تەڕ دەبێ یان تەڕ نابێ؟!


لەبەر بێ کاری ڕۆحم گەیشتبووە سەر لێوم، هەر کارێکیان بووتایە ئامادەبووم بیکەم، قوڕکێشی، کڕیکاری.. هەر کارێک کە بیانووتایە، تووشی یەکێک لە هاوڕێکانم بووم.
ووتی:
- کاک ڕاغب پێویستی بە یەکێک هەیە ئەگەر دەتەوێت هەتا بتناسێنم
ووتم:
ئێستا مادام پێوویستی بە یەکێک هەیە کێ لە من باشترە؟

کارەکەی چی یە؟ ووتی:
وەڵڵا ئەوەیان نازانم.
کاغەزێکی نووسی. چوومە لای کاک ڕاغب، کاتێک من گەیشتمە ئەوێ، دوو کەسی تر لەوێ بوون. ڕاغب خۆی لەوێ بوو و قسەی لەگەڵدا دەکردن. دەیووت:
کاکە بە بوتڵە ئاوێک ڕووی تەواوی ئەم ژوورە تەڕ دەبێت؟
بەڵێ؟ ... بێ گومان نابێ؟ .... مومکین نی یە! دە کە وابێت ئێستا ڕووی تەواوی ئەم ژوورە بە یەک بوتڵە ئاو تەڕ دەبێ، کە وایە .... کاغەزەکەم پێ نیشاندا. ووتی :
فەرموو دانیشە.
دانیشتم، دووبارە دەستی بە قسەکانی کردەوەو کاتێ قسەکانی تەواو بوو دوو کەسەکە ڕۆشتن. من و کاک ڕاغب بە تەنیا ماینەوەو ووتی:
کاکە، بەندە ٥٦ ساڵە عومرم تێ دەپەڕێت، ژیانی بەرزو نزمم تێ بینیوە، سەرما وگەرمای ڕۆژگارم چەشتووە، مرۆڤێکی خاوەن ئەزموونم، ئەوەی دەمەوێت پێتی بڵێم ئەوەیە کە دوای ئەو هەموو تاقی کردنەوەیەی کە پیایدا ڕۆیشتووم، بەو ئەنجامە گەیشتم کە .... لە ماوەی ٥٦ ساڵی تاقی کردنەوەکانمدا، گوێچکەو چاوەکانم باش کراونەتەوە.
بۆ نموونە، وا دابنێ بەندە یەک بوتڵە ئاوم بە دەستەوەیە، بەڵێ!؟ ئایا بەندە دەتوانم بەو بوتڵە ئاوە ڕووی تەواوی ئەم ژوورە تەڕ بکەم یاخوود ناتوانم؟ واتە دەمەوێت بڵێم: یەک بوتڵە ئاو تەواوی ڕووی ئەم ژوورە تەڕ دەکات یان نایکات؟
قسەکەی بە جۆریک بوو دەبوایە هەر وەڵامم بدایایەتەوە، بەڵام نەمدەزانی بڵێم چی! نەمدەزانی بڵێم تەڕ دەبێت، پاش کەمێک ووتی:
فەرموو تەڕ دەبێ یان نا؟ ووتم:
ئەو بوتڵە چەندە دەبێت؟
پێی سەیر بوو! ووتی:
کام بوتڵ؟ ووتم:
ئەو بوتڵەی دەتەوێ ڕووی ئەم ژوورەی پێ تەڕ بکەیت! لە ڕوویدا دیار بوو کە چاوەڕێی ئەو پرسیارە نەبوو، ووتی:
کاکە بوتڵ.... بوتڵی ئاسایی.... وەک هەموو ئەو بوتڵە ئاساییانە. ووتم:
بەڕاستی زۆر تەواوە... تەڕ نابێ.... مومکین نی یە تەڕ ببێ.... تەماشا بکە ئەوەیە حەقیقەت.... بەڵێ... بەڵێ سەیرکە ئەوەیە هەقیقەتی موسوڵمانێتی.... ووتم:
بەڵێ..... ئاشکرایە.... ووتی:
لە بەیانی یەوە تەشریفت بێنە، یەکێکی تر لەسەر کار لادەبرێت و تەشریفی بۆ جێگەیەکی تر دەبات، ئێستا بە یارمەتیت ئەڕۆم.
لەو کاتەدا گیرم خواردبوو، ڕازی نەبووم لەبەر خاتری من یەکێکی تر بێ ئیش ببێت! ووتی:
نەخێر کاکە، تۆ بێیت یان نا، من پێم ووتوە ناتوانم لەگەڵ مرۆڤی کەللە ڕەق و چەنە بازدا ئیش بکەم. ئێستا بانگی دەکەم، خۆشت سەیری بکە.
زەنگی لێدا، خزمەتکارەکە هات، ووتی:
بڕۆ بوتڵێ ئاو بێنە، بە مومتازیش بڵێ با تا ئێرە بێت.
یەکەمجار کە مومتاز هات، ڕووخساری بە هیچ جۆرێ لە مرۆڤی کەللە ڕەق و چەنەباز نەدەچوو! مرۆڤێکی زۆر ڕووخۆش و ڕوو کراوە بوو.
لەوێدا زۆرم خۆشویست، دەم بە خەندە بوو، هەرگیز بچووکترین نیشانەی کەللە ڕەقی و چەنەبازی بە ڕوویەوە دیار نەبوو.
بە ڕاغبی ووت:
بەندە ئامادەیە بۆ فەرمانەکانت.
هەر لەو کاتەدا خزمەتکارەکە بوتڵە ئاوەکەی هێنا. هەر کە مومتاز چاوی بە بوتڵە ئاوەکە کەوت، یەکسەر ڕووی خوارو خێچ بوو، دڵی پێی تێکچوو، هاوڕێکانیشی کە بینیان وەکو ئەو دەستیان بە لەرزین کرد!
ئەو مرۆڤە ڕێک و لێو بە خەندەیە، وەک پاڵەوانی سەیری هەندێک فلیم، کە بە ڕۆژ لە شێوەی ئادەمیزادن و کە شەویش دادێت گیانەوەرێکی دڕندەن، لە ماوەی یەک چرکەدا دەگۆڕدرێن بۆ گیانەوەرێکی نا بەڵەد، وای لێهاتبوو، کاک ڕاغب بوتڵە ئاوەکەی بە دەستەوە گرت و ووتی ڕووی ئەم ژوورە تەڕ دەکات یان نا؟
بەڵێ؟ ... واتە ڕووی ئەم ژوورە بەم بوتڵە ئاوە تەڕ دەبێت یان تەڕ نابێت؟
مومتاز هاواری کرد:
تەڕ دەبێ ...!
دەنگی مومتاز هاوارێکی ئەوتۆ نەبوو، وەک ئەوەی یەکێ بە تووندی قرتقرتۆکێ بگرێ و بیەوێ بخنکێ، وەکو خنە خن بکات وابوو، دیسان دەم و چاوی خوارو خێچ بوو، بە تەواوی وەک سەگەکانی (بۆڵدۆگ)ی لێهات!
ووتی:
تەڕ نابێ! مەحاڵە تەڕ ببێ....
مومتاز دووبارە نەڕاندی:
تەڕ دەبێ ....!
تەڕ نابێ.... !
تەڕ دەبێ.....!
تەڕ نابێ....!
تەڕ دەبێ....!
ڕاغب ڕووی کردە من و ووتی:
فەرموو سەیرکە؟ دەبینیت چۆن نکۆڵی لە هەقیقەت و ڕاستی یەکی ڕووناک دەکات؟ تکام وایە تۆ بفەرموو: ئەو عەرزە هەمووی بە یەک بوتڵ ئاو تەڕ دەبێت یان نا؟
نەخێر ... تەڕ نابێ ..!
ڕووی لە مومتاز کرد و ووتی:
ئیتر ناتوانم لەگەڵ تۆ کار بکەم... تکا دەکەم تەشریفت بڕۆیت.
ڕەنگ و ڕووخساری مومتاز دووبارە گەڕایەوە سەر هەمان مرۆڤی ڕووخۆش و ڕێک و پێک. ووتی
مەرحەمەتتان زیاد بێت.... زۆر سوپاس! ڕۆیشت.
ووتم:
داوای لێبووردن دەکەم... دەتوانن پێم بڵێن کاری من چی یە؟ لەوانەیە نەتوانم کاری کاک مومتاز بە چی بگەیەنم.
ووتی:
من پێویستم بە مرۆڤێکی مەنطیقی یە... مەنطیق لە پێش هەموو شتێکەوەیە، بفەرموو بۆ سەر کارەکەت: هەموو ئەو ژوورە بە یەک بوتڵە ئاو تەڕ دەبێت یان نابێ؟
ووتم: نەخێر.... تەڕ نابێ ... ووتی:
کاکە ئەوەی من دەمەوێت هەر ئەوەندەیە... مەنطیق!!!! من پێویستم بە مرۆڤێکی مەنطیقی یە لەسەرو هەموو شتێکەوە.... تکایە مێز و کەل و پەلەکانی مومتاز وەرگرە. ووتم:
بەسەرچاو.
چوومە لایەکی ژوورەکەوە، مومتاز بە دڵخۆشی یەکەوە جانتاکەی کۆکردەوە بڕوات. بەڕاستی ڕوویەکی میهرەبانی هەبوو، من تێ نەگەشتم بۆچی ئەو مرۆڤە ڕوو خۆشە لە چرکەیەکدا گۆڕاو بوو بە گورگێکی کێوی! ووتم:
کاک مومتاز زۆر بە داخم..! کە بە هۆی هاتنی من بۆ ئێرە تۆ بێ ئیش بوویت!
بە هەموو میهرەبانی و دڵخۆشی یەکەوە ووتی:
کاکە.... تۆ هەرگیز دڵگیر مەبە... تۆش نەبیت یەکێکی تر بۆ دوا جار دێت. ووتم:
ببورە... لەوەی خۆم تێ هەڵەقورتێنم!.... باشە تۆ دەتویست بڵێی تەڕ نابێ؟ چۆن دەبێ؟
ووتی:
ئێستا هەرچی یەکت پێ بڵێم بێ سوودە... وا باشترە خۆت لێی تێ بگەیت.. لەوانە نی یە بتوانم بۆت باس بکەم.... من پێنجهەمین کەسم کە لە ماوەی ساڵێکدا گۆڕیبێتمی، تەنها دوو مانگ و نیو تاقەتم هەبوو، بێ گوومان من دەزانم بێ کاری چ دەردێکی گرانە، وا تێنەگەی کە بمەوێ تۆ بترسێنم.... هەرگیز، خودا حافیز... خودا ئارامت بدات.
ووتم: بە سڵامەتی.
مومتاز شتەکانی کۆکردەوەو ڕۆیشت. من نەمدەزانی چی بکەم . چوومە پشت مێزەکەی دانیشتم.
دوای سەعاتێک قڕەو قاڵە بەرز بووەوە.
خزمەتکارەکە هات و ووتی؟
خاوەن کار بانگت ئەکات!
چووم، لە ژوورەکەی جگە لە خۆی سێ کەسی تریش لەوێ بوون، بە چاکی دەمزانی مەسەلە چی یە، بەڵام دیار بوو لەسەر موعامەلەیەک ڕێکنەدەکەوتن.
کاکە وادابنێ من بوتڵە ئاوێکم بەدەستەوەیە..... دەمەوێ بزانم: ئەم ژوورە هەمووی بە یەک بوتڵە ئاو تەڕ دەبێ یان نابێ؟ ... بەڵێ؟ ووتم:
نەخێر... تەڕ نابێ! ووتی:
بەڵێ ئاشکرایە... ئاشکرایە تەڕ نابێ... ئەوە هەقیقەتەو ڕاستی یەکە....
یەکێ لەو سێ کەسە ووتی؟
وەڵا ئەو مەوزوعە هیچ پەیوەندییەکی بە بوتڵە ئاو وتەڕ بوون وڕووی ژوورەکەوە نی یە... لە سەدا پێنج زیاترمان بۆ سەرف ناکەن!
خاوەن کارەکەم ووتی:
دەبێ پێش هەموو شتێک مەنطیق هەبێت.. کاکە بنچینەی هەموو شتێک مەنطیقە. ئەو ڕۆژە چوار جار ئامادە بوو، هەموو جارێ هەمان پرسیاری دووبارە دەکردەوەو ڕووی لە من دەکرد، منیش هەر دەمووت:
نەخێر... تەڕ نابێ...
ڕۆژی دواتریش هەر بەو جۆرە. تا هەفتەیەک هەموو کارەکەم هەر بەو جۆرە بوو. هەندێ ڕۆژ چوار پێنج جار و هەندێ ڕۆژیش پێنج شەش جار بانگی دەکردم. لەبەردەم ئەو کەسانەی بۆ محامەلە دەهاتن هەمان پرسیاری دووبارە دەکردەوە. من هەر دەمووت:
نەخێر... تەڕ نابێ...
ڕۆژی هەینی سەد لیرەم هەقی هەفتەیەک وەرگرت. خاوەن کارەکەم دوای ئەو تەمەنە پڕ ئەزموونەی گەیشتبووە ئەوەی (جێگەیەک بە سەتڵە ئاوێک تەڕ ببێت بە یەک بوتڵە ئاو تەڕ نابێ! جا بانگەشەی ئەوەی دەکرد نابێ ڕووی ژوورەکە هەمووی بە یەک بوتڵە ئاو تەڕ ببێ)
ئەو ڕستەیە، وەک ئەنجامێکی فەلسەفی و پەندی پێشینیانی باو و باپیران بووبێت، بوو بووە وێردی سەر زمانی کاک ڕاغب. ئیشی منیش تەنها لایەنگیری و پشتگیری کردنی ئەو فەلسەفەیە بوو.
پاش مانگێک لەبەر ئەوەی زۆر لە کارەکەم ڕازی بوو، هەقی هەفتانەکەمی زیاد کرد، بوو بە سەد و پەنجا لیرە. خاوەن کارەکەم منی زۆر خۆشدەویست و بۆ هەر کوێ ڕۆشتبایە منیشی لەگەڵ خۆی دەبرد، هەر کە موعامەلەیەکی دەکرد لە منی دەپرسی:
کاکە وا دابنێ بەندە بوتڵە ئاوێکم بە دەستەوەیە.... بفەرموو کە تەواوی ڕووی ئەم ژوورە بەم بوتڵە ئاوە تەڕ دەبێ؟
منیش یەکسەر وەڵامم دەدایەوە:
نەخێر... تەڕ نابێ ...!
ڕۆژی بیست بۆ سی جار دەمووت (تەڕ نابێ) بەڵام هەقی هەفتانە گەیشتە دووسەد لیرە، ئەوەندە پەیوەندیم لەگەڵ ڕاغب بەهێز بوو بوو بە زۆری لەگەڵ خۆی دەیبردمە ماڵەوە، تا کار گەیشتبووە ئەوەی تەنها لە شوێنی نووستن لێی جیا دەبوومەوە. ئەگەر لە ماڵەوە ژنەکەی شتێکی بوویستایە یان کوڕەکەی، یەکسەر دەیووت:
من لەو شتانە سەرم دەرناچێت... ٥٦ ساڵ لە عومرم بەسەرچوو. لە تەواوی ئەو عومرەم ساردی و گەرمیم چەشت، تاقی کردنەوەی ژیانیشم ئەوەیە (ئەم ژوورە هەمووی بە یەک بوتڵە ئاو تەڕ دەبێ یان نابێ؟) من ناونیشانەکەم لەبەر بوو پێش ئەوەی خاوەن کارەکەم قسەکەی تەواو بکات ئەمووت:
نەخێر.... تەڕ نابێ ...!
هەر کە من دەمووت تەڕ نابێ، نەخۆش کەوتبووم، ڕۆژێک لە سەودایەکدا حەوت و هەشتیان بوو، ڕاغب منی بانگ کرد، ووتی: کاکە بە یەک بوتڵە ئاو تەواوی ڕووی ئەم ژوورە تەڕ دەبێ یان نابێ؟... بەڵێ؟
هاوارم کرد:
بەڵێ .... تەڕ دەبێ ...؟!
چی...؟ خاوەن کارەکەم ووشک بوو، دیسان پرسی:
تەڕ دەبێ یان تەڕ نابێ؟
ئەو کاتە خۆی بە خاوەن هەق دەزانی، ناچار بوتڵە ئاوەکەی بە عەرزەکەدا ڕشت تەنانەت پێنج یەکی ڕووی ژوورەکەشی تەڕ نەکرد، ڕووی وەک ڕووی مومتاز لێهات، دەلەرزی، لە توڕەییدا وەک ئەو کەسانەی بخنکێن دەستی بە خنە خن کرد، بە هەمان دەنگ ووتی تەڕ دەبێ نابێ
تەڕ دەبێ!!!
تەڕ نابێ!!!
تەڕ دەبێ!!!
تەڕ نابێ!!!
تەڕ دەبێ!!!
تەڕ نابێ!!!
تا وای لێهات زۆر توڕە بووم و هاوارم کرد:
خەڵکینە تەڕ دەبێ! ...... تەڕ دەبێ! ..... زۆر چاک تەڕ دەبێ!!!! .....
ئەویش هاواری کرد:
یەڵا گۆڕ بە گۆڕ بیت....... چیتر نامەوێ بتبینم....... یەڵا بڕۆ.....
ڕێگام گرت و هێواش هێواش هاتمە دەرێ.
هەتا ساڵێک ڕووخساری خاوەن کارم لەبەرچاو لانەدەچوو، لە جادە، لە پاص دا، تەنانەت لە خەویشدا دەمگووت تەڕ دەبێ!
شکور دوای ئەوەندە جارەی ووتبووم (تەڕ نابێ !) ووتم (تەڕ دەبێ!)



"عەزیز نەسین"



Ben Shahn - بێن شان





نوسەر: سۆران --- کاتی بڵاوکردنەوە : 1/16/2013 --- هاوپۆل : کورتە چیرۆک --- فەرهەنگۆکی وشەکان

بەژداری بە بابەتەکە بکە

فەیسبووکتویتەرگۆگڵ پڵاس
≡ کۆمێنت بنوسە
0 لێدوانی بلۆگ