ لە لایەن پۆلیسی شاری فیلادلفیاوە کە ئەم ناوەیان لێنا، کاتێک کە هاتووچۆ ئاریشەی بۆ دروست بوو و جموججۆڵی زۆر کەوتە شەقامەکان و خەڵکی زۆر کۆدەبونەوە و لە بەردەم دوکانەکان دەوەستان بۆ کڕینی کەلوپەل بە داشکانی زۆر گەورەوە.

لەم ڕۆژەدا بازارە ئەلیکترۆنیەکانی وەکو ئیبەری و ئەمازۆن، داشکانی گەورە دەکەن و لەو کەلوپەلانەی کە دەیفرۆشن و خزمەتگوزاری زۆر پێشکەش بە کڕیاران دەکەن و لەم ڕۆژەدا خواستی کڕین بەڕێژەی بەرچاو زیاد دەبێت.



فەرهەنگۆک
Thanksgiving جەژنی سوپاسگوزاری
Black Friday هەینی ڕەشی بازاڕکردن



٢٣/١١/٢٠١٧
ڕۆژێک بەر لە هەینی ڕەشی ٢٠١٧

سۆران عبدالرحمن

2017/11/13

Junior Level Linux Certification

ئەم بڕوانامە.یە لە لایەن پەیمانگای لینکوس (1) ـەوە دەبەخشرێ
کە دامەزراوەیەکی قازانج نەویستە.

ئەو تاقیکردنەوانەی کەبۆ ئەم بڕوانامەیە ئەنجام دەدرێن لە کۆمەڵێک ناوەند ئەنجام دەدرێن کە پەیوەندیان بە پەیمانگاکەوە نیە و تەواو سەربەخۆن و لە بەرامبەر ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە بڕێک پارەوە وەردەگرن.

بڕوانامەکە دەیسەلمێنێت کە بەشێوەیەکی گشتی شارەزایی لە لینوکس ،
نەک دابەشکراوەیەکی لینوکس بەدیاری کراوی.

بڕوانامەی "ئێڵ پی ئای سی -١"(٢) دابەشکراوە بەسەر ٣ ئاست دا
یەکەمین ئاست، ئاستی سەرەتایە کە بڕوانامەکەی
Junior Level Linux Certification - LPIC-1
بۆ دەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە پێویستە لە دوو تاقیکردنەوە دەربچت کە ئەم دووەی خوارەوەن
 Exam 101 و  Exam 102

ئەم بڕوانامەیە دەیسەلمێنێ کە هەڵگری بڕوانامەکە توانای هەیە
- نوسینی فرمان و کۆماندەکانی لینوکس
- چاککردنی سانای سیستەمی بەکارخەری لینوکس
- زیادکردنی بەکاربەری نوێ، هەڵگرتن و ئەرشیڤکردن و گەڕاندنەوەی زانیاری
- دامەزراندنی لینوکس لە سەر کۆمپیوتەر و ئامێرەکانی تر
- کوژاندنەوە و ڕیبووت کردنەوەی سیستەم
- تێگەیشتن لە هەیکەلەی سیستەمی لینوکس





 Linux Professional Institute LPI (1)
LPIC (2)



سۆران عبدالرحمن
١٣/١١/٢٠١٧
کاتژمێر ١١:٤٨ ی پێش نیوەڕۆ

2017/11/08

نوسینی سیڤی بە دروستی

سیڤی ، بریتیە لەو نوسراوەی کە لە ڕێگەیەوە خۆتی پێ دەناسێنی و توانای خۆت نیشان دەدەی،
بە ئامانجی بەدەستهێنانی کار لە لایەن خاوەن کارەوە.

دەکرێ بوترێ سیڤی ناسنامەی کەسە لە بواری کاردا، کە تێیدا هۆکارەکانی پەیوەندی و زانیاری خۆت
و ئەزمونەکانی کار و پلەی خوێندن و ئەو چالاکییانەی تێیدا بەژداربوویتە
لەگەڵ توانای تەکنیکی و زمان


سیڤی مێژوویەکی کۆنی هەیە، لە ساڵی ١٤٨٢ی زاینی لێونارد داڤینشی، کاتێک کە  پەراوێک دەنوسێ
بۆ دۆق میلانۆ، باسی توانا و شارەزایی خۆی دەکات بۆ کاتی جەنگ، کە دەتوانێ جۆر و شێوازی نوێی پرد و ئامێری جەنگی هاوێژەر دروست بکات
و هەروەک چۆن لە کاتی ئاشتی و دوور لە جەنگ دا توانای کێشانی تابلۆی هونەری و پەیکەرسازی هەیە


شێوازی نوسینی سیڤی

سیڤی کۆمەڵێک بەش لە خۆ دەگرێ

زانیاریی هۆکارەکانی پەیوەندی
ئەم زانیارییانە لە بەشی سەرەوەی سیڤی دەنوسرێت، 
کە ناو و ناونیشانی نیشتەجێ بوون و ئیمێڵ و ژمارەی مۆبایل لە خۆ دەگرێت

توانای کەسی
کورتەیەک دەربارەی خۆت دەنوسی، ئەو توانایانەی کە هەتە
و ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن بۆ خاوەن کار لە کاتی وەرگرتنی ئەم هەڵی کارەی کە سیڤیەکەی بۆ دەنێری

ئەزمونی کار
هەموو ئەو کارانە دەنوسی کە پێشتر ئەنجامت داون
ناونیشانی کارەکە، کۆمپانیا و ساڵانی کارکردن
و پوختەیەک دەربارەی ئەو ئەرک و چالاکیانەی ئەنجامت داوە لەم کارەدا.
وە نوێترین کار لەسەرەوە دەنوسرێ پاشان کارەکانی تر بەپێی نوێترین

ئاستی خوێندن
نوسینی ئەو بوارەی کە خوێندووتە و ناوی زانکۆ یا پەیمانگا
و ئەو بەشەی لێت خویندەوە و ساڵانی خوێندن

خول و بڕوانامە
پۆلێن کردنی ئەو خول و بڕوانامە و کۆرسانەی تێیدا بەژداربوویت و بڕوانامەت لێ گرتووە


توانای تەکنیکی
ئەگەر شارەزاییت لە تەکنەلۆژیا، و کۆمپیوتەر
هەر بەرنامەیەکی کۆمپیوتەر 

شارەزایی لە زمان
نوسین و دیاریکردنی ئەو زمانانەی کە شارەزایانی و دیاریکردنی ئاستەکان

حەز و ئارەزووەکان
نوسینی ئەو حەز و ئارەزوانەی کە هەتە، ڕەنگە یارمەتیدەر بێت
لە پێدانی ئەو هەڵی کارەی کە هەوڵی بۆ دەدەی

...........................

لە سیڤی دا چەند خاڵێکی گرنگ هەیە
بەپێی ڕێزبەندی گرنگی ئەم بەش و خاڵانە دیاری دەکرێن لە لایەن خاوەنکارەوە
  • ئەزموونی پێشوی کار
  • توانا و بەهرەکان
  • ئاسان خوێندنەوەی سیڤیەکەت
  • دەستکەوتەکان
  • هەڵەی زمانەوانی و ڕێزمانی
  • ڕوونی ئامانجەکانی خوازیار
  • شارەزایی لە کۆمپیوتەر
  • ئاست و پلەی خویندن


Writing CV in best way

* cv

2017/10/03

من و ویکیپیدیا

ویکیپیدیا سەرچاوەیەکی زانستی کراوەیە و هەموو کەس دەتوانێ تێیدا بەژدار بێت، بێگومان کۆمەڵێک ڕێستا و ڕێچکەی خۆی هەیە و دەبێتە لەبارچاو بگیرێت بۆ مەبەستی باشترکردن و هێشتنەوەی بە شێوەیەکی باش. چەندین ساڵە وەکو شوێنێک بۆ دەستخستنی زانیاری سەردانم کردوە ، چەند جارێک بیرم دەکردەوە منیش ببمە بەکاربەری و کەمێک زانیاری بۆ زیاد بکەم هەر نەدەگونجاو و نەمدەکرد ، تا دواجار
لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ دەستم بۆ برد و هەژمارێکم تێدا دروست کرد
بە پێی هەوڵ و توانا و ئەو کاتەی بۆم دەڕەخسێ هەوڵدەدەم پشکداربم لە زیادکردن و باشترکردنی نوسراوەکانی..

ویکیپیدیا بە سەدانی زمانی جیهانی بەردەستە و هەزاران بەکاربەر ڕۆژانە زانیاری تێدا زیاد دەکەن بۆ سەر زمانەکانی خۆیان، خۆشبەختانە زمانی کوردیش یەکێک لەو زمانانەیە ، کە چەندین بەکاربەر کاری تێدا دەکەن.

هەر لە ویکیپیدیا خۆیەوە، ویکیپیدیا چیە!؟
ویکیپیدیا ئینسایکڵۆپیدیایەکی ئازادی ئینتەرنێتییە کە بە دەستی بەشداربووانی خۆبەخشەوە لە سەرانسەری جیھاندا پێکدێت. سەیرکردن، لەبەرگرتنەوە و بەکارھێنانەوەی ناوەرۆکی ویکیپیدیا ئازادە. ویکیپیدیا دەستەی نووسەران یان چاودێرانی تایبەتی نییە و ھەموو کەس لە سەر ئینتەرنێت دەتوانێت دەستکاری و چاودێریی وتارەکانی بکات.

ویکیپیدیای کوردی شوێنێکە بۆ پەرەپێدان و ناساندنی زمان و چاندی کوردی و کۆکردنەوە زانیارییەکانمان لە یەک جێگەدایە. بەشداریی ھەموو کەسێک ڕاستەوخۆ دەخرێتە ویکیپیدیای کوردی و پێویستی بە پەسەندکردنی کەس نییە. 

نایشارمەوە کە دانان و نوسینی بابەت لە ویکپیدیا کەمێک ئاڵۆژە تایبەت لە ڕێکخستنی دەرخستەی بابەتەکە تا ئەو دەمەی شارەزای دەبیت.

لیستی ئەو چەند پەڕەیە یاخود کۆلکە وتارەی کە لە ویکیپیدیا زیادم کردوون؛
بە پێی کات ئەم لیستە نوێ دەکەمەوە...




لە ویکیپیدیا دا سەرجەم بابەتەکان نوێدەکرێنەوە و باشتر دەکرێن لە لایەن چەندەها بەکاربەرەوە، بەو واتایەی بەپێی توانا هەوڵدەدرێ چاوپۆشی نەکرێ لە زانیاری و نوسراوەکانی ناوی، بەوەی تاکە خاوەنێکی نیە و کاری هەرەوەزییە.
سۆران_

٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧
سۆران عبدالرحمن


2017/09/30

کەواتە لە پێنج ساڵی منت بینیوە!

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ، بە دروستی پێنج ڕۆژ لەمەوبەر
ڕۆژێکی گرنگ و سەخت بوو بۆ گەلانی کوردستان ، کە لەم ڕۆژە بەژداربوون لە ڕاپرسییەک
کە ئایا دەتەوێ سەربەخۆ بیت و وڵاتێکت هەبێ؟
خەڵکێکی زۆر بێگومان هاوڕان لەوەی دەیانەوێ سەربەخۆبن ، بە پشت بەستن بە باکگراوند و پێشینەیی مێژووی و تەواوی ڕووداو و نەهامەتییەکانی کە ڕووبەری ئەم خاک و گەلە بوەتەوە.

دەرئەنجام و لێکدانەوە و پێشهات و ئەگەرەکان چین باسێکە ، و لێرەوە شتێک دەنوسم باسێکی ترە
ئەو ڕۆژە هەمووان خرۆشان و بەژداربوون لەم ڕۆژە کە یەکەم جارە دێتە ئاراوە،
ئێمەش وەکو هەر کەسێکی تر بەژدار بووین ، بنکەکانی دەنگدان زۆر قەرەباڵغ بوون ، بەهۆی هەندێ تایبەتمەندییەوە،
سڕەی دووروو درێژ و ناڕێک و پێکی لە وەستانی خەڵکی و هاوکاری نەکردنی یەکتر (ئاشکرایە یەکەمجار نیە و دوایین جار نابێ ، خەڵکی ئێمە نە گیانی هاوکاری تێدایە و نە لێبوردەیە - هەموو دەڵێن تەنیا خۆمان ، بۆ نمونە لە سڕەیەک بۆ هەر شتێک ئەو سڕەکە جێدەهێڵێت و دەچێتە پێشی پێشەوە ،جا یەکێک لەوێ و یەکێک لێرە بەمەش هەموو شتەکە دەشێوێت و دەبینی پرۆسەکان زۆربەیان ناتەواو و نارێک ئەنجام دەدرێن).

ئەو پاش نیوەڕۆیە کە هەر بۆ مەبەستی سەرەوە لەوێ ئامادەبووین ،لە چاوەڕوانی ئەوانی ژوورەوەدا 
لە باخی ناو بنکەکە دانیشتین - کە سەنتەرێکی گەشەپێدان بوو

  کۆمەڵێک منداڵ لێرە و لەوێ کەیفیان دەکرد ، یەکێک لە منداڵەکان کە قژێکی لول و پەرش و بڵاوەی هەبوو
بچکۆڵە و ڕووخۆش ، کراسێکی کوردی زەردی لەبەردا بوو،
سودفە وای کرد بە لامان دا تێپەڕێت ، ئیتر منیش ویستم کەمێک دڵی خۆش بکەم و شۆخییەکی لەگەڵ بکەم،
بانگم کرد ئانیا چۆنی؟ (پێشتر گوێم لە باوکی بوو کە کەمێک لەولای ئێمەوە وەستا بوو بانگی کچەکەی کرد).

ووتم ئانیا چۆنی؟  ئەمناسیتەوە ،ووتی شێوەت دەکەم بەس نایاتەوە بیرم - جا لە قسەکردن دا زۆر هێمن بوو کەمێک ڕا دەما پاشان قسەکەی دەکرد
وتم نامناسیتەوە گەورە بوویتە ،جا ووتی چەند ساڵە نەتمبینیوە لەبیرم چۆتەوە(تەمەنی هەر لە دەوری حەوت - هەشت ساڵێک دەبوو). بەوەی دواتر ووتی لە دووی سەرەتایی دەخوێنێ.

ئیتر ڕۆیشت و لە دوورەوە جار جار سەیری دەکردین ، دواتر چووە لای باوکی و باسی کرد بوو ،دیار بوو پرسی لە باوکی ئەوە کێیە، لە منی پرسیوە ، باوکیشی سەیری دەکرد و ئەویش واقی وڕما بوو
ئیتر بەوانی لەگەڵم بوون ووت ، ئێستا باوکیشی منی لەیاد نەماوە ،
ئەوەبوو لەو مەودایەوەی لە نیوانمان بوو بە باوکی کچەکەم ووت چیە دەڵێی تۆش نامناسیتەوە
ئیتر هەر پێدەکەنی و دەیوت شێوەت دەکەم و نازانم ، منیش بۆ گاڵتەووتم ماوەیەکی زۆرە نەمتبینیوە بۆیە،
ئیتر هەم کچە و هەم باوکە هەر بیریان دەکردەوە منیان لە کوێ دیوە و کێم!
دواتر ئانیا هاتەوە لام و لە تەنیشتم دانیشت ، هەر بیری دەکردەوە و دەیوسیت شتێک بڵێ ،دواتر هەندێ ناوی دەوت 
دەیوت ناوت ئەوەیە ،  وتم بڕۆ باوکت بیرت دەکا ،دەیووت باوکم کوڕێکی هەیە بیرم ناکا - دیار بوو برایەکی بچوکی هەبوو ، ئەوە بوو دواتر باوکی بانگی کرد و ڕۆیشت - حەزی دەکرد بمێنێتەوە
جا باوکی بۆەوەی بیبا ووتی دواتر دێینەوە لاتان.

منداڵی ڕۆح سوک و خوێن شرین وا دەکا حەز بکەی قسەی لەگەڵ بکەی ، منداڵییش - تەنانەت گەورەت ، ئینسانی وا هەیە حەز دەکەی نە بینینی ،نە هیچ کات قسەی لەگەڵ بکەی!
ئەم کچۆڵە و باوکە هەردووکیان ڕۆح سوک بوون ،ئەمەش وای کرد من لەگەڵیان کەوتمە قسە و گاڵتە.
ناوەکەی هەر لە خەیاڵم بوو تا چەند ڕۆژی دواتر ، تا لە ئینتەرنێت بۆ ناوەکە گەڕام و ئەمەی خوارەوەم دەستکەوت.

ناوی ئانیا
ئانیا ناوێکی کچانەیە ، لە زمانی عبری و پۆڵەندی و ڕووسی دا هەیە و گەلانی ئەو ووڵاتانە ناوی منداڵی کچ بەم ناوە دەنێن
ماناکەشی "چاکە:" و"شۆخ و نەرم و نیان" و "خۆشەویستی و مەحەبەتە".
ئەم ناوە لە ڕەچەڵەک دا لە ناوی "هانا" و "ئانا" ـەوە هاتووە کە هەر بە مانای سۆز و چاکە دێت.

Ania , Anna , Hannah
the girl and the red balloon _by:littleclockworkdoll


سۆران عبدالرحمن
٣٠/٩/٢٠١٧
کاتژمێر ١١ی دەمەونیوەڕۆ

2017/08/12

یەکێک لەو ڕۆژانەی کە لە دەمەوبەیانەوە باش نابێت


دەگێڕنەوە جارێک کۆمەڵێک مێروولە دەوری فیلێک دەدەن و هێرش دەکەنە سەری ، مێروولەکان خۆیان بە دەوری سەر و ملی فیلەکەوە دەگرن ،فیلەکەش بە خۆڕا تەکاندنێک هەموویان فڕێدەداتە سەر خاک ،تەنیا یەکێک لە مێروولەکان نەبێت بە ملی فیلەکەوە دەمێنێتەوە ، هەموو مێروولەکانی تر هاوار بۆ مێروولە هاوڕێیەکەیان دەکەن بیکوژە بیکوژە ...

دەی ئەوەی سەرەوە دادوەرانە بوو کە یەک مێروولە بەرامبەر یەک فیل ، ئەمەم تەنیا بە خەیاڵ دا هات ، کە ژیان هەموو کاتێک چوون یەک نیە ،
ڕۆژ هەیە خۆشە و ڕۆژێکی باشە ، جاری واش هەیە ڕۆژێکی دوور و درێژ و سەخت دەبێ ، لەگەڵ چاو کردنەوە و بەخەبەرهاتنەوە وە یەک بە دوای یەک شتەکان ڕووت تێدەکەن ،بوارت پێ نادەن پشوویەک بدەی شتێکی تری بەدوا دا دێت...

ئەم هەفتەیەی پێشوو ، کۆتا ڕۆژی کارکردن بەر لە پشووی هەفتە شتێکی وا بوو ، ڕۆژێکی درێژ هاتە پێش .
بێنە بەرچاوت ، تۆ کۆتا ڕۆژی کارکردنی هەفتەیە ،دەتەوێ ڕۆژێکی کورت و باش بێت و کارەکان کەم بن و ببێتە دەستپێکی کۆتایی هەفتەیەکی خۆش.

دەمەو بەیان لەگەڵ چوون بۆ کارکردن ،دوای پارکردنی سەیارەکە ،دەرگای دواوەم کردەوە جانتای کۆمپیوتەرەکە دەربهێنم ،ئایی بزانە لەیادم چووە بیهێنم ،دوای ئەوەی دامنا تاکو چایەک بخۆمەوە ، دیسان سەرکەوە و بۆ ماڵ بۆ هێنانی کۆمپیوتەرەکە ، 

لە یادی نەکەین باسی گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵ ، ڕۆژەکانی هاویین دەکەین مانگی هەشت ، کە لە کۆتایی هەفتە پلەی گەرما ٤٧ ـە  ،
کاتژمێر دە گەیشتمەوە دەوام ، ئەمجار کێشەی پارکینگم بۆ دروست بوو ،شوێنێکی گونجاو نەمابوو ،
لە سوچێک ڕامگرت ،کە دابەزیم ، فەڕاڕەی بۆڕیە ئاوی باخچەی سەر شەقامەکە دەسوڕایەوە لوتی نا بە لوتی سەیارەکەوە و ئاو پرژێنی دەکرد ، ناچار لەوێ گواستمەوە
بۆ شوێنێکی تر لە نزیکی ئەوێ کە دەکەوتە نێوان دوو لای شەقامە خزمەتگوزارییەکە
، دوای دوو ساڵ و نیو یەکەم جار بوو لەو شوێنە ڕایبگرم
لام وابوو گونجاو نیە و ڕێگرە لە هاتووچۆی گشتی ، هەرچەندە لا شەقامێکی لاوەکییە ، بە هەرحاڵ لەوێ ڕامگرت.

بۆ ئێوارە کارەکەم درێژەی کێشا ، هۆیەکە _ ئەڕڕەیەک و ئنیشیەڵایزەکەی بوو
کە دوو کاتژمێر زیاتر لە کاتی خۆی دوای خستم ، 
کاتژمێر شەش و نیو کە تەواو ماندوو ببوم و گیان ئێشەم بوو
بەهۆی زۆرمانەوە لە سەر کورسی و چاوبڕینە کۆمپیوتەر،
کە هاتمە دەرەوە و بەرەو سەیارەکە لە دوورەوە پارچە کاغزێکم بە جامی پێشەوە بینی ، دڵم خەبەری دا ئەمە ڕۆژەکەیە :) 
کە نزیک بوومەوە کاغزی سەرپێچی بوو ،بەبیانووی ڕاگرتنی ناتەواو، لە کاتێک دا چەندین ساڵە خەڵکی لەو شوێنە ڕایدەگرن و تەنانەت لە شوێنێک کە هێماکانی بۆ دانراوە ، وە منیش لە شوێنێک بوو تەنانەت هێماکانی لێ نەبوو ، ئیتر وا ڕێککەوت ئەو ڕۆژە تەواو درێژ بوو لە کاتێک دا کۆتا ڕۆژی کاری هەفتەش بوو.

بەم چەشنە ،هەندێ جار شتەکان بەدوای یەکتر دا دێن 
گرنگ نیە تۆ کێی و چیت و دۆخەکەت چۆنە ، لە کۆتایی دا تێدەپەڕێت!



سۆران عبدالرحمن
١١/ ٨ / ٢٠١٧ 

2017/07/21

قەبارەی ڕاستەقینەی میمۆری و دیسک

کاتێک کە میمۆری یاخود دیسکێکی دەرەکی دەکڕین قەبارەیەکی دیاری کراوی هەیە
کە بە زۆری لەسەری نوسراوە ، کەچی کاتیک لە کۆمپیوتەر بەکاری دەبەین دەبینین کەمترە لە قەبارەدا
هۆکارەکەش ئەوەیە کە چۆن بایتەکان هەژمار دەکەین
یەکەی پپێوانەی داتا و زانیاری لە کۆمپیوتەر و جیهانی تەکنەلۆژیا دا بایت - بت ـە

کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەر لە کاتی دروستکردن دا 1 کیلۆبایت بە 1000 بایت هەژمار دەکەن
ئەمە لە کاتێک دا خەڵکی ئەکادیمی و ئەندازیارانی کۆمپیوتەر و سیستەمەکانی کۆمپیوتەر یەک کیلۆبایت بە 1024 بایت هەژمار دەکەن و لە کاتی کردەی بیرکاری دا دەرئەنجامەکان جیاواز دەبەن

بۆ نمونە لە کاتی کڕینی فلاش میمۆری یەکی 2 گێگای دا ،کە کۆمپانیا دروستی کردوە بە هەژماری 2000000000 بایت
.وە لە کاتی فرۆشتن و بانگەشە بۆ کردن دا بە 2 گێگا بانگەشەی بۆ دەکەن

بە جۆرێک کە
2000000000 بایت دابەشی 1000 دەکەین بۆ گۆڕینی بۆ کیلۆبایت
کە دەرئەنجامەکەی 2000000 دەبێت پاشان دابەشی 1000 گۆڕینی بۆ مێگا
کە دەکاتە 2000 مێگابایت.
دیسانەوە دابەشی 1000 دەرئەنجامەکە دەکاتە 2 گێگا.

بەڵام لە کۆمپیوتەر دا سیستەمی بەگەڕخەر
2000000000 بایت  دابەشی 1024 دەکرێت
دەرئەنجامەکەی 1953125 کیلۆبایت دەبێت.

وە بۆ دەستخستنی مێگابایت دووبارە دابەشی 1024 دەکەین ،دەرئەنجامەکەی دەکاتە 1907.34 مێگابایت
بە دابەشکردنەوەی دەرئەنجامەکە دەکاتە 1.86264514923095703125 گێگابایت
بە نزیکەیی دەکاتە 1.86 گێگابایت




کات : ١١:١٤ ی بەیانی
ڕۆژی هەینی ،  ٢١/٧/٢٠١٧
سۆران عبدالرحمن

Code smell بۆنی کۆد چیە؟



بۆنی کۆد یاخود بۆنی ناخۆشی کۆد
بریتیە لە هێما و ئاماژەکانی ناو کۆد کە دەریدەخەن هەڵە لە دیزاین هەیە ، کۆدەکان هەڵەیان تێدایە،
ئەم هەڵانە بە هەڵەی پرۆگرامسازی دانانرێ ، ڕەنگە لە نێو کۆدەکان دا زۆر لەم بۆنە هەبێت بەڵام کۆدەکان بەبێ کێشە کار دەکەن و تەواون.
یەکێ لە نمونە ناسراوەکانی ئەم جۆرە بۆنە ،بەکاربردنی هەندێ فەنکشنە کە سەدان دێرن ، یاخود بەکاربردنی زۆرترین پارامیتەر ، یاخود ئەو ئۆبجێکتانەی کە هەموو کارەکان ئەنجام دەدەن .
هەر وەها هەبوونی کۆدی دووبارە کلاسی زۆر درێژ و چەند جار بەکارهاتوەوە
 Long Method رێجکەی درێژ
Too many parameters پارامیتەری زۆر
 God Object خواوەندی ئۆبجێکتەکان
Code Duplication کۆدی دووبارە

وەکو دەردەکەوێ کە ئەم ئاماژانە یاخود بۆنانە لە کۆد دا لە ڕووی تەکنیکیەوە دروست و بێ کێشەن، بەڵام دەبنە هۆی دروستبوونی کێشە لە کاتی گۆڕینی پرۆژەکە ، کە دەبێت دیسان دەستکاری بکرێن و 
ۆدی نوێ زیاد بکرێن.

ئەندازیاری پرۆگرامساز کینت بێک , یەکەمین کەس بوو کە ئەم زاراوەیەی وەکو هێمایەک بۆ هەبوونی هەڵە لە نێو کۆدەکان دا کە بچوکە  بەڵام دواتر دەبێتە کێشە لە داهاتوو دا بەکارهێنا ، ئەم زاراوەیە لە نێو ئەندازیارانی پرۆگرامسازی دا بڵاوبوەوە کاتێک کە کینت بێک لە کتێبەکەی دا بەکاریهێناوە
 Improving the Design of Existing Code 
ئەم کتێبە بە یەکێک لە باشترین کتێبەکانی بواری پرۆگرامسازی و ئەپپ دارێژی دادەنرێ.


چارەسەرکردن و دۆزینەوەی بۆنی کۆدەکان سەختترە وەکو لە هەڵەی ڕێسا، هەڵەی ڕێساکان دەکرێ ئاسانتر بدۆزرێنەوە و دیاری بکرێن ، بەڵام بۆنی کۆد بەرفراوان و پەرت و بڵاوە دەگەڕێتەوە سەر پرۆگرامساز چۆن مامەڵە دەکات و کۆد دەنوسێ ،پێویستە ڕەچاوی بنەماسەرەکییەکانی کۆد نوسین بن و خۆیان دوور بگرن لە دووبارە بەکارهێنانەوە و زۆری پارامیتەر و تێکەڵی لە کۆدەکان دا

بۆ دەرباز بوون لە بۆن _ هەڵە باوەکانی نێو کۆدەکان ، پێویستە بە هەیکەلەی کۆدەکان دا بچینەوە و پێداچوونەوەی کۆدەکان بکەن ، بە کەمکردنەوەی کۆدە دووبارەکان و ڕێکخستنەوەی هەیکەلەی پرۆژەکە

 Code refactoring پێداچوونەوە بە هیەکەلەی کۆدەکان
Code smell بۆنی کۆد
bad smell بۆنی خراپ _ ناخۆش
Software bug هەڵەی نەرماڵە
syntax error هەڵەی ڕێسا


٢٠/٧/٢٠١٧
سۆران عبدالرحمن

2017/07/10

ناکرێ وەکو ئاغا رووسەکە بکەین

ڕۆژێکیان لە چێشتخانەیەک ڕۆبیانم دەخوارد، سواڵکەرێک هاتبوو سەرودڵی گرتبووم.بانگی خاوەنی چێشتخانەکەم کرد فڕێی بداتە دەرەوە ، خۆشم ئەو خاوەنی عەدالەتەم بە دەنگی بەرز هاندەدا کە دەیووت :"خاڵە تۆ سەرودڵی خەڵک دەگری ، ئاخر وەرە خۆت بخەرە شوێنی ئەم ژن و پیاوانە" ئینجا بە دەنگێکیش کە هەمووان گوێیان لێ بێت وتم بەداخەوە ، خۆ ئێستا ناکرێ وەکو ئەو ئاغا رووسییە بکەین کە من زۆر خۆشم دەوێ ، بێین و فەرمان دەربکەین ئەو دەست وپێوەندە هەمووی فەلاقە بکەین ،ئەوەی ڕێزمان لێ دەگرێ و ئەوەیشی نایگرێ ، چونکە وەک ئەو پێی وابوو : هەردوو بارەکە ئازایەتییە و لە بەرامبەردا دەبێ تەمێ بکرێن

_ کامۆ ، کەوتن

دوای خوێندنەوەی کتێبی کەوتنی کامۆ ، ئەم پارچەیەم لێ هەڵگرت و لە پەڕەی خۆم دانا
لەم بەروارە دا
٢٣/٢/٢٠١٥
دیسانەوە پێم باش بوو لێرەی دابنێم 


ووتەیەکی جوانی کامۆ
بۆ ئەوەی خۆشحاڵ بیت زۆر پەیوەستی ئەوانی تر مەبە


سۆران
١٠/٧/٢٠١٧


2017/06/19

#3 Networking basics - OSI & TCP/IP models


OSI model
مۆدێلی ئۆ ئێس ئای

کە بریتیە لە کورتکراوەی ئەم ووشانە
OSI = Open Systems Interconnection

ئەم مۆدێلە دروستکراوە لە لایەن دامەزراوەی نێودەڵەتی ستانداردەکانەوە
دیزاین کرا تاوەکو ببێتە مۆدێلێکی بنەچەی بۆ ناساندنی کردارەکانی سیستەمی پەیوەستکردن
کە بریتیە لە حەوت لایەر ،وە هەر یەکە و فرمان و تایبەتمەندی خۆی هەیە لە ناو ڕایەڵە دا

لایەرەکان _چینەکان بەم شێوەی لای خوارەوەن


هەمیشە چینەکان لە کۆتاوە هەژمار دەکرێن ، بەو مانایەی چینی فیزیکی _ فیزیکاڵ لایەر بە چینی یەکەم دادەنرێ
وە کۆتا دانەش چینی ئەپلیکەیشە ،کە نزیکە لە بەکاربەرەوە

بۆ ئەوەی بتوانی بەردەوام چینەکانت لە خەیاڵ دا بمێنێتەوە دەتوانی سود لەم ڕستەیە ببینی کە زۆربەی خەڵکی سودی لێ دەبینن تاوەکو ناوی چینەکان و ڕێزبەندیانیان لە یاد بمێنێتەوە
Please Do Not Throw Sausage Pizza Away




سودی ئەم لایەرانە_چینانە چیە؟
ئەم چینانە بەزۆری لەلایەن ڤیندەر _ کۆمپانیا زەبەڵاحەکانی ڕایەڵەوە_ بەکاردەبرێن
کە یارمەتیدەرن لە جێبەجێکردنی کردارەکان بۆ اسانکردنی پرۆسەی ڕایەڵەکردنی ئامێرەکان و بەستنەوەی نێوان ڤێندەرە جیاوازەکان لە جیهانی ڕایەڵە دا.


کورتە باسێک لە سەر هەر یەکە لە لایەرەکان

Physical 
چۆنیەتی گواستنەوەی بت لە نێوان ئامێرێک بۆ ئامێریکی تر ،ئەم چینە پەیوەنددارە بە بابەتی کەیبڵ و پەیوەستکارەکان و چۆنیەتی ناردن و وەرگرتنی بت _ بچوکترین یەکەی پێوانەی زانیاری


Data Link
کرداری ئینکاپسولەیت کردنی پاکێت لە فەریم دا ، ئینکاپسولەیت واتە پێچانەوە _بە واتایەکی تر دانانی هیدەر و تەیلەر بۆ فەریم ، ئەگەر فەریمەکان ئەم زیادکراوانەیان هەبێ ئەوسا ڕێگەدەدەن ئامێرەکان پەیوەندی بەیەکەوە بگرن

هیدەر _ سەردێر ، بە زۆری سەرچاوە و ماک ئەدرێسی لایەنی بەرامبەری تێدایە
ترایلەر ،فەریم چێک سیکوێنسی تێدایە 
Frame Check Sequence 


ئەم لایەرە _داتا لینک لایەر ، دوو لایەری لاوەکی لە خۆ دەگرێت
Logical Link Control
کاری ئەم لایەرە بریتیە  لە کۆنترۆڵکردن و دیاریکردنی هەڵەی گواستنەوە
Media Access Control
ئەم لایەرە بەکاردێت بۆ ناونیشاندانی ڕەقەماڵە


Network
دۆزینەوەی ڕێگا و  ناونیشانی ئامێرەکان و ڕاوتکردن _ ناردنی زانیاری بۆ ناونیشانی دروست
دیاریکردنی ئایپی ئەدرێس


Transport
بەستنەوە و بڕینی پەیوەندی نێوان دوو کۆمپیوتەر
بەکاردێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی هاوێشتن و گێڕانەوەی داتاکان


Session
کاردەکات لە دەستپێکردن و ڕاگرتنی _نەهێشتنی پەیوەندی _ سیژنی نێوان دوو سیستەم


Presentation
دیاریکردنی جۆری داتاکان_زانیارییەکان ، پەستاندنی داتا و ئینکریتپکردنی _تەشفیر کردنی داتا


Application 
ئەم لایەرە لە بەکاربەرەوە  نزیکە، ڕێگە دەدات بە پەیوەست بوونی ئەپلیکەیشنەکانی ڕایەڵەیەک لەگەڵ یەکێکی تر دا


هەر یەک لەم حەوت لایەرە پرۆتۆکۆڵی تایبەت بەکار دەبات
لەم وێنەیەی خوارەوە دا پرۆتۆڵی بەکارهاتوو دەبینیت






TCP/IP model
مۆدیلی تیسی پی - ئایپی

ئەم مۆدێلە لە ساڵانی حەفتاکان دا دروستکرا ، هاوشێوەی مۆدێلی حەوت لایەر ،بۆ هەمان مەبەستی ڕێنمویی گشتی دیزاینکردن و جێبەجیکردنی پرۆتۆکۆڵ و ڕایەڵە

ئەم مۆدیلە لە چوار لایەر پێکهاتوە ،بەم جۆرەی خوارەوە
Network Access, Internet, Transport,  Application



لە خوارەوە هەر دوو مۆدێلەکە بەراورد دەکرێ ، کە چەند لایەرێک بەرامبەر لایەرێکن لە مۆدیلی تی سی پی -ئایپی دا




بابەتی دواتر
Encapsulation

#2 Networking basics - What is a network


ڕایەڵە _ نێتوۆرکینگ چیە؟
ڕایەڵەی کۆمپیوتەر بریتیە لە سیستەمی بەستنەوەی ئامێرەکان بەیەکترەوە کە بتوانن لە نێوان خۆیان دا گفتوگۆ ئەنجام بدەن
بە واتایەکی تر پەیوەستی یەکتر بن لە ڕێگای ستاندارێکەوە کە پێی دەوترێ پرۆتۆکۆڵ
بەم چەشنەش ئامێرە بەیەکەوە بەستراوەکان دەتوانن سەرچاوەکان ئاڵوگۆڕ بکەن وەکو فایل و چاپکەر

لە نمونەی خوارەوە دا دەبینی کە دوو کۆمپیوتەر بە یەکترەوە

لەم بەیەکەوە بەستنەدا ،دوو کۆمپیوتەرەکە ڕاستەوخۆ بە یەکترەوە بەستراونەتەوە ، کە ڕایەڵەیەکی بچوکی نێوان دوو کۆمپیوتەرە دەتوانن زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ بکەن لە نێوانیان دا



چی دەبێت ئەگەر ڕایەڵەکەمان فراوانتر بکەین بە زیادکردنی چەند کۆمپیوتەرێکی تر ، کە بتوانن لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ بکەن و فایل و زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ بکەن ، وەکو لەمەی خوارەوەدا دەبینرێ



لەم جۆرە بەستنە دا هەموو کۆمپیوتەرەکان دەتوانن ئاڵوگۆڕ بکەن و زانیاری و سەرچاوەکان بەیەکتر بدەن


بابەتی دواتر
OSI & TCP/IP models

Cisco Certified Network Associate #1


سی سی ئێن ئەی چیە؟
 بڕاوانامەیەکی باوەڕپێکراوی سیسکۆیە بۆ ڕایەڵە ,
بەناوبانگترین و ناسراوترین کۆمپانیا لە بواری فرۆشتن و بەرهەمهێنانی پێداوێستی ڕایەڵە _ نێتوۆرک


کە کورتکراوەکەی بریتیە لە
CCNA = Cisco Certified Network Associate

ئەم بڕوانامەیە یارمەتێت دەدات کە تەواو ئاشنا بیت لەگەڵ کۆمەڵێک بابەتی زۆر گرنگ
لسیتی خوارەوە گرنگترین سەرتۆپی بابەتەکانە

  • LAN/WAN
  • OSI and TCP/IP model
  • VLANs
  • Ethernet
  • Switches
  • Routers
  • Network utilities (ping, tracert, arp)
  • STP
  • IP addressing
  • Subnetting
  • Routing protocols (RIP, EIGRP, OSPF)
  • WLAN
  • NAT
  • ACLs



بۆ ئەوەی ببیتە هەڵگری بڕوانامەی سی سی ئێن ئەی ، پێویستە سەرکەوتوو بیت لە تاقیکردنەوەی
CCNA 642-802
یاخود پێویستە لە هەر دوو  تاقیکردنەوەی بەشی یەک و دووی هەمان بڕوانامە دەربچیت
ICND1 640-822 + ICND2 640-816



فەرهەنگۆک
CCNA : سی سی ئێن ئەی
Cisco : سیسکۆ
Network : نێتۆورک ، ڕایەڵە
Certification : بڕوانامە

2017/04/23

دامەزراندنی MySQL لە سەر ئوبونتو


دامەزراندنی مای سقڵ لە سەر ئوبونتو
بریتیە لە سیستەمێکی سەرچاوە کراوەی بەڕێوەبردنی داتابەیسMySQL
بەشێکە لە پاکێجی لامپ
LAMP (Linux, Apache, MySQL, PHP/Python/Perl)

بەر لە دامەزراندنەکە ، سەرەتا ئوبونتو نوێ دەکەینەوە تاوەکو پەڕگە پێویستە نوێیەکان بۆ سیستەمەکەمان زیاد بێت
وەکو دەزانن لە هەرجارێکی نوێکردنەوە دا ڕەنگە کۆمەڵێک پەڕگە و پێویستی گرنگ بەردەست بن


sudo apt-get update

وە بە داگرتنی سێرڤەی مای سقڵ ئەم کردارانە بنوسە

sudo apt-get install mysql-server
sudo mysql_secure_installation
sudo mysql_install_db






پێویستە تێپەڕەووشەی ڕووت بنوسی بۆ بەردەوام بوون.






سڕینەوەی مای سقڵ سێرڤەر

sudo apt-getsudo apt-get autoremove

بۆ سڕینەوەی دایرێکتەری پەڕگەکان
$ sudo rm -rf /etc/mysql/


فەرهەنگۆک
MySQL مای سقڵ
Ubuntu ئوبونتو
File پەڕگە
Install دامەزراندن


دوا نیوەڕۆی ٢٣/٤/٢٠١٧
سۆران عبدالرحمن

2017/04/22

باش بوو دەرچووین بەهۆی مامۆستاکەوە


لە سەردەمانی زوو منداڵان دەچوون لە حوجرە دەبوون بە فەقێ و دەیانخوێند لای مەلا و لای کەسانی لە خۆیان گەورەتر
پێشتر مزگەوت ناوەندێکی گرنگ بوو ئەگەر ئێستایە بایەخی کەمتر بووە هۆکارەکانیش دیارن.
هەرچەندە ئێمە هی ئەو سەردەمانە نین و تەنیا بیستوومانە، بەڵام لە کاتی ئێمەش دا شتی هاوشێوە هەبووە.

ئەو کاتەی لە ناوەندی بووم لە قۆناغی دوو، من لە زیرەکەکانم بووم هەر بۆیە
کۆمەڵێک هاوڕێ کە دەوری دووەمیان هەبوو داوای لێ کردم وانەیان بۆ باس بکەم، لەو وانانەی لێی کەوتبوون
کە زۆربەیان بیرکاری بوو.
ئیتر منیش عەسران دوای نوێژ لە باخچەی مزگەوتەکەی نزیک ماڵمان دەرسم پێ دەدانەوە، نزیکەی پازدە کەسێک دەبوون
ئەگەر هەڵە نەبم، بەشێوەی گرووپ و بە جیا.
ئەوەی وەکوو یادگار دەینووسم ڕەنگە خۆشە کە توانیومە یارمەتی کۆمەڵێک هاوڕێم بدەم.

ئەوەی ناخۆشە و هەمیشە بە زیندوویی لام ماوەتەوە
دوو لەوانەی وانەم پێ دەگوتنەوە دوای چەند مانگێک بینییانمەوە، یەکیان پێی وتم باش بوو دەرچووین
مامۆستایەکی تایبەتیمان گرت زۆر باش بوو،
نەک تەنیا سوپاسی نەکردم بگرە بەوە ئەوەی لەبەرئەوە ئەنجامم دابوو هێنایە ژێر سفر.

پێویستم بە سوپاس نەبووە هیچ کات، بەلام ئەگەر وەکوو دەست خۆشییەک وەری بگریت ئاسایییە، بەڵام سەرباری ئەوە لە کارەکەیان کەم کردمەوە، وەکوو شتێک بەردەوام لام ماوە ناتوانم لە یادی بکەم.

ئەمەی سەرەوە سەرباری ئەوەی بووە وانەیەک بۆ ژیانم، لەگەڵ ئەوەش دا دووبارە و سێ بارە بووەوە لەگەڵ هاوڕێ و کەسە نزیکەکانم، بەڵام مرۆڤ باشترە بێباک بێت لە بەخشین.


پاش نیوەڕۆی ٢٢ ی مانگی نیسانی ٢٠١٧
کات: دەوروبەری چوار
سۆران عەبدولڕەحمان

Illustration: Christine Daniloff

2017/04/19

داواکردن و تێخستنی زانیارییەکان - شێڵ سکریپت



سکریپێک کە داوای زانیاری دەکات و بەکاربەریش زانیارییەکانی دەنوسێت
کاتێک ئەم سکریپتە بەکاردەخەی ، ناوت دەپرسێ  ، پاشان تەمەن ، ناونیشان و پیشە


بابەتی هاوشێوە : دانانی ناوەڕۆک لە پەڕگەیەکی نوێ دا

دروستکردنی پەڕگەی نوێ

vi mySecondScript.sh 

بۆ مەبەستی تێخستن 
read بەکار دەهێنین

read X
گۆڕاوی ئێکس داخڵ دەکەین

echo بۆ دەرخستن و نمایشی زانیاری

بەمشێوەیە:

#!/bin/bash
echo "Please , enter your name : "
read name
echo "Welcome dear $name. "
echo "---------------------"
echo "Enter your age : "
read age
echo "Enter your Adress : "
read address
echo "enter your Job title :"
read jobTitle
clear
echo " "
echo "User Information :"
echo "Name : $name "
echo "Age  : $age "
echo "Address : $address"
echo "Tob Title : $jobTitle"
exit





























کاتێک کە سکریپتەکە بەکاردەخەین

./mySecondScript.sh
داوای زانیارییەکان دەکات، پاش دانانی زانیارییەکان

















دەرئەنجام













فەرهەنگۆک:
file : پەڕگە
Directory : دایرێکتەری ، پێڕست
Shell Script ; شێڵ ، شێڵ سکریپت
Shebang : شەبەنگ  ، شیبانگ ، هاش بانگ
Content : ناوەڕۆک ، پێکهاتە
Privilege : پریڤیلێج
conditional statement : دۆخی مەرجی
Variable : گۆڕاو
Input : تێخراو



١٩ ی مانگی چواری ٢٠١٧
سۆران عبدالرحمن

دانانی ناوەڕۆک لە ناو پەرگەیەکی نوێ دا - شێڵ سکریپت



شێڵ سکریپتێکی سادە
کە پشت دەبەستێ بە دوو گۆڕاوی تێخراو


سکریپێک دروست دەکەین ، کارەکەی بریتیە لە دانانی ناوەڕۆک- پێکهاتەی دایرێکتەریەک لە ناوی پەڕگەیەکی نوێ دا
کاتێک سکریپتەکە بەکاردەخەین ناونیشانی ئەو شوێنە دادەنێین کە پەڕگە و پێکهاتەکەی تێدایەوە وە ناوی ئەو پەڕگەیەی کە پێکهاتەکە دەخیەنە ناوی.


پەڕگەیەکی نوێ دروست دەکەین

vi myscript.sh








پاشان دەست دەکەین بە نوسینی سکریپتەکە

سەرەتا پێویستە "شەبەنگ" دابنێین

#!/bin/bash

ئەمە وادەکات کە یونیکس سیستەمەکە بزانێت چ پرۆگرامێک بەکار ببات
تاکو شێلی دروست بەکارببات
بۆ نمونە شێل-سکریپت ، باش شێل _ برۆنۆ ئەگەین شیڵ
سی شێڵ..


ئێستا دوو گۆڕاو دەناسێنین کە دواتر پێویستە تێخراو هەبێت
تاوەکو سکریپتەکە کار بکات

location=$1
filename=$2


مەرجێک دادەنێین ئەگەر هاتوو تێخراوی یەکەم کە بریتیە لە ناونیشانی پەڕگە دانەنرابوو
پەیامێک نیشان بدا و سکریپتەکە بوەستێ لە کارکردن


if [ -z "$location" ]
then
echo "Please insert location"
exit
fi

بە هەمان شێوە بۆ تێخراوی دووەم
بە پێی مەرجەکە ئەگەر هیچ دانەنرابوو ئەوا پەیامێک بدە و سکریپتەکە دەوەستێ


if [ -z "$filename" ]
then
echo "please provide filename"
exit
fi


دەمانەوێ پێکهاتەی ناو ئەو دایرێکتەریەی کە ناونیشانەکەی دەنوسین
بخەینە ناو پەڕگەیەکی نوێوە

ls $location > $filename

کە پێکهاتەی دایرێکتەریەکە خرایە ناو پەڕگەیەکی نوێیوە
پەیامێک بدە


echo "content of $location indexed into $filename"
"پێکهاتەی _شوێنەکە ، خرایە ناو "ناوی پەڕگە"ـەوە"



لە کۆتایی دا دەمانەوێ پێکهاتەکەی ناو پەڕگە نوێیەکە ببینین

echo "content of $filename is "
cat $filename




تەواوی سکریپتەکە بەمن جۆرەی خوارەوە دەبێت.


#!/bin/bash
location=$1
filename=$2
if [ -z "$location" ]
then
echo "Please insert location"
exit
fi

if [ -z "$filename" ]
then
echo "please provide filename"
exit
fi
ls $location > $filename
echo "content of $location indexed into $filename"
echo "content of $filename is "
cat $filename



کە پەڕگەکە - سکریپتەکە تەواو بوو

پێویستە پریڤلێج - ـەکەی بگۆڕین و بیکەینە پەڕگەیەکی جێبەجێکاری



chmod 777 myscript.sh








دەتوانیت بەم شێوەیە سکریپتەکە بەکاربخەی

./myscript.sh


لە کاتی بەکارخستن ئەگەر هاتوو ناونیشانی ئەو دایرێکتەریەی کە دەتەوێ پێکهاتەکەی ببەیتە ناوی پەڕگەیەکی نوێ وە و ناوی پەڕگەکە نەنوسیت ،ئەوا پەیام دەدات کە پێویستە بیانوسین

./myscript.sh  /var/log   my_text_file.txt



















فەرهەنگۆک:
file : پەڕگە
Directory : دایرێکتەری ، پێڕست
Shell Script ; شێڵ ، شێڵ سکریپت
Shebang : شەبەنگ  ، شیبانگ ، هاش بانگ
Content : ناوەڕۆک ، پێکهاتە
Privilege : پریڤیلێج
conditional statement : دۆخی مەرجی
Variable : گۆڕاو
Input : تێخراو




١٩ ی مانگی چواری ٢٠١٧
سۆران عبدالرحمن



2017/04/09

بەژداریکرنم لە وەرگێڕانی فەیسبووک و گووگڵ

لە هەر یەک لە وەرگێڕان و زیادکردنی زمانی کوردی بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و وەرگێڕی گووگڵ بەژداریم کردوە،و ئێستایشی لەگەڵ دا بێت بەپێی توانا بەردەوامم، ئەمە چەند وێنەیەکە کە بە ئیمێڵ پێم گەیشتوە، بڕوانامە نیە تەنیا پێزانینێکە!

بەژداری کردنم لە وەرگێڕانی فەیسبووک بۆ زمانی کوردی ناوەندی - سۆرانی
 هاوپێچ وێنەیەکی سوپاسنامەی فەیسبووک لەپای بەژداریکردنم لە وەرگێڕانەکە، هەڵبەتە لە ساڵی ٢٠١٥ ـەوە دەستم پێ کرد
وە هەنگاوی باشمان ناوە لەگەڵ برادەرانی تر.






بەژداریکردنم لە وەرگێڕانی ، پرۆژەی وەرگێری گووگڵ بۆ زمانی کوردی سۆرانی
هاوپێچی خوارەوە ئیمێڵیکی گووگڵە کە بۆم هات، بەوەی بەژدارێکی چالاک بوومە، و ژمارەی بەژداری و هەڵسەنگاندنەکانی تێدایە، ئەم ئیمێڵە بۆ سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ دەگەڕێتەوە.




تێبینی:
ئینسان شتی لەبیردەچێ، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە زۆر شوێن و گروپ بەژداربووم، بەشێکی خۆم لەبیرم کردوە.
بۆیە پێم باشتر بوو لێرە ئەمانە دابنێم، ڕەنگە تەمەنێکی تر بگەڕێمەوە و بیبینمەوە!

سۆران عبدالرحمن
٩/٤/٢٠١٧


2017/03/02

ئەوسا و ئێستا

جاران کە ئێوارە دەهات خەڵکی دەستیان دەکرد بە شوشتی ناو حەوشەکانیان و جێگەیان ڕادەسخت تاوەکو نانی ئێوارەی لێ بخۆن و شەوی لێ دا بەسەر ببەن ، خەڵکی تەلەڤیزیۆنەکانیان بە مێزەوە یاخود تەنیا تەلەڤزیۆنەکنیان دەگواستەوە ناو حەوشە 
کات ئەوەندە زۆر بوو ڕۆژانە ئەم کارە دووبارە دەبووەوە ، ڕۆژگار و شەوگارەکان ئەوەندە درێژ و دوای نەهاتابوون ئینسان فریای هەموو کارێک دەکەوت ،هۆیەکەش کەمی هۆکارەکانی پەیوەندی و ئامێرەکان بوو ژیانێکی ساکار و سادە دوور لەم گێژاوەی ئەمڕۆ

خەڵکی زۆربەی خاوەنی حەوشی گەورە و باخی گەوڕە بوون لە ماڵەکانیان دا ، کە لە ئێستا دا هەمووی بووە بە خانووی ژوور ژووری ناڕێک کە هەموو خانووەکە بریتیە لە چەند ژوورێک و زەوی یەکەشی تەواو بچوکە ، ئەوسا فریا دەکەوتی چۆلەکە بە سەر درەختەکانەوە ببینی ، گوێ لە خوێندنی باڵندەکان و هێلانەی پەرەسێلکە و میوەی پێگەیشتووی درەختەکانی ناو مالەکان ببینی ، منداڵ ئەوەندە یاری دەکرد تا شەکەت دەبوو لە ئێواران ، یاری دوای یاری لە چاوشارکێ و خۆحەشاردانەوە بگرە ، پەتپەتێن ،هەلوکێن ، بەردێن ، گولانێ ، کۆلارە هەڵدان و دروستکردنی سەیارە بە ئاسن و تێل و یاری کاغز و ....هتد.

لەگەڵ هەموو ئەمانەش دا کات ئەوەندە زۆر بوو نیوەڕۆژێک لات وابوو نیوە سەدەیەکە
خەڵکی زۆرترین جولەی بە پێ بوو ،زۆرترین کارەکان بە دەست دەکرا.

باسی سەردەمێک دەکەم کە ئێمە ئەو نەوەیە کەوتینە نێوان نەوەی پێشووتر کە ژیانیان سەختتر بوو لەگەڵ نەوەی ئێستا کە ژیانیان لە گێژاوەدایە
بەدەست ڕاکە ڕاکەی ژیان و کەمی کات و بێ بەرنامەی و زۆربەکاربردنی ئامێرەکان و هۆکارەکانی پەیوەندی و کات بەسەربردن بە شتی لاوەکی و زۆر بێ مانا
کە ڕەنگە ڕۆژگارێک ئەو شتانە باس بکرایە زۆر نامۆ بوایە وە ڕەنگەش ڕۆژگارێک بێ هەرچەندە دیار نیە ڕەنگە دیسان ئەم شتانە نامۆ و ناتەندروست بن.

سەردەمی بەر لە ئێمە خەڵکی هەمووی لە لادێکان ژیانیان گوزەراند و دەست و باز سەرچاوەی بژێوی دابین دەکرد و خوێندن سەخت بوو، کەم کەس دەیوانی دوای خوێندن بکەوێ و بەردەوام بێت . ژیان زیاتر سروشتی بوو ڕێچکەی ناتەندروستی نەگرتبوە بەر ، لەگەڵ ئەوەش دا شەڕ و ئاشوب چینی پێ هەڵگرتن ، ناجێگیری بارودۆخی ژیان ژیانی لێ تاڵکردن، خەڵکی بە دیار فانۆس و چرا ومۆمەوە شەویان بەسەر دەبرد، شەوانی دوور و درێژ بە شەوچەرە و گێڕانەوەی حەکایەتەوە دەگوزەرا
ڕووناکی کارەبایی کەم یاخود هەر نەبوو ،کەچی باشتر ژیانیان بینی هەرچەندە ئێستا ژیان هەمووی پڕە لە ڕووناکی تەکنەلۆژیا هەموو شتێکی ئاسان کردوە هێشتاش ئاسودەیی ئەوسا لە ئێستادا نابینرێ ،  لەگەڵ هەموو ئەوەش دا توانیان بژین.

هیشتا سەردەمی ئێمەش کە دوا ساتی سەردەمی پێشوو بوو ، باشترێک بوو
مرۆڤ بە سروشتی خۆی دەژیا و پێدەگەیی ، تەکنەلۆژیا شتەکانی تێکنەدابوو
ڕاستە هۆکارێکن بۆ باشتر و ئاسانتر ئەنجامدانی زۆربەی کاروبارەکان و جیهانی بچوککردەوە ،بەڵام ژاوەژاوی بۆ مێشک هێنا ، ناهاوسەنگی کەوتە نێوان سروشت و خەیاڵ و ئینسان گیرۆدەی بوون



سۆران عبدالرحمن
٣/٢/٢٠١٧



2017/02/13

ژوورە بچوکەکەی سەرەوە

لە دواناوەندی بووین ، ژوورەکەی ئێمە زۆر بچوک بوو هەر جێگەی پازدە تەلەبەی لێ دەبووەوە ،ئێمەش هەر ئەوەندە و کەمتریش بووین بە ژمارە.
ژوورێکی بچوکی چەند مەتری زۆر باریک کە لە ژووری خوێندن ناچوو لە نهۆمی سەرەوەی خوێندنگەکە ، لەگەڵ ئەوەش دا ئەوەی لە یادمە خۆش و کراوە بوو بۆ ئێمە
ئەو کۆمەڵە تەلەبەیە نێوانمان خۆش بوو.
دوای چەند مانگێک خوێندن مامۆستایەکی ئافرەتی نوێمان بۆ هات عەرەبی دەدوا کوردی یەکەی باش نەبوو،
وانەی وێنەی پێ دەداین ، لە نیگار و نەخش دا دەست ڕەنگین بوو.
ڕۆژێک هاتەژوورەوە قوری پلاستیکی هێنابوو ، باسی ئەوەی دەکرد کە چووەتە پۆلەکەی تر بەشێک لە قوڕە لاستیکیەکەی کەمی کردوە
دەیووت نازانم ئەو پۆلە قورەکەیان خواردم چی بوو وا دیار نەمان.
دوای پێنج شەش ساڵ ڕۆژێک لە گۆڤارێکی تەنز ئامێزەوە بابەتێکم خوێندەوە
ئەو مامۆستایەمان نوسی بووی هەر باسی ئەو سەردەمەی کردبوو کە وێنەی پێ دەداینەوە
و چی بەسەرهاتبوو، بە بینینی ناوەکەی و وێنۆچکەی زانیم خۆیەتی.

ئەم بەسەرهاتە بەر لە ١١ ساڵ لە بەرواری نوسینەوەی ڕوویداوە
هێشتا ناوی مامۆستاکەمم لەیادە بەهۆی خۆشەویستیم بۆ وێنەکێشان و ڕێک و پێکی مامۆستاکە ، لەگەڵ ئەو ساڵەی کە گوزەراندمان.



١٣/٢/٢٠١٧
سۆران عبدالرحمن