هەر چۆنێک بێت ڕۆژەکە دەگوزەرێ

لە قۆناغی دووەمی کۆلێژ بووم ، ئەو ساڵە وانەکانمان دوور و درێژ و لە بن نەهاتوو بوون 
چەند مادەیەکمان هەبوو زیاتر تیۆری بوون ، هەر یەکەی چەندین مەلزەمەمان هەبوو.

بە ڕێکەوت لە ڕۆژی پێش ئیمتیحان کە خۆم ئامادە کرد بۆ ڕۆژی دواتر دەرچوو
یەکێ لە چاپتەرەکانم نیە ، یەکێ لە مەلزەمەکانم کەم بوو.

پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بوو ئەگەر هەڵە نەبم ، چونکە ئەو ڕۆژە لە ماڵ بووم بەیانیەکەی دەوامم هەبوو.
چووم بۆ ماڵی دۆستێک کە دوور بوو لە ئێمەوە ، مەلزەمەکەی ئەومان برد لە بازاڕێکی نزیکیان تاکو کۆپی بکەین ، کەچی یەک دووکان نەبوو یان کارەبای نەبوو یا ئیشی ناکرد. کاتێکی زۆرم بەوە ڕۆیشت.
ناچار مەلزەمەکەم لێ وەرگرت و چووم بۆ بازاڕ ، لە بازاڕیش کەمێک سوڕامەوە تاکو دوکانێکم دەستکەوت کۆپی کرد بۆم.
دەرئەنجام دەمەو ئێوارە داهات ، تا گەیشتمەوە لای ماڵی ئەو هاوڕێیە بووە شەو
مەلای مەغریب بانگی دا و من هێشتا لە نزیک ماڵیانم.

ڕاستی بێ ئەو مەلزەمەیە هیچ نرخێکی واشی نەبوو و هەموو زانستەکەی ئەوە بوو کە لەبەری بکەی و بێ ئەوەی بزانی باسی چی تێدایە ، لەپاڵ ئەوەی زۆر لە تەلەبەش دەچێ قۆپی لێ دەکا و نوشتەیەک دەکاتە گیرفانیەوە نەک من ئاسا ئەوەی بەسەرم هات

هەرچۆنێک بێ ، ئیتر دوای ماڵئاوای دەبوو بگەڕێمەوە ماڵی ، دەبوو مەودایەکی باش بە پێ بڕۆم تاگو بگەمە شەقامە سەرەکیەکە و سەیارەیەک بگرم و بچمەوە ماڵێ.
ئێستاش بیرمە ئەو ڕۆژە چەندە بە پەلە لەملا بۆ ئەوڵا دەڕۆیشتم بۆ کۆپیکردنی ئەو مەلزەمەیە ،وە چەندەم تێنوو بوو.
ئیتر کە کەوتمە ڕێگە ، وای سودفە کرد سەیارەیەک لە لایەکی  ڕێگەکەوە تێکچوو بوو
داوای کرد سەیارەکەی پاڵ بدەم ، ئیتر من و هاوڕییەکی کابرا ماوەیەکی زۆر سەیارەکەمان پاڵدا ، تێنوتیەکەم دوو هێند بوو وە ماندوو بونی زیاتری هاتە سەر

سەرباری ئەوەی ڕەمەزان بوو ، ئیتر ئەو ڕۆژە دوو کاتژمێر درەنگتر ڕۆژووەکەم شکاند . لام وانیە لەو ڕۆژە زیاتر تاکو ئێستا تێنوو بوبێتم ، مرۆڤ تا پێویستی بە شتێک نەبێ نرخی نازانێت.

ڕۆژەکان تێدەپەڕن و تەمەنمان چرکە دوای چرکە بەرەوە کۆتایی دەچێ
خۆزگەم بەو کەسەی نرخی کاتی لا گرنگە.





سۆران عبدالرحمن
٢٢/١٢/٢٠١٦





نوسەر: سۆران --- کاتی بڵاوکردنەوە : 12/22/2016 --- هاوپۆل : پرتەوبۆڵە --- فەرهەنگۆکی وشەکان

بەژداری بە بابەتەکە بکە

فەیسبووکتویتەرگۆگڵ پڵاس
≡ کۆمێنت بنوسە
0 لێدوانی بلۆگ

دەتوانی لێرەوە بیربۆچونت بخەیتە ڕوو یا هەر پرسیارێکی کە لەلات دروست بووە