جەنگیزخان و بازەکەی - پاوڵۆ کۆیڵۆ


لە گەشتێکی نزیک دا بۆ کازاخستان ، لە ئاسیای ناوەڕاست ،دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا کە یاوەری ئەو ڕاوچیانە بکەم کە بازیان بەکاردەهێنا هەر وەکو بەکارهێنانی چەک بۆ ڕاو. ناچمە ئەو باسەی کە ڕاوکردن ڕێگەپێدراوە یاخود نا بەڵکو ئەوە دەڵێم کە " سروشت لێرە خولەکە خۆی تەواو دەکا"















هیچ وەرگێرێکم لەگەڵ نەبوو ، وە دەبوو ئەمەش کێشەیەک نەبێ ،کە توانای قسەکردنم نەبوو لەگەڵ ڕاوچیەکان، تەنیا زۆر ووریابووم کە چیان دەکرد ، دەستەیەک گەیشتن ، ئەو پیاوەی کە بازێکی لەسەر شان بوو کەمێک دوورکەوتەوە ، ڕووپۆشەرە زیوییەکەی سەری بازەکەی لابرد . نازانم بۆچی بڕیاری دا لەوێ دا بوەستێ وە نەشمتوانی بپرسم..

باڵندەکە هەڵفڕی و چەند خولێکی لە ئاسمان دا لێدا ، پاشان بەرەو دۆڵێک ڕۆیشت و لەوێ وەستا و نەجولا . کاتێک کە لێی نزیک بوونەوە بینیمان ڕێوییەکی لە چنگ دایە . ئەو دیمەنە چەند جارێک دووبارە بوەوە لەو دەمە بەیانەدا.

کە گەڕامەوە بۆ لادێکە بینیم کۆمەڵێک کەس چاوەڕوانی منن ، لێم پرسین چۆن دەتوانن وا لە بازێک بکەن هەموو ئەوە ئەنجام بدا کە بینیم ،بەجۆرێک کە لە سەر شانی خاوەنەکی بمێنێتەوە. 

پرسیارێکی گەمژانە بوو ، کەس وەڵامەکەی نەزانی ، پێیان ووتم کە ئەمە هونەرێکە لە نەوەکانەوە دەگوازرێتەوە  ، وە باوکان کوڕەکانیان فێردەکەن ، بەمشێوەیە . 

بەیانیەک ، سەرکردەی مەغۆلەکان جەنگیزخان و دارودەستەکەی چوون بۆ گەشتێک بۆ ڕاو.. دارودەستەکەی تیروکەوانیان هەڵگرتبوو ،بەڵام جەنگیزخان باشترین بازی خۆی لە سەر شان بوو- کە باشتر و وردتر بوو لە هەر تیرێک - دەیتوانی تەواو لە ئاسمان دا بەرز ببێتەوە ، وە ئەوەی دەبینی کە مرۆڤ ناتوانێ بیبینێ.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەو هەموو ورەیەوە کە ڕۆشتن نەیاتوانی هیچ بدۆزنەوە ، جەنگیز خان گەڕایەوە بۆ مەیدانی دارودەستەکەی ،بەڵام بۆ بەتاڵکردنەوەی پەنگاوی دڵێ دوور کەوتەوە لە دەستەکە و تەنیا ڕۆیشت.

بۆ کاتێکی زۆر لە دارستان دا مایەوە ، نزیک بوو دەمرد، رۆژەکان زۆر وشک بوون هاوین بوو ، وە هیچی دەستنەدەکەوت کە بیخواتەوە.
دوای ئەوە پەرجویەک ڕوویدا ، ئاوی بینی لە یەکێک لە بەردەکانەوە دادەچۆڕیە خوارەوە .
دەستبەجێ بەر چاوی بازەکەی کردەوە، وە جامە زیوییەکە دەرهێنا  
کاتێکی ویست تا پڕ بوو لە ئاو ، ئەو کاتەی کە ویستی لە دەمی نزیکی بکاتەوە ،بازەکەی هەڵفڕی و جامە ئاوەکەی لێ ڕشت.

ئەمە جەنگیزخانی پەست کرد بەڵام ئەمە باڵندە خوازراوەکەی بوو ، وە ڕەنگە باڵندەکەش تینوی بوبێ . هەوڵی دا جامەکەی دووبارە پڕ بکاتەوە نیوەی تێدابوو لەو کاتەدا بازەکە دووبارە لێی رژاندەوە.

جەنگیزخان بەشێوەیەکی شێتانە باڵندەکە خۆشدەویست ، بەڵام بەهیچ جۆرێک ئەمەی قبوڵ نەبوو کە بێ رێزی بەرامبەر بکرێ ، دەکرێ یەکێک لە دوورەوە ئەم دیمەنە ببینێ ، وە دواتر بیگێرێتەوە بۆ دارودەستەکەی کە کە سەرۆک نەیتوانی مامەڵەی باڵندەیەک بکا . 

ئەمجارەیان شمشێرەکەی لا کاڵان دەرهێنا و جامەکەی بە دەستەوە گرت ، و هەوڵی دا ئاوی تێبکا و چاوێکی بەسەر بازەکەوە بوو . کاتێ کە بینی پڕ بوو لە ئاو نزیکی کردەوە تاکو بیخواتەوە ، هەڵۆکە هەڵفڕی و بە ئاراستە ئەو هات ، بەڵام بە لێدانێکی توند جەنگیزخان دڵی باڵندەکەی وەستاند لە لێدان.

بەڵام ئاوەکە هەرچۆنێک بێ رژایەوە ، بڕیاری دا بە هەر شێوەیەک بێ ئاوەکە بخواتەوە ، سەرکەوت بە بەردەکەدا بەرەو سەرچاوەی ئاوەکە ، تووشی چ سەرسامیەک بوو! ، سەرچاوەی ئاوەکەی بینیەوە ، بەڵام لە ناوەڕاستی ئاوەکەدا ترسناکترین ماری ژەهرداری ناوچەکەی بینی. ئەگەر لە ئاوەکەی خواردبایەتەوە ئێستا جیهانی زیندوانی جێهێشتبوو ، مردبوو .

جەنگیزخان گەڕایەوە بۆ لای پیاوەکانی وە بە دەستیەوە بازە  مردوەکەی هەڵگرتبوو. داوای کرد کە پەیکەرێکی زێرین بۆ بازەکەی دابتاشن . وە لەسەر یەکێک لە باڵەکانی بنوسرێ

"هاوڕیکەت هەر وەکو هاوڕێ دەمینێتەوە تەنانەت گەر کارێکی کرد بە دڵی تۆش نەبوو"

:وە لەوەی تریش بنوسرێ

"هەر کارێک هۆکارەکەی توڕەبوون بێ دەرئەنجامەکەی شکستە"





جەنگیزخان و بازەکەی
لە کتێبی : لەسەر ڕووباری پێدرا لەوێ دانیشتم و گریام
نوسینی : پاولۆ کۆیڵۆ

وەرگێڕانی : سۆران عبدالرحمن
١٩ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤


نوسەر: سۆران --- کاتی بڵاوکردنەوە : 10/19/2014 --- هاوپۆل : لە زمانی ترەوە --- فەرهەنگۆکی وشەکان

بەژداری بە بابەتەکە بکە

فەیسبووکتویتەرگۆگڵ پڵاس
≡ کۆمێنت بنوسە
0 لێدوانی بلۆگ